كارزان گلی – ههولێر
دەبوایە چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، بەبڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئازاد بكرایە، بەڵام نەك ئازاد نەكرا، بەڵكوو دۆسییەیەكی تریان بۆ كردووەتەوە داوا دەكرێت حەوت ساڵ زیندانی بكرێت.
دەمیرتاش، ١٠ ساڵە لە گرتوخانەی ئێدیرینە زیندانی كراوە، بە تۆمەتی ئەوەی ئاساییشی توركیای تێكداوە و هەوڵی بۆ دابەشبوونی توركیا داوە، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٥، داوای لە توركیا كردووە ئازادی بكات، چوونكە هەموو ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی، دوای لێكۆڵنەوە دەركەوتووە هیچی راست نین و دەبێت دوای ئازادبوونی لەڕووی مەعنەوییەوە قەرەبوو بكرێتەوە.
دەم پارتییەكان و بەشێكی زۆری سیاسییەكانی توركیا، بۆچوونیان وابوو ئازادبوونی دەمیرتاش لە ئان و ساتدایە، تەنانەت جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئاماژەی دا لە ماوەی سێ رۆژدا دەمیرتاش ئازاد دەبێت. هەروەها باشاكی هاوسەری دەمیرتاش، لە ئێدرینە بووە و چاوەڕوان بووە ئازاد بكرێت و بەیەكەوە بچنەوە ئامەد، بەڵام دەمیرتاش پێی گوتووە، ئیدی چاوەڕێ مەكە و دیارە ئازاد ناكرێم و بێئومێد بووە.
وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باس دەكرێت، ئازادبوونی دەمیرتاش كەمی مابوو و هەموو شتێك ئامادەكرابوو بۆ ئازاد بوون، بەڵام بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانن، حكوومەت پەشیمان بووەتەوە لەوەی ئازادی بكات، تاوەكوو ئێستاش روون نییە، چی لە پشت ئەو هەنگاوەی حكوومەتەوەیە بۆ ئازاد نەبوونی دەمیرتاش؟
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لێیان پرسی، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی ئازادبوونی دەمیرتاش جێبەجێ دەكەن؟ ئەردۆغان لە وەڵامدا گوتی: ”دادگای توركیا چی بڵێت ئەوە جێبەجێ دەكرێت“
دادگای توركیا، بەفەرمی رایگەیاند هەركاتێك ئەو نووسراوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاشەوە كردوویەتی بۆ ئازادبوونی بگاتە دەستیان، ئەوانیش جێبەجێی دەكەن.
توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، پێویستە هەموو بڕیارێكی ئەو دادگایە جێبەجێ بكات و ئەگەر جێبەجێی نەكات، دووچاری سزای تووند دەبێتەوە، دیارترینیان دەركردنی توركیایە لەو دادگایە و ئەگەر ئەوەش روو بدات، توركیا چەندین هەنگاو لە ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەورووپا دەچێتە دواوە، جگە لەوەش چەندین سزای تری مەعنەوی و ماددی هەن، رەنگە توركیا نەتوانێت بەرگەی بگرێت.
لە كاتێكدا باكوورییەكان چاوەڕێ بوون دەمیرتاش ئازاد بكرێت، كەچی دۆسییەیەكی تریان لەسەر كردەوە، بەوەی لە مێرسین لە كاتی وتاردا سووكایەتی بە ئەردۆغان كردووە، بۆیە داوا كراوە حەوت ساڵ زیندانی بكرێت، ئەمەش بۆچوونی ئەوەی لای شڕۆڤەكارانی دروست كرد، بەوەی نییەتێكی خراپ هەیە دۆسییەی دەمیرتاش بشێوێنرێت و نایانەوێت ئازادی بكەن.
جەنگیز چاندار و چەند سیاسییەكی تری سەر بە دەم پارتی دەڵێن، ئازادنەبوونی دەمیرتاش، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پرسی چارەسەری دەبێت، چونكە ناكرێت باس لە پرسی چارەسەری كورد بكرێت، بەڵام یەكێك لە سەركردە دیارەكانی وەكوو دەمیرتاش لە زیندان بێت، لە كاتێكدا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای كردووە ئازادی بكەن.
بۆچوونێكی تر هەیە لەناو میدیاكانی توركیا، بەوەی لە پرسی چارەسەری گرنگە دەمیرتاش رۆڵی پێبدرێت و لەسەر ئەو پرسە بۆچوونی وەربگیرێت و ئازاد بكرێت، بەڵام باس لەوە دەكرێت پەكەكە پێی خۆش نییە دەمیرتاش هیچ رۆڵێكی پێبدرێت، چوونكە ئەمە لە كاریگەریی عەبدوڵا ئۆجەلان كەم دەكاتەوە، بەتایبەت باس لەوەش دەكرێت، ئۆجەلان لە دەمیرتاش نیگەرانە و گوتویەتی هەڵەی كردووە كاتێك بە ئەردۆغانی گوتووە ”ناتكەین بە سەرۆك“.

