كارزان گلی – ههولێر
گازی سروشتی ئازەربێجان، بۆ ئەڵمانیا و نەمسا رەوانە كرا، ئەم رەوانەكردنەش لەرێگەی توركیاوەیە، بەمەش رێژەی ئەو وڵاتانەی گازی سروشتیی لە ئازەربێجان دەكڕن بۆ ١٦ وڵات بەرز بووە و بەرنامە هەیە زیاتریشی بكەن.
كۆمپانیای وزەی (SOCAR)ی ئازەربێجانی سەر بە كۆماریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، گازی سروشتیان بۆ ئەڵمانیا و نەمسا نارد.
بەگوێرەی راگەیاندنی (SOCAR)، ئەو گازە سروشتییە لەرێگەی توركیاوە دەگاتە ئیتاڵیا و لەوێشەوە دەگاتە ئەو دوو وڵاتە، بەمەش ئەو وڵاتانەی گازی سروشتی ئازەربێجانیان كڕیوە گەیشتە ١٦ وڵات. (SOCAR) باس لەوە دەكات، بەرنامەیان هەیە گازی سروشتی زیاتر بۆ وڵاتانی ئەورووپا بنێرن.
ئازەربێجان یەكێكە لەو وڵانانەی بەگازی سروشتی دەوڵەمەندە، جیا لە وڵاتانی ئەورووپا، گازی سروشتی بە توركیاش دەفرۆشێت، بەڵام رەوشی ئابووریی خەڵكی وڵاتەكەی خراپە و نەیانتوانیوە بەپارەی گازی سروشتی خۆشگوزەرانی دروست بكەن.
دوای ئەوەی رووسیا پەلاماری ئۆكڕاینایدا و پاشان گازی سروشتی لەسەر وڵاتانی ئەورووپا بڕی، یەكێك لەو وڵاتانەش ئەڵمانیا بوو، كە زیانێكی زۆری پێگەیشت.
لە ساڵی رابردوو، كۆمپانیای (SEFA)ی وڵاتی ئەڵمانیا، لە ئازەربێجان گرێبەستێكی لەگەڵ (SOCAR) ئەنجامدا و لە گرێبەستەكەدا وا رێككەوتوون، ساڵانە یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروستی بنێرێتە ئەڵمانیا.
ئەو كۆمپانیایەی ئەڵمانیا، لە ٢٠٢٢ رۆڵی گەورەی هەبوو تا كەرتی وزەی ئەڵمانیا لە ئیفلاسبوون بپارێزێت و توانی سەركەوتوو بێت لەوڕووەوە. هەروەها بەرێككەوتن لەگەڵ (SOCAR)، كەرتی وزەی ئەڵمانیا دەگەشێتەوە، چونكە بەشێكی زۆری كارەبای ئەو وڵاتە لەرێگەی گازی سروشتییەوەیە و ئەگەر ئەو گازەی نەمێنێت، ناتوانێت كارەبا دابین بكات.
لە ٢٠٢٥دا، ئازەربێجان یەكێك بووە لەو وڵاتە، بەرێژەی ١٢ ملیار و ٨٠٠ پێ سێجا گازی سروشتی رەوانەی وڵاتانی ئەورووپا كردووە، وڵاتانی ئەورووپاش ئەو گازەیان بۆ دابینكردنی كارەبا بەكارهێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی رووسیا گازی سروشتی لێبڕێن.
ئازەربێجان لە توانایدا هەیە، ئەوەندەی رووسیا گازی سروشتی بنێرێتە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام وەكوو ئەوەی (SOCAR) باسی دەكات، بۆ ئەوەی بتوانن گازی زیاتر بگەیەننە ئەورووپا، پێویست دەكات ئەو بۆڕییەی گازی سروشتی پێدەگوازینەوە فراوان بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستیان بە پارەیەكی زۆرە و ئەو توانایەیان نییە.
نرخی كارەبا و گازی گەرمكردنەوەی ماڵان لە وڵاتانی ئەورووپا زۆر گران بووە، چونكە رووسیا گازیان پێ نافرۆشێت و ئەوانیش بە پارەیەكی زیاتر گازی سروشتی دەكڕن و ناچارن نرخی كارەبا گران بكەن، ئەمەش راستەوخۆ كاری کردووەتە سەر خەڵك.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئازەربێجان بە رێژەی ٢٠٪ی گازی سروشتی بۆ توركیا دابین دەكات، بەرنامەشیان هەیە رێژەی گازی سروشتی بۆ توركیا زیاد بكەن.

