رۆژنامەی ھەولێر

ناكۆكیی پارتە سیاسییەكان لەسەر پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەگەرچی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەردەوامە و پەرلەمانی توركیا خەریكی نووسینەوەی راپۆرتی كۆتاییە، بەڵام ناكۆكی پارتە سیاسییەكان لەبارەی چۆنییەتی ئامادەكردنی راپۆرتەكە و هەروەها ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان بەردەوامی هەیە.

تونجەر بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، پێیوایە پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، بەبێ ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان نابێت، هەروەها ئاماژە دەدات، بەبێ ئازادبوونی ئۆجەلان، ناكرێت باس لە ئاشتی بكرێت.
بەهۆی پرسی كورد لە سووریا، پرۆسەی ئاشتی لە توركیا چەقیبوو؛ تەنانەت باس لەوە دەكرا ئەو پرسە كۆتایی پێ دێت، بەڵام دوای ئەوەی لە ٣٠ی١ی٢٠٢٦، هەسەدە و حكوومەتی دیمەشق گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ راوەستانی شەڕ، پرسی چارەسەری لە توركیا بە گەرمییەوە قسەی لەبارەوە دەكرێت و، بابەتی ئازادبوونی ئۆجەلانیش هاتووەتەوە بەر باس.
بەكرخان، باس لە پرسی كورد دەكات و دەڵێت، ماوەی ١٠٠ ساڵە لە توركیا باس لەو پرسە دەكرێت، ئەوان وەكوو دەم پارتی داوا دەكەن ئیدی هەنگاوی چارەسەری پرسی كورد ببێت بە كردار، بۆ ئەمەشیان پێویستە ئۆجەلان لە دەرەوە بێت نەك لە زیندان.
لە تازەترین دیمانەیدا بۆ ئاژانسی (BBC) توركی، نایشارێتەوە لەبارەی ئەو شەڕەی لە نێوان هەسەدە و دیمەشقدا هەڵگیرسا و توركیاش پاڵپشتی لە دیمەشق كرد، دەم پارتی و كوردی نیگەران كرد، بۆیە دەڵێت: ”لە هەر شوێنێك بەبچووكترین شێوە باس لە مافی كورد بكرێت، توركیا وا هەست دەكات ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەی، لە كاتێكدا پێچەوانەكەی راستە. ئەو شەڕەی روویدا و توركیاش دژایەتی كوردی كرد، كوردی نیگەران كرد.“
لەبارەی ناوی كۆبانێ، كە بەم دواییانە رەجەب تەیب ئەردۆغان بە (عەینولعەرەب) ناوی برد، بەكرخان ئاماژە دەدات، ئەگەر كورد بڵێت رۆژئاوا، كەواتە رۆژئاوایە، ئەگەر بڵێت كۆبانێ، كەواتە كۆبانێیە، ناو وڵات دابەش ناكات و هەڕەشەش نابێت بۆ سەر هیچ وڵاتێكی تر.
یەكێك لەو ناكۆكیانەی كەوتووەتە نێوان دەم پارتی و ئاكەپە و مەهەپەوە، پرسی كورد و هەسەدەیە لە رۆژئاوای كوردستان، چونكە ئاكەپە و مەهەپە دەڵێن، ئەوان نوێنەرایەتیی كورد ناكەن، بەڵام دەم پارتی دەڵێت وەكوو گوڵ نوێنەرایەتی كورد دەكەن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا كۆبوونەوە لە نێوان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و بەكرخان ئەنجام بدرێت.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی بوونی پەكەكە لە عێراق ئاماژەی دا، پێویستە عێراقیش وەكوو سووریا هەنگاو بنێت بۆ لەناوبردنی پەكەكە و پێویستە لەوێش هێرشیان بكرێتە سەر.
بەكرخان لە وەڵامی فیداندا دەڵێت: ”ئەوانەی لەمپەر دەخەنە ناو پرۆسەكەوە و هەنگاوی خراپ دەهاوێن، ئێمە دژی دەوەستێنەوە، چاوەڕوانیمان لە فیدان ئەوە بوو باس لە دیموكراسی بكات، چونكە پێویستمان بە زەمینەیەكە لە چوارچێوەی یاسادا كۆمان بكاتەوە.“
لەبارەی دەنگۆی ناكۆكیی نێوان ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش، كە ماوەیەكە میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، بەكرخان ئەو دەنگۆیانە بەدرۆ دەخاتەوە و پێی وایە هەر دەنگۆیەكی لەو جۆرە بێهودەیە و هەرگیز ئەو دابڕانە لە نێوان ئەو دوو سەركردەیەدا نییە، ئەوانەی دەنگۆی وا بڵاو دەكەنەوە، چەندین ساڵە خۆیان بە پرسی ناكۆكیی نێوان سەركردەكانی كوردەوە سەرقاڵ كردووە و نەشگەیەشتوونە بە هیچ.