كارزان گلی – ههولێر
دوای چەندین گفتوگۆ و ناكۆكی لایەنەكانی ناو پەرلەمان، دواجار لیژنەی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و دیموكراتی و برایەتی)، بە ٣٢ دەنگی بەڵێ، بریاریاندا بچنە ئیمیڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كۆ ببنەوە.
چوونی شاندێك لە پەرلەمانی توركیا بۆ لای ئۆجەلان، بۆ ئەو مەبەستەیە تا ئەنجامی ئەو ١٨ كۆبوونەوەیەی لەبارەی پرسی چارەسەریی كوردەوە كراوە بەو بڵێن و بۆچوونی ئەویش لەوڕووەوە وەربگرن، چوونكە ئۆجەلان بە ئەندازیاری پرسی چارەسەریی كورد دادەنرێت و ئەوبوو داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە.
ئەوەی قسەی زۆری لەسەر دەكرێت و بووەتە باسێكی گرنگی توركیا، جەهەپەیە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و دەنگی بە چوونی شاندێك بۆ لای ئۆجەلان نەدا و رەتیان كردەوە، ئەمە كاردانەوەی گەورەی لای كورد دروست كرد.
چەند نووسەرێكی باكووری كوردستان، پێیانوایە هیچ كاتێك جەهەپە لەخەمی كورددا نەبووە، تەنیا بە قسە باسی پرسی كورد دەكات، نەچوونیان بۆ ئیمیڕاڵیش بەڵگەیە.
حەسەن بیلدیریجی، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، لە نووسینێكدا پێیوایە جەهەپە ئەو پارتە نییە كورد پشتی پێببەستێت، ئەوان هیچ كاتێك هەنگاو نانێن بۆ چارەسەری پرسی كورد، ئەوان لە هەموو سەردەمانێكدا دژی كورد و دۆزی كورد بوونە.
لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی سەرۆكایەتیی توركیا، دەم پارتی بەبێ هیچ مەرجێك بڕیاریاندا دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بدەن دژی رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەڵام ئەم هەڵوێستەی جەهەپە و دژایەتیكردنی چوونی شاندێك بۆ ئیمیڕاڵی، دەنگدەری كوردی هێناوەتە دەنگ و دەڵێن، ئێمە بێمەرج دەنگمان بەواندا، كەچی ئەوان دژی ئێمە وەستاونەتەوە.
ئاژانسی (BBC) توركیا بڵاوی كردووەتەوە، چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی پێیانوایە، ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا ئەنجام بدرێت، كورد دەنگ بە بەربژێری جەهەپە نادات و تۆڵەی خۆیان دەكەنەوە. هەروەها هەڵوێستی جەهەپە بۆ دژایەتی چوونیان بۆ ئیمیڕاڵی، بە هەڵەیەكی مێژوویی لێكدەنەوە.
جەهەپە دەڵێن، ئەوان دژی پرسی كورد نین، دژی ئەو هەنگاوانەن كە شەفاف نین، چوونی شاندێك بۆ لای ئۆجەلان پرسی كورد چارەسەر ناكات.
نووسەرانی سەر بە جەهەپە، پاڵپشتی لە هەڵوێستی پارتەكەیان دەكەن و دەڵێن، مێژوو دەینووسێتەوە تەنیا جەهەپە بوو دژی ئەوەبوو بچنە لای تیرۆریستێك و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
چەند مانگێكە باس لە چوونی شاندێك بۆ ئیمیڕاڵی دەكرێت، بەڵام ئاكەپە و جەهەپە هەڵوێستی روونیان نەبووە و تەنانەت ئاكەپە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خۆی لەو بابەتە دەدزییەوە، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە وتارێكدا گوتی: ”ئەگەر شاندێك نانێرنە ئیمیڕاڵی، بۆ خۆم و چەند هاوڕێیەكم دەچین، كەس هەیە رێگەمان لێ بگرێت؟“ ئەم گوتانەی باخچەلی، ئاكەپەی هێنا سەر هێڵ و بەپەلە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانیان ئەنجامدا و لەناو كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و دیموكراتی و برایەتی)، دەنگدان كرا، لە كۆی ٥١ ئەندام ٣٢ ئەندام بەبەڵێ دەنگیاندا.
تاوەكوو ئێستا روون نییە ئەو شاندە كەی دەچێتە ئیمیڕاڵی، بەڵام چوونیان لە ماوەیەكی نزیكدا دەبێت، ئەگەر هەیە جەهەپەش بۆ ئەوەی دڵی كورد لە خۆی رازی بكات، چەند هەنگاوێك بهاوێت و یەكێك لە هەنگاوەكان رەنگە داوا بكات، پەلە بكرێت لە ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هەروەها گیراوانی سیاسی كە ژمارەیان زیاترە لە ١٠٠ هەزار.

