دانا شوانی ـ هەولێر
ئهرك کۆمەڵێک چالاکییە کە بە مەبەستی تێرکردنی پێویستییەک یان پێداویستییەکی سیستەمەکە ئەنجام دەدرێن. ئهركگهرایی یەکێکە لەو قوتابخانانەی کۆمەڵناسی کە باسی لەو تیۆریانە کردووە کە بواری چالاکییەکانیان لە پارادایمی پۆزهتیڤیستیدایه. ئەوەی لەم تیۆرانەدا گرنگ و سهرهكییه، گرنگیدان بە ڕێکخستن و سەقامگیری لە کۆمەڵگادا، کە زۆربەی تیۆریستەکانی ئهركگهرایی گرنگییان پێداوە، وەک دۆركایم کە لە توێژینهوهكانیدا ئایین بە یەکێک لەو دامەزراوانە کۆمەڵایەتیانە دەزانێت کە ئەرکەکەی یهكانگیریی، یەکگرتوویی و ڕێکخستنه. ئهنتۆنی گیدنز لە پێناسەی ئهركگهراییدا دەنووسێت ڕوانگەیەکی تیۆرییه لەسەر بنەمای ئەو هزرهى کە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانرێت بە باشترین شێوە ڕوون بکرێتەوە لە ڕووی ئەو ئەرکانەی کە ئەنجامی دەدەن، واتە ئەو بەشدارییەی کە دەیکەن لە بهردهوامی و مانەوەی کۆمەڵگادا.
ئهركگهرایی بە گشتی ڕهوتێكی جیاوازی هەیە و بۆ ئەوەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی تێبگات، نایەوێت سیستەمی کۆمەڵایەتی بشکێنێت و بۆ بچوکترین بەشەکانی كورتی بکاتەوە، بەڵکو بەدوای تێگەیشتن لە سروشتی تێکەڵاو و زیندوو و گونجاوی سیستەمێکی کۆمەڵایەتییدایه. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە یەکگرتوویییەک لە بەشەکاندا بناسرێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئهو بنەمایه، بەشەکان و کۆی یەکتر تێکەڵاو بن و ناسنامەیەک بەدەست بهێنرێت. بابەتی سەرەکی ئهركگهرایی، خودی مرۆڤەکان نیین. ئەو قسەیەی کە دەڵێت “ئەرکی تاك بریتییە لە ئەنجامدانی ئەرکێک” چەواشەکارییە بۆ پەیوەستکردنی ئەنجامدانی ئەرکێک بە کەسێکەوە. ئهركگهراكان باس لە ئەرکی ئەنجامدانی پیشهیهك دەکەن و پرسیار لەبارەی کاریگەری ئەنجامدانی ئەرک وەک جۆرێک لە کردەی کۆمەڵایەتی دەوروژێنن.
سەبارەت بە پاشخانی ئهركگهرایی، هەمووان کاری جەستە بە بناغەی ئهركگهرایی دەزانن، سەرەڕای ئەمەش سەبارەت بە پاشخانی ئهركگهرایی، پێویستە مرۆڤ ئاماژە بە ڕابردوو بکات، لەوانەش کتێبە پیرۆزەکانی هیندستانی کۆن. لەم کتێبانەدا باس لەوە کراوە کە چوار کاستی سەرەکی لە دەم و قۆڵ و ڕان و پێی “براهما” دروست بوون، بەجۆرێک هەر کاستێک هەر وەک ئەندامەکان، ئەرکی تایبەت و جیاوازی هەیە. هەروەها لە تیۆرییەکانی ئەفلاتوون تووشی شیکاری ئۆرگانیکی کۆمەڵگا و دەوڵەت و ئەرکی دابەشکردنی کارە کۆمەڵایەتییەکان وەک فاکتەری جەوهەری سیستەمی کۆمەڵایەتی دەبینین. هەروەها ئهرستۆ بە یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم هەڵوێستە دادەنرێت، ئهو ڕۆح بە چینی سەرەوە و جەستە بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا و چاودێریکردنی عەقڵ بەسەر هەست و سۆزدا بە زاڵبوونی ئاغاکان بەسەر کۆیلەکاندا چواندووە.
