فازڵ میرانی پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد

ئەمڕۆ، یەکشەممە ١٦/١/٢٠٢٢، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازیی لە مەسعود تەک، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنەکەدا وێڕای بەگەرمی بەخێرھێنانی شاندی میوان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی پێشکەش کرد و ڕەوشی ناوچەکەی بە ناسەقامگیر وەسف کرد لە بواری ئابووری و سیاسی و ئەمنیدا.

لەم دیدارەدا فازڵ میرانی تیشکی خستە سەر ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ڕۆڵی کورد و کوردستان لە پێکھێنانی ئەو حکومەتە و دووپاتی کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو ھەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لەم کابینەیەدا بەرجەستە بکرێت و ھەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە نەباشە دەرباز بکات و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ لە یەکتر نزیکبوونەوەی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ.

سەبارەت بە دۆزی گەلی کورد لە کوردستانی تورکیا، میرانی تەئکیدی کرد کە دەبێت بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتیانە ئەم دۆزە چارەسەر بکرێت، نابێت دۆزی گەلی کورد بە لوولەی تفەنگەوە ببەسترێتەوە. ھەروەھا میرانی ئاستی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ پارتی سۆسیالیستی کوردستانی بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسف کرد.

مەسعود تەک، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستانیش سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتیی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پێشوازیکردنیان و ڕەوش و پێشھاتە تازەکانی تورکیای خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە لە تورکیا ڕەوشی ئابووری خراپە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە پارتە کوردییەکان ھەر ئێستا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیا و ھیوای خواست کە لایەنە سیاسییەکان و گەلی کورد لە تورکیا یەکدەنگ بن لەم ھەڵبژاردنەدا.

ھەواڵی زیاتر