كارزان گلی – ههولێر
توركیا رۆژانە لە شارەكانی خۆیدا، دژی گروپە تیرۆریستەکەی داعش ئۆپەراسیۆن دەکات و ژوورە نهێنییەكانیان دەدۆزێتەوە و هەڵدەكوتێتە سەریان، بەڵام ماوەیەكە داعشییەكان لە چەند شارێكی توركیا بوونەتە مەترسی بۆ ئاساییشی ناوخۆیی توركیا، بەجۆرێك خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی كردەوەی تیرۆریستی بکەن.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، لە شاری یۆڵەڤا لە توركیا، پۆلیس هەڵیكوتایە سەر چەند ژوورێكی نهێنی گروپە تیرۆریستەکەی داعش تا دەستگیریان بكات، بەڵام داعشەكان رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە و لە ئەنجامدا سێ پۆلیسی توركیا كوژران. هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس، دوای ئەو رووداوە لە ٢١ شاری توركیا هەڵمەتی دەستگیركردن و هەڵكوتانە سەر ژوورە نهێنییەكانی داعشیان دەست پێكردووە و تاوەكوو ئێستا ٣٥٧ كەس دەستگیر كراون.
عەلی یەرلیكایە، وەزیری ناوەخۆی توركیا، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، توانیویانە چەندین كەس دەستگیر بكەن سەر بەداعش بوونە، هەروەها ناوی ئەو شارانەی هێناوە كە هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش هەڵیانكوتاوەتە سەر ژوورە نهێنییەكانی داعش و لەناو ئەو شارانەدا، شڕناخ و روحای باكووری كوردستانی تێدایە.
پێشتریش ئاساییشی ئیستانبۆڵ بڵاوی كردەوە، توانیویانە ١١٠ گومانلێكراو دەستگیر بكەن، كە ٤١یان پەیوەندییان بەو پەلامارەی یوڵەڤاوە هەبووە كە ٣ پۆلیسی توركیای تێدا كوژرا.
داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ بڵاوی كردووەتەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ دەستگیركردنی ژوورە نهێنییەكانی داعش لە یۆڵەڤا دەست پێكرد و لە چەند شارێكی تری توركیاش بەهەمان شێوە، هۆكارەكەی ئەوە بووە دەزگای هەواڵگریی توركیا زانیاریی پێ گەیشتووە، لە شەوی سەری ساڵدا ئەو گروپە ویستویانە چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بۆیە بەریان پێ گیرا.
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەی یۆڵەڤادا، كە ٣ پۆلیس كوژراون، هەشتی تریش بریندار بوونە، بەڵام هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا توانیویانە شەش چەكداری سەر بە گروپی داعش بكوژن. هەروەها توانیویانە پێنج ئافرەت و شەش منداڵ لەو ئۆپەراسیۆنە رزگار بكەن و ئازاریان پێنەگات، چونكە لەو باڵەخانەیە بوونە كە شەڕەكەی تێدا ئەنجام دراوە.
یڵماز تونج، وەزیری دادی توركیا رایگەیاندووە، لە داواكاری كشتی یۆڵەڤادا پینج دادوەری دەستنیشان كردووە تا لێكۆڵنەوەی ورد لەو رووداوە بكەن و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و تاوەكوو ئێستا پێنج گومانلێكراو دەستگیر كراون.
بارودۆخی ناو یۆڵەڤا باش نییە و پۆلیس لە هەموو شوێنێكی ئەو شارە دەسووڕێتەوە و بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێت كە گومانی هەیە داعش بن و دەستیان لەو رووداوەدا هەبێت كە سێ پۆلیسی توركیای تێدا كوژراوە. هاووڵاتیانیش ئاگادار دەكەنەوە وریا بن و هەر شتێكی نەخوازراویان بینی ئاگاداری پۆلیس بكەنەوە.
هەریەك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ئیدانەی ئەو كردەوەیان كرد و باخچەلی وڵاتانی دەرەكی بەهۆكار زانی بەوەی دەستیان هەبووە لەو تاوانە و ئەوانن هانی داعش دەدەن تا ئاساییشی ناوەخۆی توركیا تێك بدەن.
باخچەلی باسی لەوەش كرد، ئەوان لە هەنگاویان بۆ (توركیای بێتیرۆر) ناوەستن و بەردەوام دەبن، چونكە دەستێك هەیە دەیەوێت ئەو پرۆسەیەی تێك بدات.
گروپە تیرۆریستەکەی داعش، بەدرێژایی ١٠ ساڵی رابردوو، چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە توركیا و باكووری كوردستان ئەنجام داوە، لەو كردەوە تیرۆریستیانەدا، زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژراوە و بە دەیانی تریش برینداربوونە، قێزەونترین كردەوەی تیرۆریستیش لە ئەنكەرای پایتەختی ئەو وڵاتە بوو، كە تەقینەوە لە میتینگێكی هەدەپە روویدا و زیاتر لە ١٠٠ كەسی كوشت، كە هەموویان لایەنگری هەدەپە بوون.
داعش لە پەرلەمانی توركیا، وەكوو رێكخراوێكی تیرۆریستی ناسێنراوە و لە هەر شوێنێك داعش بوونی هەبێت، پۆلیس و ئاساییش هەڵدەكوتێتە سەریان، وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیاش باسی دەكەن، ماوەیەكە داعش لە توركیا سەری هەڵداوەتەوە و لە بەشێكی زۆری شارەكاندا خۆیان بەرێكخراوەیی كردووە و ئامادەكاری بۆ كاری تیرۆریستی دەكەن.

