كارزان گلی – ههولێر
پرسی چارەسەری كورد، كە لەناو پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنێكی بۆ پێك هێنراوە و بە (توركیای بێتیرۆر) ناوی دەبەن، هەنگاوەكانی بە هێواشی دەچێتە پێشەوە و رووداوەكانی حەلەبیش كاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەیە هەبووە.
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی لە ٢٠٢٤دا، لە وتارێكدا داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بهێنرێتە پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت، ئیدی پرسی چارەسەری هاتە بەرباس.
عەبدوڵا ئۆجەلان، لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥، لە پەیامێكدا بۆ پەكەكە، داوای لێ كردن چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، پەكەكە بەگوێی رابەرەكەی كرد و لە كۆنگرەدا خۆیان هەڵوەشاندوە و لە مانگی پێنجیش بە شێوەیەكی سیمبولی چەكەكانیان سووتاند.
لە پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنێك پێك هێنرا كە ٥١ پەرلەمانتاری پارتە سیاسییەكانی توركیای تێدایە، زیاتر لە ١٨ كۆبوونەوەیان کرد و گەیشتنە ئەو خاڵەی هەر پارتە و پێشنیاری خۆی بنووسێت بۆ پرسی چارەسەریی، بەڵام ماوەیەكی زۆرە پرۆسەكە وەستاوە و كاری لەسەر ناكرێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە تازەترین وتاریدا باسی لە پرسی چارەسەری كرد و گوتی، كەس ناتوانێت لەو پرۆسەیە بمانوەستێنێت و تا كۆتایی بەردەوام دەبین.
بەڵام رووداوەكانی حەلەب، كە سوپای عەرەبی سووری، هێرشی كردە سەر هەسەدە و لە گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە پەلاماری كوردیان دا و توركیاش پشتگیریی لە سووریا كرد، ئەمە كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەری هەبووە.
هاوسەرۆكەکانی دەم پارتی، بە ڕوونی داوایان لە ئاكەپە و حكوومەتی توركیا كردووە، لە بابەتی سووریادا پێویستە پشتگیری لە كورد بكەن، تەنانەت داوا دەكەن ئەنكەرا هەسەدە داوەت بكات و لەبارەی ئاییندەی كورد لە سووریا گفتوگۆ بكەن، بەپێچەوانەوە كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەری دەبێت.
بەشێكی زۆر لە شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، ئەگەر بێت و توركیا بەردەوام بێت لە پشتكردن لە كوردانی رۆژئاوا و روو لە ئەحمەد شەرع بكات، كاریگەریی زۆری لەسەر پرسی چارەسەری كورد دەبێت لە توركیا و رەنگە ئەو پرۆسەیە رابگیرێت.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەیەكی گرنگی ناو حكوومەتی توركیا گوتویەتی، بە هیچ شێوەیەك رووداوەكانی حەلەب كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەریی لە توركیا نابێت، بەڵام بەرپرسانی كورد لە توركیا وا ناڵێن و ئەوان پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بە پرسی كورد لە باكووری كوردستان دەبەستنەوە.
تاوەكوو ئێستا پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان، لەسەر هیچ راپۆرتێكی كۆتایی لەبارەی پرسی كورد رێكنەكەوتوون، ناكۆكی زۆریش لە نێوانیاندا هەیە.
دەم پارتی داوا دەكات، لێبوردنی گشتی بۆ هەموو چەكدارانی پەكەكە دەربچێت، تەنانەت ئەوانەی تاوانیشیان كردووە، بەڵام ئاكەپە پێشنیاری كردووە، ئەو چەكدارانی پەكەكە كە تاوانیان كردووە سزا بدرێن بەڵام با سزاكەیان قورس نەبێت.
مەهەپە بەشێوەیەكی تر پێشنیاری كردووە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بە هیچ شێوەیەك نابێت ئەو چەكدارانەی پەكەكە كە تاوانیان كردووە بەر لێبوردنی گشتی بكەون و دەڵێن پێویستە سزا بدرێن و بدرێنە دادگا.
بۆیە تاوەكوو ئێستا لە پەرلەمانی توركیا لەبارەی راپۆرتێكی كۆتایی رێك نەكەوتوون و رووداوەكانی حەلەبیش پرۆسەكەی راگرتووە و نازانرێت كەی كۆبوونەوەی تر دەکرێت.