ئهركگهرایی سوودی لە بیری هەموو دامەزرێنەرانی بیری کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوا وەرگرتووە، بەڵام بە گوێرەی دیدی تێرنەر و ماریانسکی، سێ کۆمەڵناسی کۆن و دیار بە ناوەکانی ئۆگست کۆنت، هێربێرت سپێنسەر و ئهمیل دۆركایم، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئهركگهرایی هەبووە. ئهركگهرایی چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک: ئهرك، هاوسەنگی، ڕێکخستن، بنیاتنانەوە، پێویستی ئهركیی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، ئاستە بونیادییهكان، ژینگە، بەهاکان، چاودێریکردن، کۆنترۆڵکردن، یەکگرتوویی، گونجاندن، پەیوەندییە سایبێرنێتیکییەکانی سیستەمەکان، تایبەتمەندی و هتد لەخۆدەگرێت.
سهبارهت به جۆرەکانی ئهركگهرایی ئەبراهامسۆن پێیوایه سێ جۆری سهرهكی ههیه ئهوانیش بریتیین له:
یهكهم: ئهركگهراییی تاکگەراییانه؛ کە تایبەتە بە پێداویستییەکانی ئەکتەرەکان و جۆرەکانی بونیادهكان کە لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەم پێداویستیانەدا دێنە ئاراوە.
2. ئهركگهراییی فیمابینی؛ کە جەخت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو فشارانەی کە لەم پەیوەندییانەدا هەن، دهكاتهوه.
3. ئهركگهرایی کۆمەڵایەتی؛ کە لەم تیۆرەدا، بە ڕهوتی باڵادەست دادەنرێت و گرنگی بە بونیاده کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا و پەیوەندییە ناوخۆییەکانیان و کاریگەرییە بەستراوەکانیان لەسەر ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دەدات.
وێڕای ئهوهش، دهتوانین بڵێین كه لە شیکاری ئهركگهراییدا (بەتایبەت لە شیکاری دامەزراوەکاندا) پێویستە گرنگی بە چەندین ئاستی شیکاری ئهركگهرایی بدرێت. شیکاری ئهركیی لە نزمترین ئاستدا مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵی تاک دەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەرکی ئەو ڕۆڵانەی مرۆڤ دەیگێڕن چییە؟ لە ئاستێکی باڵاتردا پرسیارهكه ئەوەیە کە ئەرکی دامەزراوەیەک لە کۆمەڵگادا چییە؟ پرسیاری یەکەم سەبارەت بە کاریگەریی ڕۆڵێکە لەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی بیناكراو؛ و لە پرسیاری دووەمدا باس لە کاریگەری دامەزراوەیەک دەکات لەسەر ژینگەی دامەزراوەیی بیناكراو. هەرچەندە دەتوانرێت وەڵامێکی ئهركیی بدرێتەوە بۆ هەردوو پرسیارەکە، بەڵام سروشتی ئەوان تەواو جیاوازە. لە پرسیاری یەکەمدا ڕۆڵ (بەتەواوی ڕۆڵ نهك بكهر) و لە ئاستی دووەمدا باس لە دامەزراوەکە دەکرێت. ڕەنگە دامەزراوەیەک وەک تێکەڵەیەک لە چالاکییەکانی ڕۆڵی تاکەکەسی دەربکەوێت، بەڵام لە ئاستی دامەزراوەیی شیکاریدا، ئەوە کاریگەریی بەکۆمەڵیی هەموو ئەم كرده تاکەکەسیانەیە کە جێگەی سەرنجە. لە ئاستێکی لەو جۆرەدا، ڕەفتاری تاکەکان پشتگوێ دەخرێت، لە کاتێکدا ڕەفتاری تەواوی دامهزراوهكه بە وردی دەکۆڵرێتەوە. ههروهها سهبارهت به تیۆرڤانانی ئهركگهرایی دهتوانین تاڕادهیهك هەموو دامەزرێنەرانی بیری ڕۆژئاوایی بە پێشینەی مێژوویی ئهركگهرایی هەژمار بکرێت. لە گرنگترین ئهركگهراكان دەتوانین ئاماژە بە کۆنت، دۆركایم، سپێنسەر و هتد بکەین.
