پینجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای ئاگرکەوتنەوە لە باشووری لۆس ئنجلس، ئەمجارە باکووری شارە ئاگری گرتووە و مەترسی خستووەتە سەر ژیانی 60 هەزار کەس.
بەرپرسانی لۆس ئەنجلس ڕایانگەیاند، ئاگرێک لە نزیک دەریاچەی کاستایک لە باکووری لۆس ئەنجلس کەوتووەتەوە، بەهۆی بەهێزی با، ئاگرەکە بە خێرای تەشەنەی کردووە، نزیکەی 38 کیلۆمەتەر دووجای ڕووبەری ناوچەکەی سووتاندووە و بەهۆیەوە 31 هەزار کەس ئاوارەبوون.
ئەنتۆنی مارۆن، بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەی لۆس ئەنجلس گوتی: زیاتر لە چوار هەزار ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی ناوچەی هیوز دەدەن، کە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 14% کۆنترۆڵ کراوە.
ڕۆبەرت لونا، پۆلیسی لۆس ئەنجلس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی مەترسی ئاگرەکەوە، هۆشداریان داوەتە نزیکەی 29 هەزار دانیشتووان کە لە ئاگرەکەوە نزیکن.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆرە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە دووکەڵی چڕ باکووری لۆس ئەنجلسی گرتووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکداییە، هێشتا تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی باشووری کالیفۆرنیا دەدەن، کە لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025 دەستی پێ کردووە و بەهۆیەوە نزیکەی 200 ملیار دۆلار زیانی هەبووە، هەروەها پێنج هەزار خانوو سووتاون، کە زۆربەیان خانووی گرانبەها بوون، هەروەها هەزاران کەس ئاوارە بوون و 24 کەسیش گیانیان سپاردووە.