وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کاردەکات بۆ ئامادەکردن و نوسینەوەى پرۆژەى رەشنووسى سەربەخۆى زانستى، کارگێڕى و داراییی زانکۆکانى کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەى تایبەت بە ئامادەکردن و نووسینەوەى ڕەشنووسی پرۆژەى سەربەخۆى (زانستى، کارگێڕى، دارایی) زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی كۆبوونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەکان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى، بەدیدێکى نوێ و پرۆژەى تازە بەردەوامى دەدەین بە سەربەخۆیى زانستى و دارایى و کارگێڕى زانکۆکان، بۆ ئەمەش وەزارەت هاوکار و هەماهەنگى زانکۆکان دەبێت بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژەکە و داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنى.
گوتیشی: دەبێت زانکۆکان هاوکاربن بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکە و دواتریش پێکەوە کار بکەین بۆ دروستکردنى زەمینەى جێبەجێکردنى لەگەڵ هاوبەشەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و دواتریش کار بۆ ڕێکخستنەوە و هەموارکردنەوەى سەرجەم ئەو یاسا و ڕێنماییانە بکەین کە پانتایی سەربەخۆىى زانکۆکانى کوردستان فراوانتر دەکات.
هەر لەکۆبونەوەکەدا ئەندامانی لێژنە دید و بۆچوونى تایبەتى خۆیان لەبارەى نووسینەوەى ڕەشنووسی پرۆژەى سەربەخۆى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خستەڕوو، لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا بڕیاری پێویست لەبارەی نەخشەڕێگەی کارەکانی لێژنەکە و هەنگاوەکانی ئایندە درا.