رۆژنامەی ھەولێر

كارەبای کووبا پەكی كەوت و قەیرانی دارایی سەختە

كارزان گلی – هه‌ولێر

كارەبای نیشتمانی لە کووبا پەكی كەوتووە، لە ٢٤ سەعات تەنیا پێنج بۆ شەش سەعات كارەبا هەیە، دوای پچڕانی كارەباش، دۆناڵد ترەمپ گوتی، گۆڕینی سیستەمی کووبا تەنیا لەسەر كات وەستاوە، گەمارۆیەكی سەختی ئابووریشی خستووەتە سەر کووبا.

رۆژی پێنجشەممە، كاتێك ترەمپ پێشوازی لە یاریزانانی ئینتەر میامی كرد لە كۆشكی سپی و وتارێكی پێشكەش كرد، لە وتارەكەدا رووی كردە سەرۆكی یانەكە كە بە ڕەگەز خەڵكی کووبایە پێی گوت: ”كەمی ماوە پیرۆزبایی لە سەركەوتنی رووخانی کووبا بكەیت، چەند بەرپرسێكی کووبا پێیان گوتووین دەمانەوێت رێككەوتن بكەین و زۆریش ئەوەیان دەوێت.“ سەرۆكی یانەكەش بە ناوی مای لە وەڵامدا خۆشحاڵیی دەربڕی و گوتی، رۆژێكی زۆر خۆش دەبێت.
رۆژێك دوای ئەو كۆبوونەوەیە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا ترەمپ ئاماژەی دا، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا کووبا دەكەوێت.
باسی لەوەش كرد، لەگەڵ چەند بەرپرسێكی کووبا خەریكی دانوستانن و بۆ ئەمەشیان وەزیری دەرەوە دەنێرێتە کووبا، بەڵام روون نییە ئەنجامی كۆبوونەوەكە چۆن دەبێت.
زیاتر گوتی: ”لەم كاتەدا ئەوەی زۆر تیشكی دەخەینە سەر ئێرانە، بەڵام كاتمان زۆرە و کووبا دوای ٥٠ ساڵ ئامادەیە بۆ گۆڕانكاری. هەروەها فشارەكانمان بۆ کووبا بەردەوامی دەبێت و پلانی باشمان بۆی داناوە.“
دوای ئەوەی لە مانگی یەكی ئەمساڵدا بە بڕیاری ترەمپ، مادورۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا رفێندرا و پاشان كەسێك بە دڵی ترەمپ بووە سەرۆك، ئەو نەوتەی لە ڤەنزوێلاوە بۆ کووبا دەڕۆیشت، راگیرا؛ ئەمەش كاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر کووبا داناوە و قەیرانێكی سەختی دارایی رووی لەو وڵاتە كردووە. كارەبا كەم بووەتەوە، نرخی خۆراك گران بووە و پێداویستی تەندروستییش زۆر كەم بووە، بۆیە پارتە سۆسیالیستەكانی ئەورووپا، داوا دەكەن بە پەلە گەمارۆ ئابووریەکەی سەر کووبا هەڵبگیرێت.
لە هاڤانای پایتەختی کووبا، بەهۆی كەمی وزە بۆ خۆ گەرمكردنەوە، خەڵك لەسەر شەقامەكاندا زبڵ و خاشاك دەسووتێنن، ئەمەش وای كردووە شارەكە ببێتە دووكەڵان و ژینگەی شارەكە زۆر پیس بووە.
ترەمپ بە ڕوونی دەڵێت، گەمارۆی سەر کووبا هەڵناگرین، دەیانەوێت فشار بخەنە سەر حكوومەت تا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت و بە بڕیارەكانی ئەمریكا رازی بێت.
تاوەكوو ئێستا حكوومەتی کووبا بەهیچ شێوەیەك قسەكانی ترەمپی پشتڕاست نەكردووەتەوە بۆ دانوستان، هەروەها راول كاسترۆ سەرۆكی کووبا، كە نەوەی كاسترۆ، شۆڕشگێڕی کووبا لەگەڵ گیڤاران توانی سەربەخۆیی بۆ کووبا بەدەست بهێنێت، هەموو هەوڵێكی دیبلۆماسی خۆی خستووەتە گەڕ تا بتوانێت گەمارۆیەكە بشكێنێت و بتوانێت وزە بۆ وڵاتەكەی هاوردە بكات.
یەكێك لە قەیرانەكانی تری کووبا، نەهاتنی گەشتیارە، چونكە بەهۆی ئەوەی بەنزین بۆ فڕۆکەكانی کووبا دابین ناكرێت، بۆیە كۆمپانیاكانی تایبەت بە هێنانی گەشتیار لە وڵاتانی ترەوە بەرەو هەڵشکان (ئیفلاسبوون) دەڕۆن، ئەمەش وای كردووە لە ڕووی ئابوورییەوە قەیرانەكە سەختتر ببێت.