كارزان گلی – ههولێر
هاوسەرۆكەکانی دەم پارتی، دەوا لە ئەنكەرا دەكەن، بۆ ئەوەی كێشەی نێوان توركیا و هەسەدە، هەروەها هەسەدە و سووریا چارەسەر بكرێت، گرنگە ئەنكەرا هەسەدە بە فەرمی داوەت بكات و گفتوگۆی لەگەڵدا بكات.
تولای خەتیبئۆغڵولەری، هاوسەرۆكی دەم پارتی، لەبارەی هێرشی سووپای سووریای عەرەبی بۆ دوو گەڕەكی كوردی حەلەب، بەتوندی هاتە وەڵام و گوتی ئەو سوپایە چەتەیە.
خەتیبئۆغڵولەری، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”ئەوانەی لەبەردەم كارەساتی حەلەب بێدەنگن، بەشێكن لە تاوانەكە، دەبێت دەمودەست ئەو پەلامارە كۆتایی پێبێت. چەتەكانی هەتەشە، لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە تاوانیان کرد و تاوانەكانیش دژی هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی.“
تونجەر بەكرهان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، بەهەمان شێوە ئیدانەی پەلاماری گەڕەكە كوردییەكانی حەلەبی كرد، ئەنكەراشی بە تاوانبار وەسف كرد، تۆمەتباری كرد بەوەی دەستی لەو پەلامارەدا هەیە و نایەوێت كێشەكان چارەسەر بێت.
دەیشڵێت: ”ئەنكەرا چی بكات باشە؟ دەبێت شاندێكی هەسەدە داوەتی ئەنكەرا بكات و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان.“
بەرپرسانی ئاكەپە و حكوومەتی توركیا، لە پەلاماردرانی گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، پشتگیریی تەواویان لە سوپا عەرەبەکەی سووریا كرد و گوتیان پێویستە هەسەدە لە حەلەب نەمێنێت و لەناویان ببەن.
عەبدوڵقادر سەلفی، نووسەری زۆر نزیكی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكۆماری توركیا، لە نووسینێكدا ئاشكرای دەكات، ئەگەر تا مانگی دووی ئەمساڵ، هەسەدە بەتەواوی نەچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، توركیا، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی فورات هێرشی دەكاتە سەر و لەناوی دەبات.
سەلفی، باس لەوە دەكات، لە ئۆپەراسیۆنی حەلەب، ئۆكەی لە ئەمریكا وەرگیراوە بەبێ ئەمریكا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدراوە، بۆیە توركیا بۆ ئۆپەراسیۆن بۆ رۆژهەڵاتی فورات، بەهەمان شێوە ئۆكەی ئەمریكای وەرگرتووە.
سەلفی لە وتارەكەیدا، وەكوو هەڕەشەیەك بۆ هەسەدە، داوا دەكات پەلە بكەن لە چوونە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، چونكە ئەگەر تا مانگی دووی ئەمساڵ ئەو هەنگاوە نەنرێت، لێیان دەدرێت و لەناویان دەبەن.
بەڵام بەشێكی زۆری كوردانی باكوور، لە سۆسیال میدیا، باسیان لەوە كردووە چۆن دەبێت هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە كاتێكدا ئەو سوپایە لە حەلەب بە دڕاندانەترین شێوە پەلاماری كوردی دا و ژن و منداڵ و پیری كوشت و هەزارانیشی ئاوارە كرد.
حەسەن بیڵدریجی، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، رەخنەی لەو وتارەی سەلفی گرتووە و بە چەواشەكارانە ناوی دەبات.
بیڵدریجی پێی وایە، هەرگیز ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ توركیا پەلاماری هەسەدە نادات، ئەگەر توركیا ناتوانێت هەسەدە هەرس بكات، رەنگە هێزێكی ئەمریكی و فەرەنسی و بەریتانی، لە رۆژئاوای كوردستان جێگیر بكرێت و ئەو ناوچەیە بەتەواوی لە سووریا داببڕن.
مەزڵووم عەبدی، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ”خاوەنی ١٠٠هەزار چەكداری راهێنراوین“ هەروەها لێیان پرسی ئامادەن چەك دابنێن؟ گوتی نەخێر چەك دانانێین.
بۆیە ئەگەربێتو توركیا و سووریا، هێرش بكەنە سەر هەسەدە لە رۆژهەڵاتی فورات، وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، كارەساتی گەورە روو دەدات، بەتایبەت ئاوارەبوونی ملیۆنان مرۆڤ.

