رۆژنامەی ھەولێر

چین و رووسیا، ڤەنزوێلایان تەنیا جێ هێشتووه؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی فەنزوێلا، لەبەردەم غەزەبی ئەمریكادایە و چارەنووسی ئەو سەرۆكە روون نییە، هەروەها روونیش نییە لەم قۆناغەدا، كام وڵات دۆست و هاوپەیمانیی فەنزوێلایە؟ ئایە چین و رووسیا بەتەنیا بەجێیان هێشتووە؟ چوونكە پێشتر نزیكترین هاوپەیمانیی فەنزوێلا ئەو دوو وڵاتە بووە، بەڵام لە پاڵپشتییەكانیان هەنگاوی كرداری بەدی ناكرێت.

چین و رووسیا، وەكوو دوو وڵاتی سۆسیالیست، پاڵپشتی دارایی و سەربازی فەنزوێلایان كردووە، ئەو پاڵپشتییەش لە سەردەمی جافیزی سەرۆكی فەنزوێلاوە بوونی هەبووە، بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، ئێستا ئەو پاڵپشتیانە زۆر سنووردار بووە.
ئەمریكا، پلانی داناوە رژێمی مادورۆ بڕووخێنێت، بۆ ئەمەشیان مووشەكی ژێر دەریایی و فڕۆكەی سیخوڕی و ١٥ هەزار سەربازی ئامادە كردووە، دۆناڵد ترەمپی ئەمریكاش، تاك لایەنە ئاسمانی فەنزوێلای داخستوە.
ترەمپ، رژێمی مادورۆ بەوە تۆمەتبار دەكات، بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن و مەترسین بۆ سەر ئاساییشی جیهان، بەڵام مادورۆ دەڵێت ئامانجی ئەمریكا رووخانی رژێمە و بۆ ئەمەشیان بەهانە دەهێنێتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٩ كاتێك جافیز بووە سەرۆكی فەنزوێلا، بڕوای بە تاك جەمسەری و دوو جەمسەری نەبوو و ئەو بڕوای بە فرە جەمسەری هەبووە، بۆیە دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكا راگەیاند و رووی لە چین و رووسیا كرد و هاوپەیمانییەتێكی ستراتیژییان پێكهێنا.
ئەوكاتەی لە ٢٠١٩ مادورۆ لە هەڵبژاردنەكاندا بردییەوە و پاشان ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ئاشكرای كرد ساختەكاری كراوە و پارتەكەی مادورۆ شەرعییەتی نییە، رووسیا و چین هاتنە ناو یارییەكە و پشتگیرییان لە مادورۆ كرد و وەكوو سەرۆك درێژەی بەكارەكانیدا.
ئێستاش مادورۆ دووچاری قەیرانێكی لەو جۆرە بووەتەوە و ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەی سەربازییەوە لە دەسەڵات لای بدات، بەڵام چین و رووسیا وەكوو پێویست پشتگیرییان نەكردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی (واشنتۆن پۆست)، مادورۆ لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە دوو نامەی بە جیا بۆ چین و رووسیا ناردووە و داوای لێكردوون هاوكاری سەربازی و مادی بكەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا مۆسكۆ هیچ وەڵامێكی نەبووە و نامەكەی پشتگوێ خستووە. ئەگەرچی وتەبێژی كرملین، لە مانگی ١١دا ئاماژەی دا پەیوەندی نێوان فەنزوێلا و رووسیا زۆر باشە، بەڵام خۆی دزییەوە لە پرسیاری زیاتر و لە ئەگەری هێرشكردنە سەر فەنزێلا و هەڵوێستی رووسیا.
رووسیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەیدا، داوای لە ئەمریكا كردووە هێرش نەكاتە سەر فەنزوێلا، چوونكە ئەم هەنگاوەی ئەنجامی خراپی دەبێت و كێشەكان زیاتر دەبن، لەوە زیاتر هیچ هەڵوێستێكی تری نەنواندوە، ئەمەش دەریدەخات رووسیا لە خەمی مادورۆدا نییە.
بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی سیاسی، رووسیا ناتوانێت پشتگیریی سەربازی لە فەنزوێلا بكات، چوونكە بۆ خۆی لەشەڕێكی سەختدایە لەگەڵ ئۆكڕاینا و فۆكەسی لەسەر ئەو شەڕەیە و لە توانایدا نییە بەرەیەكی شەڕی تر لە فەنزوێلا لەگەڵ ئەمریكادا بكاتەوە، بۆیە ئەگەر مادورۆ، چاوی لە پاڵپشتی سەربازی رووسیا بێت هەڵە دەكات.
چین، یەكێك بوو لەو وڵاتانەی هاوكارییەكی باشی وڵاتانی ئەمریكای لاتینی كردووە، لەناویاندا فەنزوێلاش بوونی هەیە، بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (BBC)ی توركی، چین ٦٠ ملیار دۆلاری داوەتە وڵاتانی ئەمریكای لاتین.
واشنتۆن پۆست ئاشكرای دەكات، مادورۆ نامەیەكی بۆ سەرۆكی چین ناردووە و پێی گوتووە پێویستمان بە سیستەمی رادار و فڕۆكەی جەنگی چەندین جۆری تری چەك هەیە، بۆ بەرگریكردن لە خۆیان لە ئەگەر هێرشی ئەمریكا بۆ سەریان، بەڵام پەكینیش وەكوو مۆسكۆ، هیچ وەڵامێكی مادورۆیان نەداوەنەوە و نامەكەیان پشتگوێ خستووە.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چیت رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ ئەوە نین دەستی دەرەكی فەنزوێلا تێك بدات و لەگەڵ ئەوەدان وڵاتانی ئەمریكای لاتین لە ئاشتییەكی بەردەوامدابن.
ئەوەی وای كردووە چین پشت لە فەنزوێلا بكات، ئەو نزیكبوونەوە دیبلۆماسییەی نێوان ئەمریكا و چینە، كە ماوەیەكە نێوانیان باش بووە و لە هەوڵی ئەوەدان گرژییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، چین نایەوێت بەهۆی فەنزوێلاوە ئەو پەیوەندیی و هەوڵانە لەناو بچێت، هەروەها نایەوێت بەهۆی فەنزوێلاوە، ئەمریكا باجی زیاتر بخاتە سەر.