رۆژنامەی ھەولێر

ئەمریكا لە كام شوێنانەی سووریا كشاوەتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەمریكا گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی، ئیدی پێویست ناكات لە سووریا هێزی زیادەی هەبێت، چونكە گروپە تیرۆریستیەکەی داعش لاواز بووە، هەروەها هێزەكانی شام توانایان هەیە رووبەڕووی داعش ببنەوە، جیا لەوەش رێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق، رێگەخۆشكەر بوو تا ئەمریكا پەلە بكات لەوەی لە سووریا بكشێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (سانای)ی سووری، هێزێكی تایبەتی شام لە حەسەكە، بنكەیەكی گرنگی سەربازییان بە ناوی شەدادیە رادەست كرا و ئیدی ئەو بنكەیە لەلایەن ئەو هێزەوە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی ئەمریكی بەڕێوە دەبرێت.
پێشتر ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بۆ لێدان لە گروپی تیرۆریستی داعش، ئەو هێزەی لەو بنكەیە جێگیر كردبوو و هەروەها لەگەڵ هەسەدە بەهاوبەشی بەڕێوەیان دەبرد و گرتووخانەیەكی تایبەتیشی لێ بوو، كە چەكدارانی داعشی تێدا زیندانی كرابوو.
ئەمە دەبێتە دووەم بنكەی سەربازیی ئەمریكا، كە لە دوای رووخانی ئەسەد، رادەستی هێزەكانی سەر بە شام كراوە.
لە ١٢ی شوباتدا، هێزەكانی شام، بنكەی سەربازی تەنفیان لەسەر سنووری عێڕاق و ئوردن رادەست كرا، كە ئەویش پێشتر هێزەكانی ئەمریكای لێبوو.
دوای ئەوەی هەسەدە و حكوومەتی راگوزەری سووریا لەسەر ئاگربەست رێككەوتن و هەروەها هەسەدەش لە چوارچێوەی چوار لیوا چووە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، ئیدی ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە سووریا بەرەو كشانەوە برد، بەتایبەت دوای ئەوەی داعشە دەستگیركراوەكان لە سووریاوە گواسترانەوە بۆ عێڕاق.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمریكا لە سووریا ٢٢ بنكەی سەربازیی هەبوو، لە هەموو ئەو بنكانەشدا لەگەڵ هەسەدە بەیەكەوە بەڕێوەیان دەبرد و راهێنانیشیان بە هەسەدە دەكرد.
بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە سووریا ئەمانە بوون (رومەیلان، روباریا، مەبروكە، تەلبایدەر، كاسراك، كۆبانێ، گرێسپی، شەدادیە، تەنەف، تەبقە و، هتد).
ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە، لە ٢٠٢٥دا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا هەموو بنكە سەربازییەكانی لە سووریا رادەستی حكوومەتی سووریا بكات، تەنیا یەك بنكەی سەربازی بهێڵێتەوە و هەروەها ژمارەی سەربازەكانی لە ٥ هەزارەوە بۆ ٥٠٠ سەرباز كەم بكاتەوە. ئەم بەرنامەیەش جێبەجێ كراوە و بنكە سەبازییەكان رادەست دەكرێن و ژمارەی سەربازەكانیشیان بەرەو كەمی دەچێت.

بۆچی شەدادیە و تەنەف گرنگ بوون؟
بنكەی سەربازی شەدادیە، كە سەر بە پارێزگای حەسەكەیە، بەر لەوەی هێزەكانی شام بچنە ناو ئەو بنكەیە، لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدا بوو، واتە هەسەدە ئەو ناوچەیەی لەژێر كۆنتڕۆڵ بوو، هەروەها گرتووخانەیەكی گەورەشی لێ بوو و چەكدار و ژن و منداڵی ئەو داعشانەی لێ بوو كە هەسەدە گرتبوونی.
گرنگی ئەو بنكە سەربازییە لەوەدا بوو، حەسەكە و دێرەزوری پێک دەبەستەوە. لە ٢٠١٦شدا، ئەو بنكەیە رۆڵێكی گەورەی بینی لە لێدان لە داعش و لەوكاتەوە هێزەكانی ئەمریكای لێیە.

بنكەی سەربازی تەنفیش، لەسەر سنووری عێڕاق و ئوردن و سووریا بوو و نزیك بوو لە پارێزگای حومس، هەروەها لەڕووی بازرگانی و سەربازییەوە رۆڵێكی گەورەی هەبوو، لە رووی جیۆپۆلیتیكیشەوە زۆر گرنگ بوو، چونكە رێگەی وشكانی نێوان شام و بەغدا بوو.
دوای ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لێدان لە داعش دروست بوو، ئەو بنكەیە رۆڵی گەورەی گێڕا و كاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر لاوازبوونی داعش لە ناوچەكەدا.
ترەمپ دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەی سەربازەكانی كەم بكاتەوە، بۆ ئەمەشیان لە سووریاوە دەستی پێكردووە، هەروەها لە عێراقیش لە چەند شوێنێكدا ژمارەی سەربازەكانی كەم كردووەتەوە. ترەمپ دەڵێت، پێویست ناكات پارەیەكی زۆر بۆ ئەو سەربازانە خەرج بكەین و هیچ سوودێكیشیان بۆ ئەمریكا نەبێت، پێویستە ئەو شوێنانە خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن و پێویستیان بە ئەمریكا نەبێت.