دواجار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زۆرینی دەنگ بڕیاریدا بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە و بڕیارەکەش دڵخۆشی کوردستانیان و جووتیارانی کەرکووکی لێکەوتەوە کە ٥٠ ساڵ بێ بەشکرابوون لە خاوەندارێتی زەوییەکانیان.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاگهیهنراوێكی بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژهی بهوه كردووه، ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشیی نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغدا.
دەستەکە ئاماژە بەوەش دەکات؛ به ههڵوهشاندنهوهی بڕیارهكانی ڕژێمی بهعس ئامانجێكی گهوره بهدیهات، هاوكات گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قووڵتر دهكاتهوه و ڕووبەری متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات.
هەر لەو بارەیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای 50 ساڵ لەداگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.
وتیشی : گەڕاندنەوەی زەوی داگیرکراوی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێکی گەورەی پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە دا.
ئەوەشی خستەڕوو :سەرخستن و دەنگدان بەم پڕۆژەیاسایە بە شەونخوونی و یەکدەنگیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە و گرنگە ئەو یەکڕیزییە بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان بەردەوام بێت.
ئێستا ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مشتومڕی لەسەر بێت، هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025 ە، فراکسیۆنە کوردستانیەکان چاویان لەوەیە شایستەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا جێگیر بکرێت و لەو بارەیەوە د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای دانیشتنی ڕۆژی 3 شەممەی پەرلەمان، ڕایگەیاند : ڕێککەوتنێکی سیاسی کرابوو لەبارەی هەموارەکە، بەڵام هەندێک دەستکاری پرۆژەی هەموارەکە کرا، کە ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە، بەڵکو ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە هاوڕایان کە ئەم پڕۆژەیە چۆن لە لایەن حکوومەتەوە هاتووە با بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت.