كارزان گلی – هەولێر
پەلامارەکەی سوپای حكوومەتی راگوزەری سووریا بۆ سەر دوو گەڕەكە كوردنیشەکەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، لە میدیاكانی جیهاندا دەنگی دایەوە، بەڵام میدیای توركیا وەكوو پێویست باسیان لەو شەڕە گەورەیە نەكرد.
میدیای توركیا، بە میدیای ئۆپۆزسیۆنیشەوە، لایەنگیرییەكی تەواوی سوپای سووریایان كرد دژی هەسەدە و دەیانگوت، هەسەدە تیرۆریستە و پێویستە لەو دوو گەڕەكە وەدەربنرێن، هەروەها لە شڕۆڤەكانیاندا باسیان لە یەكپارچەیی خاكی سووریا دەكرد و هەسەدەیان وەكوو مەترسییەكی گەورە بۆ توركیا و سووریا دادەنا.
دەم پارتی، لە رێگەی پەرلەمانتارەكانیانەوە پشتگیرییەكی تەواوی دۆزی رۆژئاوا و ئەو دوو گەڕەكە دەكرد، تەنانەت لەناو پەرلەمانی توركیا، هاواریان كرد بژی بەرخودانی رۆژئاوا.
كەناڵەكانی تەلەڤیزیۆن، لە كاتی شرۆڤەی رووداوی حەلەبدا، هەموو ئەو كەسانەیان بانگ دەكرد كە دژی هەسەدەن، تەنانەت یەك كەسیش كە لایەنگیریی هەسەدە بێت بۆی نەبووە لەو كەناڵانەدا قسە بكات، ئەمەش دەنگدانەوەی لە سۆشیالمیدیا دروست كرد.
ئەحمەد نەسین، كوڕی نووسەری گەورەی توركیا عەزیز نەسین، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك، باسی لەوە كرد، ئەوەی لە حەلەب روو دەدات پاكتاوی كوردە و دەبێت توركیا پشتگیریی لە كورد بكات نەك ئەحمەد شەرع. هەروەها باسی لەوەش كرد، ئەگەر توركیا بە ئاشكرا دژایەتی دۆزی كورد بكات لە رۆژئاوای كوردستان، كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەری كورد دەبێت.
ئاژانسی (BBC) توركی، لە سەرچاوەیەكی باڵای حكوومەتی توركیاوە زانیاری وەرگرتوە، كە ئەو رووداوەی لە حەلەب رووی دا و بەشێوەیەكی دڕندانە پەلاماری كوردیان دا، كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەری كورد نابێت، بەڵام قەندیل تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستی هەیە لە رووداوەكانی حەلەب و ئەو بووەتە هۆی ئەوەی رێگە نەدات ئەو دوو گەڕەكە رادەست بكرێت.
حوسێن چەلیك، یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئاكەپە، دژی هەڵوێستی توركیا قسەی كردووە و دەڵێت: ”چۆن دەبێت توركیا دەست بخاتە ناو دەستی ئەحمەد شەرعەوە، كە تیرۆریست بووە، بەڵام دەست نەخاتە ناو دەستی هەسەدە كە كوردن.“
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاو دەكرێتەوە، هەركەسێك لە یەكێك لە میدیاكانی توركیا پشتگیری لە هەسەدە بكات دژی سوپای سووریا، تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت، بۆیە بەشێكی زۆری ئەوانەی لەگەڵ هەسەدە و دۆزی كورددان، بانگ نەكران بۆ بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەكان.
وەزیری بەرگری توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، ئەوەی لە حەلەب روو دەدات بەدڵی ئەوانە و ئەگەر سووریا داوایان لێ بكات لەڕووی سەربازییەوە هاوكارییان بكەین ئێمە ئامادەین و یارمەتییان دەدەین.
ئەم گوتەیەی وەزیری بەرگریی توركیا، كاردانەوەی گەورەی لە سۆسیال میدیا دروست كرد و كوردانی باكوور رەخنەی زۆریان لێی گرت و پێیان گوت، چۆن رێگە دەدەین لە حەلەب كورد بكوژرێت و وەكوو توركیاش دەڵێیت هاوكارییان دەكەین.
بەشێك لە سیاسییەكانی دەم پارتییش، وەكوو هۆشدارییەك بۆ ئاكەپە و مەهەپە، دەڵێن ئەگەربێتو هەر بەردەوام بن لە دژایەتیکردنی هەسەدە، بەدڵنیاییەوە كار دەکاتە سەر پرسی چارەسەریی كورد.