– (ئاگۆست کۆنت: ١٨٥٧-١٧٩٨)؛ بە کەڵک وەرگرتن لە وشەی پۆزەتیڤیزم، پێیوایە کە هەموو زانین و زانستەکانی مرۆڤ وردە وردە گەشەیان کردووە و کامڵبوون و گەیشتوونەتە لوتکەیان کە ئەویش پۆزەتیڤیزمە. میتۆدەکانی زانستە سروشتییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. بە بڕوای ئەو، زانستە مرۆییەکان دەبێ بەتەواوی ئەو کارە بکەن کە زانستە سروشتییەکان کردوویانە.
– (هێربێرت سپێنسەر: ١٨٢٠-١٩٠٣)؛ یەکەم تیۆریسته کە زاراوەی بایۆلۆجی لە کۆمەڵناسیدا بەکارهێنا بەبێ ئەوەی کۆمەڵگا بە هەمان جەستەی مرۆڤ بزانێت و بڕیاریدا بیسەلمێنێت کە کۆمەڵگا “جەستەیەکە” بەپێی سیستەمێکی دیاریکراو، بەڵام کۆمەڵگای وەک ئۆرگانێکی دەرەوەی تاک نەدەزانی و باوەڕی بە جیاوازییە گرنگەکانی نێوان ئۆرگانی بایۆلۆژی و “ئۆرگانی کۆمەڵایەتی” هەبوو.
– (ئیمیل دۆركایم: ١٨٥٨-١٩١٧)؛ دهتوانم بڵێم دامەزرێنەری ئهركگهرایی سەردەمی نوێیه. بە بۆچوونی ئەو، سپێنسەر لە ژێر کاریگەری بایۆلۆجیدایە. خۆی لەم وشانە ڕزگار کرد و وشەی کۆمەڵایەتی وەک پێویستی ئهركی، هۆکارگەرایی، نۆرم و هتد بەکارهێنا. دۆركایم ئاگاداری مەترسییەکانی گەیشتن بەو ئەنجامە بوو کە هەموو سیستەمەکان ئامانجێکیان هەیە.
– (تالکۆت پارسۆنز: ١٩٠٢-١٩٧٩)؛ پارسۆنز لە کارە زانستییەکانیدا زیاتر گرنگی بە شیکاری سیستەمی کۆمەڵایەتی دەدا و زیاتر گرنگی بە توخمە بونیادییهكان دەدا. جگە لە گرنگیدان بە تێکەڵبوونی ڕۆڵ و پێگە، گرنگی بە توخمە فراوانەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتیش دەدا، وەک دیاردەی بهكۆمهڵ و نۆرم و بەهاكان. پارسۆنز لە شیکردنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا نەک هەر بونیادگهرا بەڵکو ئهركگهراش بوو. ئەو هەندێک لە پێشمەرجە ئهركییهكانی سیستەمی کۆمەڵایەتی دیاری کرد. ههر بۆیه لهم بارهیهوه چهند بنهڕهتێكی گرنگی داڕشت كه ئهمانهن: یەکەم: پێویستە هەموو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە بتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ سیستەمەکانی دیکەدا کار بکات. دووەم: هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت، دەبێت پشتیوانی پێویستی سیستەمەکانی دیکەی هەبێت. سێیەم: هەموو سیستەمێک دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو پێداویستییە گرنگەکانی ئەکتەرەکان دابین بکات. چوارەم: سیستەمێک دەبێت هاندەری بەشداری ئەندامەکانی بێت. پێنجەم: سیستەمێک لانیکەم پێویستە چاودێری ڕەفتاری زیانبەخشی ئەندامەکانی بکات. شەشەم: ئەگەر ململانێکان بە ڕادەی پێویست وێرانکەر بوون، بیانخەنە ژێر چاودێری.
