رۆژنامەی ھەولێر

بەهای تمەن نزمترین نرخی لەمێژوودا تۆمار كرد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ یازدە ڕۆژە گەڕێکی نوێی خۆپێشاندان لە ئێران دەستی پێ کردووە و کاسبکاران و دووکانداران لە تاران و شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کردووە و لە زیاتر خراپبوونی دۆخی ئابووری وڵات و گرانبوونی شتومەک لە بازاڕەکان نیگەرانن.

خۆپێشاندانه‌كانی ئێران ڕۆژی یه‌كشه‌ممە ٢٨ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٥، دوای ئه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد كه‌ به‌های تمه‌ن به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و نزمترین نرخی له‌ مێژوودا تۆمار كرد. به‌های هه‌ر دۆلارێك ئەو کات گه‌یشته‌ سەد و چل و چوار هەزار تمەن و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی دوكاندار و كاسبكارانی تاران، ده‌رگای دووكانه‌كانیان داخه‌ن و داوا له‌ حكوومه‌ت بكه‌ن ڕێكارێك بۆ ڕێگریكردن له‌ زیاتر دابه‌زینی به‌های دراوی نیشتمانی بگرێته‌به‌ر، چونكه‌ نازانن كه‌لوپه‌ل و به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ چ نرخێك ساغ بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ست ده‌كه‌ن به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستمایه‌كه‌یان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.
تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تمەن بە ڕێژەی سی و شەش لەسەدا بەهاکەی بەرامبەر دۆلار دابەزیوە چونکە لە دەی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو نرخی هەر دۆلارێک سەد و هەشت هەزار تمەن بوو و ساڵی ڕابردووش نرخەکەی لەم کاتەدا خوارووی حەفتا هەزار تمەن بوو.
لە ماوەی ڕابردوودا بە تایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندان، حكوومه‌تی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران مافی بە کاسبکاران دا لە کار و کاسبییەکانیان نیگەران بن و ناڕەزایەتی دەرببڕن و هەندێک هەنگاوی گرتە بەر بۆ ئەوەی هەناسەیەک بە ئابووری و بەهای تمەن ببەخشێتەوە.
ئەو سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندیی وڵاتەکەی گۆڕی و عەبدولناسر هیممەتی وەزیری پێشووی ئابووری ئێرانی لە شوێنی دانا.
سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی سێ ئامانجی بۆ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌ی خۆی ده‌ستنیشان كرد كه‌ بریتی بوون له‌ جڵه‌وكردنی هه‌ڵاوسان، كۆنترۆڵكردنی نرخی دراو له‌ ڕێگه‌ی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، به‌ڕێوه‌بردنی ناهاوسه‌نگیی بانكه‌كان و ڕێگریكردن له‌ ڕاكێشانی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری پاره‌.
بەو گۆڕانکارییانە توانرا بەهای تمەن زیاتر لە شەش لەسەدا بەرز بکرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ سەد و سی و پێنج هەزار تمەن و ئومێدێک هەبوو زیاتریش بەرز ببێتەوە بەڵام چەند ڕۆژێکە دیسان تمەن شکاوەتەوە و دوێنێ سێشەممە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دیسان ژمارەی پێوانەیی شکاند و هەر دۆلارێک گەیشتە سەد و چل و حەوت هەزار تمەن.
بەگشتی دۆخی ئابووریی ئێران لە ژێر کاریگەریی سزا نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی ئەمەریکا خراپە و نرخی شتومەکەکان زۆر گران بوون و هۆکار بووە لەوەی ناڕەزایەتییەکانیش لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرە بستێنن و تەنانەت لە هەندێک شوێن توندوتیژی تێبکەوێت و بەگوێرەی ڕۆیتەرز کە پشتی بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەستووە لانی کەم بیست کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون و لە نێو هێزەکانی حکوومەتیش میدیا فەرمییەکانی ئێران کوژرانی ژمارەیەک پۆلیس و هێزی ئەمنییان ڕاگەیاندووە.
عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە بەرپرسانی حکوومەت کردووە گوێ لەو خۆپێشاندەرانە بگرن کە بە ئاشتیخوازانە داواکارییەکانیان دەخەنە ڕوو و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن و ئەوانەی تری بە تێکدەر و ئاژاوەچی ناوبردووە و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە بەرانبەر ئەو جۆرە کەسانە بوەستن.
خۆپێشاندانەکانی ئێران هەڵوێستی جیهانیشی بەدواوە بووە و سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ئێران کرد ڕێز لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ڕای ئازاد بگرێت.
دوێنێ لە نوێترین هەڵوێستدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێرشی پۆلیس بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە جینۆساید ناوبرد کە ژمارەیەک خۆپێشاندەری بریندار هانایان بۆی بردبوو و ڕۆژێک پێشتریش پێنج خۆپێشاندەر کوژرابوون. هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە لە کرماشان دوو برای یارسان\کاکەیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و تەرمەکانیان بەخاک سپێردراوە و بە گشتی بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانە زیاتر لە بیست کەس لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێران کوژراون و دەیان کەسی تر بریندار بوون.