شەڕ لە ئەدەبیاتدا

بەشی دووەم و كۆتایی

لەم ڕۆمانەدا دیمەن و وێنایەكی ڕیالیستی و سەرزەنشتكارانە لە جەنگ دەكێشرێت. باس لە ئەزموونەكانی لەشكرێك سەربازی فەرەنسی لە جەنگ دەكات كە تووشی ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆری جەستەیی دەبنەوە، ڕقیان لە ئەفسەر و فەرماندەكانی خۆیانە، لەنێو خۆشیاندا شەڕ و ناكۆكییان هەیە و لە كەشێكی پڕ لە ناشیرینی، ترس و تۆقین و سووكایەتی دەژین.

باربووسە كە ئەم چیرۆكەی لە یادداشتەكانی ڕۆژانەی خۆی لە نێو سەنگەری شەڕ هەڵێنجاوە، باسی ئیحساساتی خۆی وەك سەربازێكی ئاسایی دەكات، بەڵام دۆزەخی ئەو حەقیقەتی هەیە، ڕاستییەك كە زۆرجاران گەورەترە لەوەی بتوانرێت بە زەین و دڵی شاعیرێك بەیان بكرێت. بە بڕوای باربووسە، “جەنگ نە تەنیا شەڕەنگێزانە و كارەساتبارە، بەڵكو گەورەترین هەڵەیە كە مرۆڤێك دەتوانێت دژی مرۆڤێكی دیكە ئەنجامی بدات.”

(بیرەوەرییەكانی ئەفسەرێكی پیادە ـ Memoirs of an Infantry Officer)ی (سیگفڕێد لۆرین ساسۆن ـ Siegfried Loraine Sassoon)ـی نووسەری ئینگلیزی (لەدایكبووی 1886) كە ڕۆمانێكی مێژووییە، باس لەوە دەكات جەنگ ڕووداوێكی تەواو كەسی و تا ڕادەیەكیش بەتاڵە لە واتا و ستراتیژی.
ڕۆمانی (ساتێك بۆ خۆشەویستی و ساتێك بۆ مەرگ ـ A Time to Love and a Time to Die)، بەرهەمێكی دیكەی (ڕێمارك)ـە كە تێیدا باس لە ئێرنست گرابێری سەربازێكی گەنجی ئەڵمانی دەكات كە لە زەلكاوی مەرگدا دەجەنگێت. دواتر كە دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی، ماڵەكەی وێران بووە، بەڵام دیسان واتایەك بۆ ژیان لە خەیاڵیدا بنیات دەنێت و تووشی كچێكی گەنج دەبێت كە ئەویش تامی تاڵ و سووتێنەری جەنگی چێشتووە و بێ ماڵ و حاڵ كەوتووە. لەبەر ئەوە خۆشی دەوێت و پێكەوە ژیان بەسەر دەبەن. ڕێمارك جارێكی دیكە لەم ڕۆمانەدا باس لە تۆقین، بەڵا و ئازارەكانی جەنگ و هەروەها بێ ئامانجیی شەڕ دەكات.
ڕۆمانی (لە سەرووی هەمووان ـ This Above All) لە نووسینی (ئێریك نایت ـ Eric Knight)ـی نووسەری ئینگلیزی ـ ئەمریكی (1897-1943) كە خۆی لە ڕووداوێكی فڕۆكەوانی جەنگیدا كوژرا، ململانێی نێوان كچێك و پیاوێك وێنا دەكات. ژنە چێژ لە ڕاو و یاری كریكێت لە بەریتانیا وەردەگرێت، بەڵام پیاوەكە كە كۆڵانە پیس و كانە خەڵووز و برسیەتییەكانی سەرچاوەگرتوو لە هەژاریی بەریتانیا چاك دەناسێت، بۆیە ڕقی لێ دەبێتەوە. نووسەر لەم بەرهەمەدا هەوڵ دەدات بڵێت “جەنگ لە ڕوانگەی كەسێكەوە هەمان واتای هەیە كە سەربازێك وێنای دەكات”.
ماڵئاوایی لە چەك)ـی ئێرنست هەمینگوای باس لە فریدریك هێنری ـ شۆفێرێكی ئەمبوڵانسی ئەمریكی و كاترین باركلی ـ پەرستارێكی بەریتانی دەكات كە یەكتریان خۆش دەوێت و چیرۆكەكە لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەم لە ئیتالیا ڕوودەدات. كاترین منداڵێكی لە زگدایە. هێنری ڕادەكات و دەگاتە كاترین و پێكەوە دەچن بۆ سویسرا. كاترین لە كاتی منداڵبووندا گیان لەدەست دەدات. ئەم بەرهەمە یەكێكە لە باشترین ڕۆمانەكان كە كارەسات و وێرانكاریی جەنگی جیهانی یەكەمی وێنا كردووە.
لە ڕۆمانی (زەنگەكان بۆ كێ لێدەدرێن؟)ـی هەمینگوای، ڕۆبێرت جۆردنی ئەمریكی لە تیمی نێونەتەوەیی بە هەوا و خۆشیی نیشتمانپەروەرانی ئیسپانیا دەجەنگێت. ئەو عاشقی ئیسپانیا و ئازادییە. لە ماوەی چوار ڕۆژ، خۆی ئامادە دەكات تا پردێكی نزیك (سگۆڤیا ـ Segovia)ی ئیسپانیا بتەقێنێتەوە كە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە. جۆردن ئەركەكەی بە سەركەوتووییەوە ئەنجام دەدات، بەڵام لە كۆتاییدا دەردەكەوێت ئامانجی سەرەكی نەپێكاوە. هەمینگوای لەم بەرهەمەیدا دەیهەوێت بڵێت “ئازادی هەموو خەڵكی جیهان یەك دەخات و بە یەكەوە گرێیان دەدات”.

پەراوێز:
* گۆرانی ڕۆلاند، گۆرانییەکی سەدەی یازدەهەمە کە لەسەر بنەمای ڕەفتاریی سەرکردەی سەربازی فرانک ڕۆلاند لە شەڕی دەروازەی ڕۆنسڤۆکس لە ساڵی 778ی زایینی، لە سەردەمی ئیمپراتۆر شارلمانگ نووسراوە. کۆنترین بەرهەمی سەرەکی ئەدەبی فەرەنسییە کە تا ئێستا مابێتەوە.
** دەكرێت بگوترێت، گەورەترین شاعیری ئیتاڵی دوای دانتێ، تۆرکواتۆ تاسۆ لە ساڵی 1544 لە شاری سۆرینتۆ لەدایک بووە و لە ساڵی 1595 لە ڕۆما کۆچی دوایی کردووە و شاعیری دەربار بووە.
** شەڕی فرانکۆ ـ پرێس یا هەمان شەڕی فەرەنسا و پڕۆس، لە ساڵی (1870 ـ 1871) لە نێوان ئیمپراتۆریەتی دووەمی فەرەنسا بە سەرۆكایەتی ناپلیۆنی سێیەم لە لایەك و پاشایەتی پرۆس بە سەرۆكایەتیی بیسمارك لە لایەكی دیكە ڕووی دا.