كارزان گلی – ههولێر
بەرپرسێكی باڵای پەكەكە، داوا لە حكوومەتی توركیا دەكات، هەنگاو بهاوێت بۆ ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەڵام پەرلەمانی توركیا و چەند بەرپرسێكی باڵای توركیا رەتی دەكەنەوە ئۆجەلان ئازاد بكرێت و ئەوەیان پێ هێڵی سوورە.
بەرپرسێكی باڵای پەكەكە، ئامەد مالازگیرت، كە ناوێكی خوازراوە، قسەی بۆ ئاژانسی (AFP) فەڕەنسی كردووە و داوا دەكات، توركیا هەنگاو بۆ ئازادبوونی ئۆجەلان بهاوێت.
ئەو بەرپرسە لە قەندیلەوە قسەی بۆ ئاژانسی (AFP) كردوە و دەڵێت: ”ئاپۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی پێویست بوو هاویشتی، ئێستا نۆرەی توركیایە و ئیدی هیچ هەنگاوێكی تر ناهاوێت.“
ئەو بەرپرسەی پەكەكە، باس لەوە دەكات پێویستە توركیا دوو هەنگاو بهاوێت، یەكەمیان ئەوەیە ئۆجەلان ئازاد بكات، ئەگەر ئەو هەنگاوە روو نەدات پرسی چارەسەری سەركەوتوو نابێت. هەنگاوی دووەمیش پێویستە لە دەستووری توركیادا، دان بە مافی كورددا بنرێت و بەفەرمی وەكوو نەتەوە بیناسێنن.
لە ١٢ی ٥ی ٢٠٢٥، پەكەكە بە فەرمی لە كۆنگرەدا خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا چەك فڕێ بدات، ئەمەش لەسەر داوای رێبەرەكەی ئۆجەلان بوو.
سێردا مەزڵووم، بەهەمان قسەی بۆ (AFP)كردووە و دەڵێت: ”تا سەرۆكمان لە زینداندا بێت، گەلی كورد ئازاد نابێت، ئێمەش وەكوو گەریلا، هەست بە ئازادی ناكەین.“
سێردا ئاماژەی دا، رێگەی ئازادبوونی ئەوان، بەرێگەی ئازادی ئۆجەلاندا تێپەڕ دەبێت و تا ئەو ئازاد نەبێت، ئەوانیش ئازاد نابن. هەروەها پێیوایە توركیا ئامادەیە لەڕووی سیاسییەوە دیموكرات بێت، بۆیە داوا دەكەن دەیانەوێت سەرلەنوێ توركیایەكی تاوە دابڕێژنەوە.
گوتیشی: ”ئێمە لەو روانگەیەوەیە دەڵێین خەباتمان بە شێوازێكی تر بەردەوامی پێدەدەین، بەڵام گەریلا كۆتایی نایەت.“
ئەوەی وای كرد باس لە ئازادبوونی ئۆجەلان بكرێت، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە بوو، كاتێك لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤دا، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكیدا و گوتی: ”با ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا و داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات بۆی هەیە داوای مافی ئومێد بكات.“
مافی ئومێد، لە دادگا مافی مرۆڤی ئەورووپا بوونی هەیە، كە توركیا ئەندامە تێیدا و لەوێدا هاتووە، هەر كەسێك زیاتر لە ٢٥ ساڵ زیندانی كرابوو، جا هەر تاوانێكی كردبێت پێویستە ئازاد بكرێت، بۆیە دەم پارتییەكان و پەكەكە، داوا دەكەن ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە.
بەرپرسانی ئاكەپە و جەهەپە، بەتوندی دژی ئەوەن ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە، ئەوان دەڵێن ئازادبوونی ئۆجەلان قسەی لەسەر ناكرێت و هێڵی سوورە، بەڵام دەكرێت لە زیندان كارئاسانی بۆ بكرێت و بتوانێت رۆژنامەنووسان و چالاكوانان و خانەوادەی خۆی ببینێت.
بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئازادبوونی ئۆجەلان لەسەر قسەیەكی باخچەلی وەستاوە، ئەگەر باخچەلی بڵێت با ئۆجەلان ئازاد بكرێت، ئاكەپە ناتوانێت رەتی بكاتەوە، وەكوو چۆن بە یەك وتار لەناو پەرلەمانی توركیا، دەرگای ئیمیڕاڵی كردەوە و شاندێكی پەرلەمانی توركیا چوونە ئیمیڕاڵی و چاویان بە ئۆجەلان كەوت، بەهەمان شێوە دەتوانێت رێگە خۆش بكات بۆ ئەوەی ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەڵام ئایە باخچەلی، بەبێ بەرامبەر ئەو داوایە لە پەرلەمانی توركیا دەكات؟
عەبدولڕەحمان سەماوی، سەرۆكی سەنتەری تەمل بۆ توێژینەوە رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت، مانگی داهاتوو مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی توركیا بكەن و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت.
سەماوی قسەی بۆ (وڵات تی ڤی) كردووە و دەڵێت: ”عەبدی و ئۆجەلان رێككەوتنێكی تازە ئیمزا دەكەن، بە چاودێری توركیا، كە تەواوكەری رێككەوتنی مانگی ئازارە و لە رێككەوتنەكەدا زامنی ئازادبوونی ئۆجەلان دەكرێت.“
تاوەكوو ئێستا، لە میدیاكانی توركیا و لەسەر زاری بەرپرسەكانیانەوە باس لەوە نەكراوە، مەزڵووم عەبدی دێتە توركیا و چاوی بە ئۆجەلان دەكەوێت، بەڵام ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر لە توركیا، پێشتر رایگەیاندبوو، ئۆجەلان ئازاد دەكرێت و دەیگوازنەوە بۆ ئەنكەرا و هەر لەوێش ژیانی هاوسەری پێكدەهێنێت.

