رۆژنامەی ھەولێر

یەكیەتیی ئەورووپا كڕینی گازە سروشتییەکەی رووسیای بە یەکجارەکی قەدەغە کرد

كارزان گلی – هه‌ولێر

یەكیەتیی ئەورووپا بڕیاری دا بە تەواوەتی كڕینی گازی سروشتی لە رووسیا قەدەغە بكات، دوامۆڵەتیش بۆ كۆتاییهێنان بەكڕینی گازی سروشتی ١ی١١ی٢٠٢٧ دانراوە.

لە كۆبوونەوەی سەراندا، یەكیەتیی ئەورووپا بە كۆی دەنگ بڕیاریان دا تا ١ی١١ی٢٠٢٧، دەبێت كۆتایی بە كڕینی گازی سروستی رووسیا بهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو هێڵەی راكێشراوە لە رووسیاوە بۆ ئەورووپا، كە گازی سروشتی بۆ دەچێت، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٧ رادەگیرێت، بەڵام ئەگەر چەند وڵاتێك نەیانتوانی گازی سروشتی كۆگا بكەن و وەرزی زستانیشیان لەپێشە، دەكرێت تا مانگی ١١ی هەمان ساڵ گازی سروشتیی لە رووسیا بكڕن و لەو بەروارەوە ئیدی قەدەغە دەكرێت.
یەكیەتیی ئەورووپا، ٤٠٪ی گازی سروشتی خۆی لە رووسیاوە دابین كردووە، بەڵام بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئوکراین، وڵاتان كڕینی گازی سروشتی رووسیایان كەم كردەوە، بەڵام نەیانتوانی بەیەكجاری بایكۆتی گازی سروشتی رووسیا بكەن، چونكە بەدیلیان نەبوو، بەڵام لە كۆبوونەوەی لوتكەی یەكیەتیی ئەورووپا بڕیاردرا، تا كۆتایی ٢٠٢٧، دەبێت بەدیلی گازی سروشتی رووسیا بدۆزرێتەوە.
هەنگاریا و سلۆڤاكیا، كە ئەندامی یەكیەتیی ئەورووپان هەر لە سەرەتاوە دژی ئەوە بوونە كڕینی گازی سروشتی لە رووسیا قەدەغە بكرێت، بۆیە بەنەخێر دەنگیان داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەكۆی دەنگ بڕیار دراوە كڕینی گازی سروشتی رووسیا قەدەغە بكرێت، بۆیە ئەوانیش ناچارن مل بدەنە ئەو بڕیارە.
هەردوو وڵات بڕیاریان دا لە دیوای یەكیەتیی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار بكەن و داوا بكەن بڕیاری قەدەغەكردنی كڕینی گازی سروشتی روسیا هەڵوەشێتەوە.
یەكیەتیی ئەورووپا لەو بڕوایەدایە، كرینی گازی سروشتی لە رووسیا كارەساتە، چونكە بەپارەی ئەو گازە سروشتییە چەكی پێ دروست دەكات و لە ئوکراین دەدات؛ جا بۆ دەبێ بە پارەی یەكیەتیی ئەورووپا لە ئوکراین بدات. بەگوێرەی زانیارییەكان لە ٢٠٢٥دا رووسیا، بەرێژەی ٤ملیار و ٥٠٠ملیۆن یۆرۆ گازی سروشتیی بە یەكیەتیی ئەورووپا فرۆشتووە.
لە ٢٠٢٤دا ئەو رێژەیە زۆر بەرز بوو و بەرێژەی ١٥ملیار و ٦٠٠ملیۆن یۆرۆ گازی سروشتییان لە رووسیا كڕیوە، واتە لە ٢٠٢٥دا رێژەكە كەم بووەتەوە و تا ٢٠٢٧یش بەتەواوی دەستبەرداری گازی سروشتی رووسیا دەبن.
ئەوەی دەبێتە بەدیلی رووسیا بۆ یەكیەتیی ئەورووپا بۆ كڕینی گازی سروشتی، ئازەربێجان و قەتەرە، لە چەند مانگی رابردوو ئازەربێجان بە فەرمی بڵاوی كردووە گازی سروشتیان رەوانەی یەكیەتیی ئەورووپا كردووە، بەڵام پێویستە ئەو هێڵەی گازی بۆ دەگوازنەوە نۆژەن بكرێتەوە تا بتوانن رێژەی گازی سروشتی زیاد بكەن، چونكە ئازەربێجان توانای چاككردنەوەی ئەو هێڵەی نییە.
رووسیا بێمنەتی خۆی لەو بڕیارە نیشان داوە و دەڵێن هەركاتێك ویستیان گازی سروشتی ئێمە نەكڕن كێشەمان نییە و ئێمە دەتوانین كڕیار بدۆزینەوە، هەروەها جیا لە گازی سروشتی، رووسیا نەوتێكی زۆریش بۆ یەكیەتیی ئەورووپا دەنێرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا باس لە نەوتی رووسیا نەكراوە.
ماوەی چوار ساڵ دەبێت، شەڕی ئوکراین و رووسیا هەڵگیرساوە، یەكیەتیی ئەورووپا بە چەك و لۆجستیک، هاوكاری ئوکراینە، دەیانەوێت لە ئابووریی رووسیا بدەن، هەنگاوی سەرەكیشیان بایكۆتكردنی گازە سروشتییەکەی رووسیایە.