ئیدارەی نوێی ئەمەریکا چیتر پاسپۆرت و ناسنامە ناداتە ئەو کەسانەی کە ڕەگەزیان گۆڕیوە یان خۆیان یەکلا نەکردووتەوە.
ڕۆژنامەی (NBC) نیوز، بڵاوی کردووتەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەزارەتەکەی ڕاسپاردووە، ڕاییکردنی پاسپۆرتی هەموو ئەوانە ڕابگرێت کە ڕەگەزیان گۆڕیوە، یان دیارییان نەکردووە.
بە گوێرەی ڕۆژنامە ئەمەریکیەکە، هەر تەنیا پاسپۆرت نە، بەڵکوو هەموو دۆکیۆمێنتە کەسییەکانی دیکە، تەنیا دەبێت ڕەگەزەکانی نێر و مێ لە خۆ بگرێت، بەمەش ڕێکارەکانی ئیدارەی نوێ ئەمەریکا گۆڕینی ڕەگەز و یەکلایی نەکردنەوەی ڕەگەز، بە هەمووشێوەیەک ڕەت دەکاتەوە, مامەڵەکانی ڕادەگرێت.
هەروەها ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە “وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا لێدوانی لەبارەی ئەو پاسپۆرتانە بڵاو نەکردووتەوە کە خاوەنەکانیان ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە, ئایا پاسەپۆرتەکەیان کارا دەبێت، دەتوانن گەشتی پێ بکەن یان نا؟”
بە گوێرەری ڕۆژنامەی(NBC) نیوز، بڕیارەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای دەست بەکاربوونی دەرکراوە، هاوکات ترەمپ لە گوتاری ڕێورسمی دەستبەکاربوونی گوتبووی: “ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە فەرمی تەنها دوو ڕەگەز دەناسێت ئەوانیش نێر و مێن.”
هەروەها ترەمپ بڕیاری دا هەموو پشتگیرییە داراییەکان بۆ گرووپەکانی هاوڕەگەز خوازان و LGBTQ ڕابگرێت.