كارزان گلی – ههولێر
بۆ یەكەمجارە لەناو پەرلەمانی توركیا، دان بەزمانی كوریدا نرا، بەڵام دوای چەند خوولەكێك ئەو زمانە رەتكرایەوە و تەنیا توركییەكە كاری پێكرا، ئەمەش بووە باس و خواسی میدیاكانی توركیا.
روونە لە دەستووری توركیادا، تەنیا یەك زمان دانی پێدا نراوە، ئەویش زمانی توركییە، بەڵام بۆ یەكەمجار بوو، لە گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی توركیا، رێگە درا بەزمانی كوردیش كۆنووسی بودجە بنووسرێت، بەڵام دوای چەند خوولەكێك رەتكرایەوە.
وەزیری ناوەخۆی توركیا، لەكاتی گفتوگۆكردن لەبارەی بودجە و هەروەها نووسینی كۆنووسی گفتوگۆكان، لەگەڵ محەممەد روشدی، پەرلەمانتاری دەم پارتی كۆبووە و گفتوگۆیان لەو باره یەوە كرد. روشدی چەند وشەیەكی كوردی بەكارهێنا و ئەو وشەیەش چووە ناو كۆنووسی كۆبوونەوەكە و گفتوگۆكان و قبوڵ كرا، بەڵام دوای چەند خوولەكێك رەتكرایەوە.
ئەو وشەیەی روشدی بەكاری هێنا ئەمە بوو (شارەوانیی خەلفەتی) بوو، ئەو وشەیە قبوڵ كرا و چووە ناو كۆنووسەكەوە، پاشان لەناو پەرلەمانی توركیا لەسەر ئەو دوو وشەیە بووە هەرا و رەخنەی زۆری لێگیرا و هەردوو وشەكە هەڵگیرا. دوای ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو كۆنووسە كرا و خوێندرایەوە، دوو وشە كوردییەكە بینرا و دەرهێنرا، ئەمەش لەلایەن دەم پارتییەوە رەخنەی لێگیرا و لەناو پەرلەمانی توركیا دەمەقاڵێ دروست بوو،له ئەنجامدا وشەكان دەرهێنران و رەتكرانەوە.
پەرلەمانی توركیا، هێڵی سووری بەسەر وشە كوردییەكاندا نا و گوتیان ئەمانە رەتكراوەن، چوونكە لە زمانی توركی زیاتر، هیچ زمانێكی تر لەناو پەرلەمانی توركیا قبوڵكراو نییە.
باریژ جەلالی، وتەبێژی بزوتنەوەی زمانی كوردی لە باكووری كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەتەوەی كورد بە ملیۆنان هەژمار دەكرێن و بوونیان هەیە، كورد لە ئێران و توركیا، كە دوو وڵاتی گەورەن بوونیان هەیە و خاوەن زمانێكی گەورەن، گەچی بەئارەزووی خۆیان ناتوانن قسە بكەن.“
ئەمە جاری یەكەم نییە لەناو پەرلەمانی توركیا لەسەر زمانی كوردی دەبێتە هەرا، تەنانەت پەرلەمانتاریش خراوەتە زیندانەوە، بۆ نموونە لە ١٩٩١، ئەوكاتەی چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە باكووری كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ چوونە پەرلەمانی توركیا، لەیلا زانا و خەتیب دیجلە، بەزمانی كوردی سوێندی یاساییان خوارد و ئەمەش هەرایەكی گەورەی نایەوە، تەنانەت پەرلەمانتارە رەگەزپەرستەكان، هێرشی تووندیان كردە سەر لەیلا و خەتیب و بەخاین ناویان برد.
داواكاری گشتی توركیا، بەتۆمەتی ئەوەی ویستویانە جیاكاری بكەن و توركیا دابەش بكەن، بۆیە بڕیاری دەستگیركردنیانی دەركرد و لەیلا و چەند هاوڕێیەكی تری پەرلەمانتاری، بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا دران، ئەمەش بوە پەڵەیەكی رەش بە مێژووی پەرلەمانی توركیا.
هەروەها چەند جارێكی تریش، لەناو پەرلەمانی توركیا لەسەر قسەكردن بە كوردی، چەند پەرلەمانتارێكی هەدەپە سزا دراون، بەڵام زیندانی نەكراون.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، لە زمانی توركی زیاتر هیچ زمانێكی تر دانی پێدا نانرێت، ئەمەش كوردی نیگەران كردووە، چوونكە ژمارەیان بە ٢٥ ملیۆن دەخەمڵێنرێت، كەچی رێگەیان نادەن بەزمانی دایك بخوێنن و بنووسن.

