سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيى له‌ كونسوڵى گشتيى نوێى ئيتاڵيا كرد

به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/1/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز تۆماسۆ سانسۆنێ، كونسوڵى گشتيى نوێى ئيتاڵيا له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى به‌خێرهێنان، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى نوێى ئيتاڵيا، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌و به‌ هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان بدات.

گرنگترين بواره‌كانى په‌يوه‌نديى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.