رۆژنامەی ھەولێر

دەمیــــــــــــــرتاش ئـــــازاد دەکـــــرێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەبوایە ساڵێك بەر لە ئێستا و بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت، بەڵام دادگای توركیا خۆی لەو بڕیارە دەدزییەوە. ئازادبوونی دەمیرتاش بەردەوام باسوخواسی میدیاكانی توركیایە، ئەمجارەشیان بە گەرمی باس لە ئازادبوونی دەكرێت، ئەم دوای وتارێكی دەوڵەت باخچەلی.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا، داوا دەكات عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە ئازاد بكرێت و هەروەها دەشڵێت داوا دەكەین سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەش ئازاد بكرێت.
باخچەلی لە وتاری هەفتانەی لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ گروپی پارتەكەی گوتی: ”بۆ ئەوەی ئەنادۆڵ ئارام بێت، بڕیاری ئێمە زۆر روونە، ئۆجەلان مافی ئومێدی پێ بدرێت، دەمیرتاش بگەڕێتەوە ناو ماڵی خۆی و ئەحمەدیش بچێتەوە سەر كاری خۆی“.
مەبەستی باخچەلی لە ئەحمەد، ئەحمەد توركە، كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤ توانی وەكوو سەرۆكی شارەوانی مێردین سەركەوێت، بەڵام بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆردا هەیە، شارەوانییەكەی قەیووم كرا.

ئایا دەمیرتاش ئازاد دەكرێت؟
چەند مانگێك بەر لە ئێستا لە دەوڵەت باخچەلییان پرسی، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریداوە دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بكرێت، ئایە توركیا بڕیارەكە جێبەجێ دەكات؟ باخچەلی لە وەڵامدا گوتی: ”بەڵێ دادگا چی بڵێت پێویستە جێبەجێ بكرێت.“
ئەمجارەیان باخچەلی، وەكو ئاماژەیەك بۆ حكوومەتی توركیا، بەڕوونی گوتی پێویستە دەمیرتاش لەناو ماڵی خۆی بێت، ئەمەش پەیامێكە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكوومەتی توركیا، كە پێویست ناكات ئەوەندە دۆسیەی دەمیرتاش دوا بكەوێت و ئازاد نەکرێ.
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، دوای گوتەكەی باخچەلی پەیوەندیی بەچەند بەرپرسێكەوە كردووە و لێیانی پرسیوە، ئایا دوای گوتەكانی باخچەلی، دەمیرتاش ئازاد دەكرێت؟ لە وەڵامدا گوتوویانە، ئازادبوونی دەمیرتاش بڕیاری دادگای توركیای ناوێت، چونكە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادبوونی داوە و توركیاش ئەندامی دادگاکەیە؛ ئەڵبەت پێشتریش باخچەلی داوای كردووە دەمیرتاش ئازاد بێت و ئازادیان نەكردووە.
باخچەلی، هەر قسەیەکی کردبێت جێبەجێ كراوە، چونكە لەناو پەرلەمانی توركیا هاوپەیمانی ئاكەپەیە و ئەگەر لە هاوپەیمانی بكشێتەوە، ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمان لەدەست دەدات، بۆیە پەیام و گوتەكانی لەلای ئاكەپە بەهەند وەردەگیرێت.
بەهۆی ئەوەی لەبارەی پرسی رۆژئاوای كوردستان، كورد زۆر لە ئاكەپە و مەهەپە نیگەرانە، چونكە بەئاشكرا لەرێگەی میدیاكانیانەوە پشتگیرییان لە حكوومەتی دیمەشق كرد، بۆیە ئەگەر هەیە بۆ ئاشتكردنەوەی كورد، سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت، چونكە نیگەرانیی كورد لە ئەردۆغان و ئاكەپە، كاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دەنگەكانی ئاكەپە دەبێت، بەڵام ئازادبوونی دەمیرتاش، رەنگە ئاكەپە لە كورد نزیك بكاتەوە، هەر هیچ نەبێت ئاكەپەییە كوردەكانی پێ ئاشت دەكاتەوە، ئەمەش بە گوتەی بەشێكی زۆری شرۆڤەكاران.
سەلاحەدین دەمیرتاش، رێکەوتی ٣ی١١ی٢٠١٦، بە تۆمەتی ئەوەی هانی خەڵكی داوە بۆ تێكدانی ئاسایشی توركیا و هەروەها كاركردن بۆ دابەشكردنی توركیا دەستگیر كرا.
سێ جار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای كردووە ئازاد بكرێت، بەڵام توركیا گوێی پێ نەدا، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی چەندین رێكخراو و میدیاكار و یاساناس رەخنە لە توركیا بگرن و بڵێن یاسای پێشێل كردووە.
ماوەیەكی زۆرە دەمیرتاش لە زیندانەوە هیچ وتار و بۆچوونێك بڵاو ناكاتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر لە زیندانەوە رۆژانە دوو تا سێ پۆستی لە پێگەی خۆی لە (X) بڵاو دەكردەوە.