كارزان گلی – ههولێر
لە تەمەنێكی بەهاریدا بوو، بە تۆمەتی ئەوەی كاری بۆ رێكخراوی پەكەكە كردووە زیندانی كرا، لە تەمەنی ٥١ ساڵی ئازاد كرا، بەڵام ئەو بۆ ئەوەی لە زینداندا نەكەوێت و ژیانی خۆش بوێت، دەستی دایە شیعر نووسین و ئێستاش شیعرەكانی بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە.
ئیلهان سامی چۆماك، تەمەنی ٢١ ساڵان بوو پۆلیس هەڵیكوتایە سەری و دەستگیری كرد، ٣٠ ساڵ لە زیندانەكانی توركیا مایەوە و ئازاد نەكرا، دوای ئازادبوونیشی، لە بری ئەوەی رقن بێت و بیر لە تۆڵە بكاتەوە، كەچی دیوانێكی شیعری بڵاو كردووەتەوە و خەڵكی تامەزرۆی شیعرەكانی كردووە. ئەو وەكوو سیاسییەك زیندانی كرا، بەڵام لە ٥١ ساڵاندا وەكوو شاعیرێك لە زیندان هاتە دەرەوە.
ئیلهان، وەكوو ئەوەی خۆی قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، دەڵێت ئەوەی ئەوی بە ژیانەوە بەستووەتەوە شیعرەكانی بووە لە زیندان.
ئەو دەڵێت: ”بەدڵنیاییەوە منیش نیگەرانی و تووڕەیی و رقایەتیم هەبووە، بەڵام من ئەو رقەم بۆ شیعر گۆڕی، چونكە شیعرنووسین وات لێ دەكات رقن نەبێت.“
ئیلهان، هەموو ئەو نیگەرانی و بارگرانی و ئازارەی هەیبووە، دەڵێت بە نووسینی شیعر چاكی كردووەتەوە و خەمەكانی رەواندووەتەوە.
ئیلهان، ساڵی ٢٠٢٤ ئازاد كرا، هەموو ئەو شیعرانەی لە زیندان و دوای ئازادبوون نووسیویەتی، كردویەتی بە دیوانێك و بۆ سەر زمانەكانی تری جیهانی وەردەگێردرێن.
ئەو شاعیرە، چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ لە كۆمەڵەیەكی ئەدەبیاتی ئەڵمانی كە شیعرەكانی ئەویان كردووەتە ئەڵمانی، بەشداری کرد و كتێبەكەی بە خوێنەران ناساند.
ئیلهان زۆر پەیوەستە بەو كتێبە شیعرییەوە، بۆیە دەڵێت ”دوای ئەو هەموو ساڵە مانەوەم لە زیندان، ئەم كتێبەم دیارییەكی زۆر جوانە بۆ من و دڵخۆشم پێی.“
شیعرەكانی ئیلهان سیاسی و رۆمانسی و خۆشەویستییە، لە توركیا زۆر بەگرنگەوە باسی دەكەن، پێیانوایە هەڵوێستێكی زۆر گەورە و جوانی هەیە، دوای ئەو هەموو ساڵەیی لە زیندان، كەچی هاتووەتە دەرەوە بووە بە شاعیر و خۆی وەكوو شاعیرێك دەناسێنێت.
بەرنامەیان هەیە، ئەو دیوانە شیعرییەی ئیلهان، بۆ چەند زمانێكی تری جیهانی وەربگێردرێت و كاری جیدی لەسەر كراوە.
زیندانەكانی توركیا هەزاران كوردی لێیە و بە تۆمەتی پەكەكە بوون دەستگیر كراون، بەشێكی زۆریشیان وەكوو ئیلهان ٣٠ ساڵە زیندانی كراون و ئازاد ناكرێن. دەم پارتی، داوا دەكات پەرلەمانی توركیا، لێبوردنی گشتی بۆ ئەو زیندانیانە دەربكات، ئەوكات نییەت پاكی خۆی بەرامبەر بە پرسی چارەسەری كورد نیشان دەدات، بەڵام حكوومەت ئەو هەنگاوەی نەناوە.
هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كە زیاتر لە ٩ ساڵە زیندانی كراوە، ئەویش لە زیندان چوار كتێبی نووسیوە، كە چیرۆك و رۆمانن، هەروەها چەند شیعرێكیشی بڵاو كردووەتەوە و بووە بە گۆرانی.

