وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جاری یەکەم لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی قسەی کرد

یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتا تورکییەکەی کرا و هەردوولا ئاییندەی پەیوەندییەکانیان خستە بەرباس. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-01-2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا ڕژدیی خۆیان لە “برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لەسەر بنەمای ڕێز و متمانەی دوولایەنە” داوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، پرسە ناوچەییەکان لە سەرووی هەمووانەوە دۆخی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان هەردوو وەزیردا تاوتوێ کراوە.

پەیوەندییە دووقۆڵییەکە دوای ئەوە دێت، وەزیرە نوێیەکەی ئەمەریکا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دووپات کردەوە.