پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی

بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتی و ھەڤاڵانی ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و كارمەندانی كوردستان تیڤی..

لە (٢٣)هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی ئازیزی كەناڵەكەتان دەكەین و، بۆ ساڵی داهاتوو ئومێدمان پێشكەوتنی زیاترتانە لە پلان و كار و بەرنامەكانتان.

كەناڵی ئاسمانی كوردستان، کە بەر لە (٢٣)ساڵ بە سەرپەرشتی و رێنوێنی جەنابی سەرۆك بارزانی وەکو یەکەمین کەناڵی ئاسمانی لە ھەرێمی کوردستان دامەزرا، وێستگەیەكی نوێی دیاری لە بواری كاری میدیایی هێنایە ئاراوە و بە پلان و پرۆژەیەكی پێشكەوتووی زانستی و تەكینیكیەوە دەستی بە پەخش كرد و مایەی خۆشحاڵیشە، كە ئەمڕۆ خاوەن پەیامێكی رەسەن و راستگۆیانەیە و پێگەی شیاوی خۆی لەو بوارەدا گرتووە.
دامەزراندنی کەناڵی كوردستان تیڤی وەك كەناڵێكی ئاسمانی هەنگاو و دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ و بەسوود بوو بۆ سەرجەم هاونیشتیمانیان و خزمەتگەیاندن بەخواست و ویستیان و پەرەپێدانی زیاتر بە بواری كولتووری و رۆشنبیری و زمانەوانی و میدیایی.
لەم یادەدا جارێكی دیكە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ كەناڵی ئاسمانی كوردستان(Ktv) دووپات دەكەینەوە و ھیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
هەر سەركەوتوو بن..

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر