زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، ھێشتا حزب و لایەنەکانی کوردستان ڕێکنەکەوتوونە، کوردستانییان داوا دەکەن ھەرچی زووە حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو پێکبھێنرێت، چونکە چەند دوا بکەوێت کاریگەرییەکانی لەسەر ھەرێم زیاتر دەبن. بەرپرسی لقی چواری پارتی، ئاشکرای کرد، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکوومەت ھاتووەتە ئاراوە، بەمزووانە ھەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین.
پێکھاتە و ھاووڵاتییان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، ھەوڵ بدەن لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت پێکبھێنن، چونکە زۆر کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون، بە پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو زۆربەی کێشە و گرفتەکان چارە دەبن، بۆیە داوا دەکەین لایەنەکان ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ھەرچی زووە حکوومەت پێکبھێنن.
دوێنێ ھەردوو شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ھەولێر کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی پێکھێنانی حکوومەت کرا، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چاوەڕێ دەکرێت ڕەشنووسی بەرنامەی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ، ئامادە بکرێت.
نزیکەی ١٥ خاڵ ئامادە کراوە کە خۆی لە شەش بڕگەی جیاواز دەبینێتەوە لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ھەروەھا پرسی کۆکردنەوە و دابەشکردنی داھات بەسەر پارێزگاکاندا، لەگەڵ پرسی بەشدارییەکی کارا و ھەڵگرتنی بەرپرسیارەتی لەکاتی دروستبوونی کێشە و قەیران لەبەردەم حکوومەتدا. شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ھەموو ئەو بابەتانە گفتوگۆیان کردووە، لە ھەندێک خاڵدا ھەردوولا ھاوڕا بوون، بەڵام لەسەر ھەندێکیان کە پێی دەگوترێت خاڵی سوور، تا ئێستا گفتوگۆکان ماون و ھەردوولا بۆچوونی خۆیان لەنێو ڕەشنووسەکەدا نووسیووە.
پێکھێنانی حکوومەت بۆ دەستخستنی مافی ھاووڵاتییانی ھەرێم لە حکوومەتی عێراق گرنگ دەبینن، ھەر ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتییان داوا بکەن ھەرچی زووە حکوومەت پێکبھێنرێت، دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت کاریگەری لەسەر ھەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ ھەیە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە زۆر کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنە، وەکو دەبینین بەغدا شایستەداراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکات.
لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ کرا، پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتیش ٢٣ کورسی بەدەستھێنا.
لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە دروشمەکانی خۆی ئەویش ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە. پارتی ھیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام وەکو سەرۆک بارزانی، دەڵێت، یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە داواکاری پارتییە، بۆ پارتی زۆر گرنگە و پێداگری لەسەر ئەم پایە گرینگانە بۆ ئەوەیە ھیچ کەس لە ھەرێمی کوردستان لەسەرووی یاسا نەبێت و پێویستە ھەموو لایەک پێملی ئۆتۆریتەی سیاسی و یاسایی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بێت، تاوەکو حکوومەتی داھاتوو بەبێ جیاوازی بتوانێت خزمەتی ھەموو ناوچەکان بکات و ڕێ لە ھەر دیاردەیەک کە زیان بە پرێستیجی ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت بگرێت. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، کوردستانیان لە ڕۆژی ٢٠ـی ئۆکتۆبەردا بە دەنگدانیان بە پارتی، ئەو حزبەیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە بەھێزی ھێشتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە حزبەکان حکوومەتێک پێکبھێنن بە ھێزەوە کارەکانی بکات لە بووژانەوەی ئابووری و گفتوگۆی جیددی لەگەڵ بەغدا و بەھێزکردنی دیپلۆماسیەتی ھەرێمەکەمان لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا.
چاودێران، ئاماژەیان بەوەشکرد، تاکو ئەو زەختەی لەسەر ھەرێم ھەیە سووک بکەین، لە ھەمان کاتدا زۆر کێشە و گرفت ھەنە، ئەوەش پێویستی بە پەرلەمان ھەیە، بۆیە داوا دەکەین حزبە سەرکەوتووەکان بگەنە ڕێککەوتن و گوێ لە ھیچ لایەنێک نەگرن کە کاریگەری لەسەر ئەوان ھەبێت، تاکو ئەو پرۆسەیە بکەوێتە سەر سکەی خۆی و خزمەتی کوردستانیان بکرێت، تاکو لە نەخۆشی و کێشەکان دوور بکەونەوە.
سیامەند نوری، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زۆر پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی کابینەی دەیەم پێکبھێنرێت، پارتی ھیچ کات خۆی لە خەڵکی کوردستان جیا نەکردووتەوە، لە داھاتووشدا ھەر لەگەڵ خەڵک دەبێت، بەرنامە و کاری خۆی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی داھاتوو دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ھەموو توانایەکیش کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە دەکات کە پێویستن بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دەستوور، دانانی دەستوورێک بۆ ھەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی فڕاکسیۆنی پارتی لە خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، چونکە بە ھەبوونی دەستوورێکی سەردەمیانە، دەتوانن زیاتر کێشەکان چارەسەر بکەن و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن.
ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکوومەت ھاتووەتە ئاراوە، بەمزووانە ھەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئاشکرای کرد: بوونی پێکھاتەکان گرنگە و حکوومەتی ھەرێمیش لە ماوەکانی ڕابردوودا بێ جیاوازی پشتیوانیی لە پێکھاتەکان کردووە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی شوباتی ئەمساڵ کابینەی دەیەمی حکوومەت پێکبھێنرێت.