رۆژنامەی ھەولێر

شەڕی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە نێوان ئاكەپە و جەهەپە هەڵگیرساوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵبژاردنی پێشوەختە رۆژەڤی توركیایە، ئاكەپە هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ ٢٠٢٦ ناوێت و جەهەپەش فشارەكانی لە رێگەی میدیا و شەقامەوە دەستپێكردووە و داوا دەكات توركیا لەم ئیمساڵەدا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

بە شێوەیەكی ئاسایی دەبێت توركیا لە ٢٠٢٨دا بچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، بەڵام بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لە ٢٠٢٧دا توركیا دەباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، جەهەپەش داوا دەكات لەم ئیمساڵەدا هەڵبژاردن بكرێت.
موراد یەتكین، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئاكەپە كردووە لە ئەنكەرا، گوتوویانە ئەستەمە ئەمساڵ توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام ئەردۆغان لە هەوڵدایە بۆ ٢٠٢٧ توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردن.
وەكوو ئەوەی یەتكین باسی كردووە و زانیاری لە چەند بەرپرسێكی ئاكەپە وەرگرتووە و بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، دوو هۆكار هەن، كە وای لە ئەردۆغان كردووە بۆ ئەمساڵ نەچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، یەكەم رەوشی ئابوورییە، كە زۆر خراپە و ئەگەر بەو حاڵە بچێتە ناو هەڵبژاردن بەدڵنیاییەوە دەیدۆڕێنێت.
هۆكاری دووەم ئەوەیە، ئەو شوێنانەی بوومەلەرزەی پێكەوت لە ٢٠٢٣، تاوەكوو ئێستا ١٠٠٪ی خەڵكەكە شووقەیان بۆ دروست نەكراوەتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت لەمساڵدا هەموو زیان لێكەوتوان قەرەبوو بكاتەوە و بەدەستێكی پڕەوە بچێتە ئەو شارانە و پروپاگندە بكات.
رەوشی ئابووریی توركیا زۆر خراپە، ئەردۆغان پلانی هەیە بۆ ٢٠٢٧ رەوشی ئابووریی باش بكات، ئەوكات داوا لە خەڵك بكات دەنگی بدەنێ، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، داوا دەكات توركیا لە ٢٠٢٦ بچێتە ناو هەڵبژاردن، چونكە دەزانێت خەڵك بێزارە لەژیانی ئابووریی و داوا دەكەن ئەم حكوومەتەی ئێستا گۆڕانی بەسەردا بێت.
ئەگەر بێت و ئەردۆغان نەتوانێت لەناو پەرلەمانی توركیا بە ٤٠٠ پەرلەمانتار دەستوور هەموار بكاتەوە، تا رەجەب تەییب ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، ناچارە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئاكەپە و مەهەپە، كورسییەكانیان لە پەرلەمانی توركیا ٣٢٢ كورسییە، بەڵام بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە پێویستە ٣٦٠ پەرلەمانتار بەبەڵێ دەنگ بدەن، كەواتە ٣٨ كورسی كەمە، بۆ ئەمەیان چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ و سەر بە پارتەكانی تر، دەبێت بەبەڵی دەنگ بدەن و لەئێستاوە ئاكەپە هەوڵی كڕینی چەند پەرلەمانتارێك دەدات و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە پێنج پەرلەمانتاری سەر بە پارتەكانی تر هاتوونەتە ناو ئاكەپە. بەگوێرەی زانیارییەكان بێت، ١٠ پەرلەمانتاری سەر بە پارتی خاس، بەنهێنی پەیوەندییان بە ئاكەپەوە كردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا بەفەرمی هاتنە ناو ئاكەپە رادەگەیەنن.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە بەڕوونی بەئاكەپەی گوتووە، ئەگەر ٢٠٢٦ بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوان دەنگ بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەدەن، بەڵام بۆ ٢٠٢٧ دەنگی بۆ نادەن، بۆیە ئاكەپە و مەهەپە، دەبێت ٣٨ پەرلەمانتار لە پارتەكانی ترەوە بهێننە ریزی خۆیان، یان پەیوەندییان پێوە ببەستن تا بەبەڵی دەنگ بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بدەن.
بەڵام سیناریۆی ئەوەش هەیە، دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگ بە هەمواری دەستوور بدەن، واتە توركیا نەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵكوو بە ٥٩ كورسییەكەی دەم پارتی و ٣٤١ـەکەی ئاكەپە و مەهەپە و چەند پەرلەمانتارێكی ترەوە، دەستوور هەموار بكەنەوە و ئەردۆغان بۆی هەبێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
بەڵام پشتوانی دەم پارتی لە هەمواركردنەوەی دەستوور، پەیوەستە بەوەی تا چەند پرسی چارەسەری كورد هەنگاوی كرداریی بۆ دەنرێت و تا چەند داواكانی دەم پارتی جێبەجێ دەكەن، بەتایبەت ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە.