كارزان گلی – ههولێر
بەشێكی لە سەركردە و نووسەر و رۆژنامەنووسانی توركیا، سووكایەتیان بە شێخ سەعیدی پیران كردووە، كە سەركردەیەكی گرنگ و شۆڕشگێری كورد بووە، یەكێك لەوانە ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەرە، بەڵام ئەمجارەیان دادگا سزای بەسەر ئومیددا سەپاند.
بەهۆی ئەوەی، ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، لە چەند پۆستێكدا لە سۆسیال میدیا، سووكایەتی بە سەركردەی كورد شێخ سەعیدی پیران كردبوو، بۆیە دادگا بڕیاریدا سزای بدات و ئەویش رەتی دەكاتەوە داوای لێبوردن بكات و دەڵێت بەرگری لە خۆم دەكەم.
ئومید ئۆزاغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، كە بە دوژمنی كورد و رەگەزپەرستێكی توند دادەنرێت لە توركیا، جیا لەوەی بەردەوام سووكایەتی بە كورد دەكات، دەمدرێژی بەرامبەر بە سەركردەكانی كوردیش دەكات، یەكێك لەوانە شێخ سەعیدی پیرانە.
دادگای تاوانەكانی ئەرزرووم، سزای شەش هەزار و ٥٠٠ لیرەی بۆ ئۆزاغ بڕییەوە، بەهۆی ئەوەی سووكایەتی بەشێخ سەعیدی پیران كردووە، بەڵام ئۆزداغ تانە لە بڕیارەكە دەدات و دەڵێت پێویست دەكات بانگم بكەن و بەرگری لە خۆم بكەم.
لە توركیا نابت شێخ سەعید وەكوو شۆڕشگێڕێك ناوی بهێنرێت، بەتایبەت لەلای توركە نەژادپەرستەكان قەدەغەیە و بەتوندی هێرشی میدیاییت دەكەنە سەر و راپێچی دادگات دەكەن، بەڵام ئەمە بۆ یەكەمجارە سەركردەیەكی تورك، بەهۆی سووكایەتی بەییشێخ سەعید سزا بدرێت.
رەنگە هۆكاری ئەو سوایەی ئۆزداغ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، توركیا لەقۆناغی پرسی چارەسەری كوردە و بیانەوێت نییەت پاكی خۆیان بەرامبەر بە كورد دەرببڕن و بڵێن سەركردەكانی كوردیش ئیدی نابێت سووكایەتییان پێ بكرێت.
ئۆزداغ، لە یەكێك لە پۆستەكانیدا كە لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردبووە، وشەی خاینی بەرامبەر بە شێخ سەعید بەكارهێنابوو و هەروەها وەكوو پیاوی وڵاتانی داگیركەر ناوی هێنابوو.
ئەو سەرۆك حیزبە، داكۆكی لە قسەكانی خۆی دەكات و دەڵێت پێویست ناكات لەسەر ئەو قسانە سزام بدەن، چونكە راستییەكانم گوتووە.
شێخ سەعیدی پیران، كەسایەتی دیار و سەرۆك عەشیرەتی گەورەی كورد بوو لە باكووری كوردستان، دوای ئەوەی زانی موستەفا كەمال ئەتاتورك، فێڵی لە كورد كردووە و لە دەستووری ١٩٢٤دا مافی كوردی پێشێل كردووە و بەهەموو شێوەیەك رەتی كردووەتەوە مافی كورد بدات، بۆیە داوا لە كوردانی باكووری كوردستان دەكات، شۆڕش دژی ئەتاتورك بەرپا بكەن، ئەگەرچی سەرەتا شۆڕشەكەی سەركەوتنی بەدەست هێنا و ئامەد و چەند شارێكی كەوتە ژێر دەست، بەڵام ئەتاتورك زۆر بەدڕندانە رووبەڕووی بووەوە و جیا لەوەی سەدان پیاوی شێخی كوشت، شێخیش بەدیل كەوتە ژێر دەستیان و پاشان لەگەل دەیان كەسی تر لەسێدارەیاندا.
لەناو توركیا باسكردن لەبارەی شێخ سەعیدی پیران بەردەوام بوونی هەیە، چونكە كورد وەكوو شۆڕگێر و كەسایەتی گەورەی كورد ناوی دەبات، بەڵام توركەكان وەكوو خیانەتكار ناوی دەهێنن، ئەمەش خاڵێكی گەورەی ناكۆكی نێوانیانە.
باكوورییەكان شانازی بەشێخەوە دەكەن، پێیانوایە لەپێناو كورد و كوردستان گیانی خۆی كردووەتە قوربانی، هەروەها دەڵێن دەوڵەت ئەوەندە لێی ترساوە تەنانەت گۆڕەكەشی نیشانی كورد نادەن و تاوەكوو ئێستاش نازانرێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە كوێیە.
جیا لە ئۆزداغ، چەندین كەسایەتی تری توركیا سووكایەتیان بە شێخ سەعید كردووە، بەڵام هەموو جارێك كورد لەبەرامبەر خۆیان دەبیننەوە و كوردانی باكوور بەرگرییەكی باش لە شێخ سەعید دەكەن، تەنانەت لەنان پەرلەمانی توركیاش، دەم پارتییەكان بەرگری لە شێخ سەعید دەكەن و دژی هەموو ئەو كەسانە دەوەستنەوە كە وشەی خاین بۆ شێخ بەكاردەهێنن.
دەوڵەتی توركیا، هەموو هەوڵێكی داوە تا ناوی شێخ سەعید بسڕێتەوە و نەوەكانی داهاتوو نەزانن شێخ كێیە، بۆیە لە ئامەد و شارەكانی تری باكووری كوردستان، رێگە نادەن یەك شەقامیش بەناوی شێخ سەعیدەوە بكرێت، ئەمەش باكوورییەكانی نیگەران كردووە.
پارساڵ فاتیح ئاڵتایلی، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، بەهەمان شێوە هیرشی توندی كردە سەر شێخ سەعیدی پیران و بە خاین ناوی برد و گوتی، هەوڵی داوە توركیا دابەش بكات و كورد لە توركیا جیا بكاتەوە. بەڵام كوردانی باكوور بەتوندی وەڵامیان دایەوە و تەنانەت سەندیكای پارێزارانی ئامەد، داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرد، بەڵام هیچ سزایەك نەكرا.