لە کۆتاییدا، سیستەمێکی کۆمەڵایەتی پێویستی بە زمانێک هەیە بۆ مانەوەی.
پارسۆنز پێیوایە کە چوار ئەرک بۆ هەموو سیستەمەکان پێویستە، کە هەر سیستەمێک دەبێت ئەم چوار ئەرکە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بهردهوام بێت ئهوانیش:
1) گونجاندن (Adaptation)؛ واتە پێویستی گونجاندنی هەر سیستەمێک لەگەڵ ژینگەی سروشتی و دەرەکی خۆیدا.
2) گەیشتن بە ئامانج؛ (Goal Attainment) بە واتای بەکارهێنانی سیاسی سەرچاوەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریکراو.
3) یەکگرتن؛ (Integration) واتە بەدیهێنانی ڕێسا و بڕیاری یاسایی و شەرعی یان نۆرمی بۆ بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی تەواوی سیستەمەکە.
4) پاراستنی شێوازی شاراوە؛ (Latent Pattern Maintenance) پەیوەندی بە گۆڕینی بەها کەسییەکان و گۆڕینی بۆ بەها تاكهكهسییهكانهوه هەیە، کە دەبنە بەشێک لە شێوازە بەها باو و جێگیرەکانی سیستەمێکی دیاریکراو.
لە نێو تیۆرییە بەناوبانگەکانی پارسۆنزدا دەتوانین ئاماژە بە بنیاتنانی كردهى کۆمەڵایەتی، گۆڕاوە مۆدێلەکان، سیستەمی کارایی، پەیوەندییە سایبێرنێتیکییەکان، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و هتد بکەین.
– (ڕۆبێرت مێرتۆن: ١٩١٠-٢٠٠٣)؛ مێرتۆن ئەو کەسەیە کە تاکە لێدوانی گرنگی لەبارەی ئهركگهرایی بونیادی لە کۆمەڵناسیدا نووسیوە، کە بریتییە لە “ڕێساكانى شیکاری ئهركی لە کۆمەڵناسیدا”. مێرتۆن لە شیکاری ئهركییدا باوەڕی بە سێ بنەمای دیاریکراو و بنەڕەتی هەبوو: 1) بنەمای یەکێتی ئهركیی کۆمەڵگا؛ ئەم پرەنسیپە لەسەر ئەوە دامەزراوە کە نۆرم و باوەڕە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان لایەنێکی ئهركیی بۆ هەموو کۆمەڵگا و هەروەها تاکەکانیشی هەیە. 2) گشتگیری؛ بەپێی ئەم بنەمایە دەگوترێ کە هەموو فۆرمە کولتووری و کۆمەڵایەتییهكان ئەرک و بونیادی ئەرێنییان هەیە. 3) حەتمیبوونی ئەرکەکان؛ باس لەوە دەکرێت کە هەموو لایەنە پێوهرییهكانی کۆمەڵگا نەک هەر ئەرکی ئەرێنییان هەیە، بەڵکو بەشێکی حەتمی لە ئهركی گشتی کۆمەڵگاش نیشان دەدەن و هەموو بونیاد و ئەرکەکان لە ڕووی ئهركییهوه پێویستن بۆ کۆمەڵگا و هیچ بونیادێكی ئهركیی تر نادۆزرێتەوە کە بە باشی کار بکات وەک ئەرکە هاوبەشەکانی کۆمەڵگا.