كارزان گلی – ههولێر
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە ماوەی دوو ساڵدا چوار جارە دەچێتە ناو كۆنگرەی ئاسایی و بڕیارە لەم كۆنگرەیەدا چەندین بڕیاری گرنگ بدرێت، بەتایبەت لەبارەی پرسی كورد.
لە ٢٨ تا ٣٠ی ئەم مانگە، جەهەپە چووە ناو ٣٩ یەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆی، بڕیارە گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدرێت، كە لە ١٧ ساڵی رابردوودا رووی نەداوە، بەڵام بوونەوەی ئۆزگوور ئۆزەل بەسەرۆكی جەهەپە بڕاوەتەوە و ركابەری نییە.
ماوەیەكی زۆرە جەهەپە لەژێر فشارێكی زۆر گەورەی حكوومەتدایە، چەندین سەرۆك شارەوانییان قەیوم كراوە و بەشێكیشی لە زیندانن، بۆیە لەم كۆنگرەیەدا باس لە خۆئامادەكردنیان دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، كە رەنگە لە كاتی خۆی نەكرێت و لە كۆتایی ٢٠٢٦ ئەنجام بدرێت.
لەژێر دروشمی (ئێستا كاتییەتی دەسەڵات بگرینە دەست) چوونە ناو كۆنگرەوە، ئامادەكاری تەواویان كردووە، وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی جەهەپەوە باس دەكرێت، گۆڕانكاری گەورە لەناو پارتدا دەكرێت و نوێبوونەوەیەكی كرداری و بێوێنە روو دەدات.
جەهەپە لەم كۆنگریەدا تەنیا داوا لە لایەنگرانی جەهەپە ناكات دەنگیان بدەنێ تا بگەنە دەسەڵات، ئەوان بەرنامەیان داناوە، لایەنگرانی پارتەكانی تریش دەنگیان بدەنێ، بۆ ئەمەش پلان و بەرنامەی تایبەتیان داناوە، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و ئاساییش و سۆسیالەوە، لەم كۆنگرەیەدا بە گرنگەوە باس دەكرێت و فۆكەسی سەرەكیش لەسەر ئەوەیە، چۆن بتوانن دەسەڵات بگرنە دەست؟
ئۆزگوور ئۆزەل، كە لە ٢٠٢٣ بووە سەرۆكی پارت و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ پشتگیری كرد، جارێكی تر دەبێتەوە بە سەرۆك و تاوەكوو ئێستا هیچ ركابەرێكی نییە. ئۆزگوور لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی سەرۆكە، توانیویەتی لایەنگرانی جەهەپە رازی بكات و وەكوو سەرۆكێكی بەهەیبەت و بوێر دەركەوێت، لە یەكەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤یشدا، توانی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت و بۆ یەكەمجار بوو دەنگەكانی بەپێش ئاكەپە كەوت و جەهەپە بووە پارتی یەكەم.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ڤیدیۆیەكی ٣ خوولەكی بڵاوكردەوە، داوا دەكات لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لەبارەی ئەو گەندەڵییانەی شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە ئەنجامیان داوە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری لەناو جەهەپە پەیدا كرد و واژوو كۆدەكەنەوە تا كلیچدارئۆغڵو لە جەهەپە دەربكرێت، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، كلیچدارئۆغڵو دەرناكرێت، بەڵام پەڕ و باڵی دەكەن و هەموو ئەو ئەندام و سەركردایەتییانەی سەر بەون، لە كۆنگرەدا دەرناچنەوە و ئیدی هیچ بەرپرسیارییەتییان نادرێتێ.
لە چەند رۆژی رابردوودا، كاتێك كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگیاندا بۆ چوونی شاندێك بۆ ئیمیڕاڵی و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا، جەهەپە دژی وەستایەوە و بە نەخێر دەنگیدا و هیچ ئەندامێكی پارتەكەی نەناردە ئیمیڕاڵی، ئەمەش كوردی توڕە كردووە و لە جەهەپە نیگەرانن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دەنگی جەهەپە لەناو كورددا زۆر كەمی كردووە، چوونكە بەو هەڵوێستەی سەلماندی دۆستی كورد نییە، بەڵكوو دژی هەموو مافێكی كوردە.
چەند دەزگایەكی راپرسی پێیانوایە، رەنگە ئەم هەڵوێستەی جەهەپە وا بكات، كوردەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان بدەن، ئەمەش لە كاتێكدایە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، دەنگیان بە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری جەهەپەدا.
لە گۆنگرەدا، جەهەپە بە گرنگەوە باس لەو پرسە دەكات و پەیامی ئەوەیان بۆ گەڕاوەتەوە كورد لێیان توڕەیە، بۆیە رەنگە چەند پەیامێكی تایبەتیان بۆ كورد هەبێت و بیانەوێت ئاشتیان بكەنەوە، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەكان دوای كۆنگرە، شاندێكی باڵای جەهەپە دەچێتە ئامەد و لەوێ لەگەڵ چین و توێژەكان كۆدەبنەوە و نییەتی جەهەپە بەرامبەر بە كورد روون دەكەنەوە.

