یەكێك لە پرسە هەرە گرنگەكانی توركیا، پرسی چارەسەریی كوردە، كە لەناو پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنێكی ٥١ كەسیان بۆ پێكهێناوە و تاوەكوو ئێستا ١٨ جار كۆبوونەتەوە و چەندین پێشنیار كراوە، یەكێك لە پێشنیارەكان هێنانەوەی یاسایەكە ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە توركیا، بۆ دادگایی كردنی كورد دانراوە و دەیانەوێت هەمان یاسا بهێننەوە و بەسەر پەكەكەی جێبەجێ بكەن.
لە ١٩٢٥، شێخ سەعیدی پیران، سەرهەڵدانی دژی حكوومەتی ئەوكاتی توركیا دەستپێكرد و داوای مافی كوردی كرد، بەڵام موستەفا كەمال ئەتاتورك، لە بری ئەوەی لەگەڵ شێخ دابنیشێت و مافی كورد بدات، بەپێچەوانەوە بەهێز وەڵامی دانەوە و كۆمەڵكووژی كوردیان دەستپێكرد و شێخ سەعیدیش یەكێك بوو لەو كەسانەی لە دیل گیرا و پاشان لە سێدارەیاندا.
لە ١٩٢٨، لەناو پەرلەمانی توركیا، یاسایەكی تایبەت بە دادگاییكردنی ئەو كەسانە دامەزرا، كە لەگەڵ شێخ سەعیددا سەرهەڵدانیان كرد و داوای مافی كوردیان دەكرد، ئەو یاسایە ئەو كەسانەی دەگرتەوە، لەگەڵ شێخدا شەڕیان دژی حكوومەتی توركیا كردووە، بەڵام كاری نامرۆڤانەیان نەكردووە ، ئازاد دەكرێن، بەو مەرجەی نابێت جارێكی تر بە هیچ شێوەیەك دژی حكوومەت بوەستنەوە، ئەگەر دووبارەی بكەنەوە، لە سێدارە دەدرێن.
ئەم یاسایە كاری پێكرا و چەندین كەس ئازاد كران، بەڵام دەبێت ئەوەش باس بكرێت، دادگای (ئیستقلال) تایبەت بە سزادانی ئەو كەسانە دامەزرا كە بەشداری سەرهەڵدانیان كردبوو لەگەڵ شێخ و سەدان كەسیان لە سێدارەدا، تەنانەت بەشێكیان بەشداریشیان نەكردبوو، بەڵام چوونكە كورد بوون لە سێدارە دران و شەهید كران.
ئەو یاسایەی لە ١٩٢٨ لە پەرلەمانی توركیا دەرچوو، ناویان لێنابوو یاسای شێخ سەعیدی پیران، ئێستا لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆ چڕبووەتەوە، هەمان یاسا بگێڕنەوە تەنیا بۆ بابەتی پرسی چارەسەری كورد.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (DW)ی توركی، لەناو پەرلەمانی توركیا ئەو كۆمیسیۆنەی دروست بووە بەناوی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)، پێشنیاریان كردووە هەمان یاسای شێخ سەعیدی پیران بهێننەوە و چەكدارانی پەكەكەی پێ دادگایی بكرێن.
یەكێك لەو خاڵانەی باس دەكرێت، دوای ئەوەی پەكەكە بە یەكجاری چەكی فڕێدا، ئایە ئەو چەكدارانەی پەكەكە چارەنووسیان چی لێ دێت و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟ حكوومەتی توركیا و پەرلەمانی توركیا، چەندین پێشنیاریان كردووە، یەكێك لەوانە گێڕانەوەی یاسایی شێخ سەعیدی پیرانە، واتە چەكدارانی پەكەكە، ئەوانەی بەشدار نەبوونە لە تاوانی گەورە، لێخۆشبوونیان بۆ دەربكرێت، بەو مەرجەی جارێكی تر چەك دژی دەوڵەت هەڵنەگرن، گەرنا بەهیچ شێوەیەك لێخۆشبووونیان بۆ ناكرێت و سزای زۆر تووند دەدرێن.
تاوەكوو ئێستا دەم پارتی، لەبارەی گێڕانەوەی ئەو یاسایە هیچ قسەیەكی نەكردووە و بۆچوونی خۆیان دەرنەبڕیوە، بەڵام پێناچێت پاڵپشتی بكەن، چوونكە لەو یاسایەدا، شێخ سەعید وەكوو خائین مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، ئەگەر هەمان یاسا بهێننەوە پەرلەمانی توركیا، واتە هەموو چەكدارانی پەكەكە خائین بوونە، ئەمەش بەشێوەیەك لە شێوەكان كێشە بۆ كۆمەڵگەی توركیا دروست دەكات، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە دەم پارتی دژی دەوەستێتەوە.

