كارزان گلی – هەولێر
دۆناڵد ترەمپ، لە كۆشكەسپی پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا كرد، لەوێدا رێككەوتن كرا سووریا ببێتە ئەندام لەو هاوپەیمانییەی بۆ لێدان لە داعش دروست بووە، ئەمەش پرسی گرتووخانەكانی داعشی لە رۆژئاوای كوردستان هێناوەتە بەرباس، ئایە حكوومەتی سووریا دەتوانێت سەركەوتوو بێت لە بەڕێوەبردنی ئەو گرتووخانانەدا.
ساڵی ٢٠١٤ ئەمریكا توانیی هاوپەیمانییەتێكی نێودەوڵەتی دروست بكات بۆ لێدان لە داعش، توركیا هاتە ناو ئەو هاوپەیمانییەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریكا پاڵپشتی لە هەسەدە كرد بۆ لێدان لە داعش و وەكوو هێزێكی گەورەی سووریا تەماشای كرد، توركیا و ئەمریكا نێوانیان گرژیی تێكەوت و توركیا رۆڵی گەورەی لەو هاوپەیمانییەدا نەبینی. دوای ئەوەی ترەمپ و شەرع رێككەوتن سووریاش بێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە، بوونی هەسەدە بەهەمان شێوەی ٢٠١٤ بووەتە باسوخواس، ئایا ئەمریكا بەبێ هەسەدە رووبەڕووی داعش دەبێتەوە و پشت لە هەسەدە دەكات؟ ئایە شەرع دەبێتە جێگیرەوەی هەسەدە بۆ ئەمریكا بۆ لێدان لە گروپە تیرۆریستییەکەی داعش؟
چارەنووسی گرتووخانەكانی داعش لە رۆژئاوای كوردستان
نزیكەی ٢٠ گرتووخانە لە رۆژئاوای كوردستان تایبەت كراوە بە زیندانیانی گروپی تیرۆریستی داعش، كە بەشێكیان منداڵ و ژنی داعشییەكانی لێیە، هەموو ئەوانەش لە دوو كەمپدا جێی بۆ كراوەتەوە بەناوی (هۆل و ڕۆژ).
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە سووریا كۆبوونەوەیەكی گەورە کرا بۆ چارەنووسی ئەو داعشە زیندانیكراوانە و پێشنیار كرا، لە سووریا گرتووخانەیەكی گەورە دروست بكرێت و هەموو ئەو داعشانەی تێدا جێ بكرێتەوە، واتە ئەو كەمپەی رۆژئاوای كوردستان چۆڵ بكرێت و ئیدی بەڕێوەبردنی ئەو زیندانیانەی داعش بدرێتە دەستی حكوومەتی سووریاوە.
جێمس جێفری، سەركونسوڵی پێشووتری ئەمریكا لە توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”چەند ساڵێك لەمەوبەر، چەند داعشێك توانییان لەو كەمپانە رابكەن، ئەمریكا ناچار بوو سەیارەی زرێپۆش بخاتە رێ بۆ دەستگیركردنیان و شەڕێكی گەورە هەڵگیرسا؛ هەسەدە رۆڵی گەورەی بینیوە لە بەڕێوەبردنی ئەو گرتووخانانەدا و توانیویەتی بە جوانی بەڕێوەیان ببات؛ ئایا حكوومەتی سووریا ئەو توانایەی هەیە وەكوو هەسەدە ئیدارەی ئەو داعشانە بدات، ئەوە جارێ دیار نییە.”
رۆڵی تەحریرشام لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لێدان لە داعش، بەهاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی سووریا، پێنج جار ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجام داوە و لەو ئۆپڕاسیۆنانەشدا، توانیان ئەحمەد عەبدوڵا و ئەلمەسعوود بەدری دەستگیر بكەن، كە دوو بەرپرسی باڵای گروپە تیرۆریستییەکەی داعش بوون.
لە ٩ی ١١شدا، هەمان ئۆپەراسیۆن لە چەند شارێكی سووریا کرا، ٧١ كەس دەستگیر کران، كە سەر بە داعش بوون. باس لەوەش دەكرێت، ئەوكاتەی ئەحمەد شەرع لە ئیدلیب بووە و سەركردایەتی هێزی تەحریرشامی دەكرد، رۆڵی گەورەی هەبووە لەگەڵ ئەمریكا بۆ لێدان لە داعش، بەڵام جیمس ئەوە رەت دەكاتەوە و دەڵێت: ”لەو بڕوایەدا نیم رۆڵی گەورەیان بینیبێت، بەڵام كارئاسانییان كردووە بۆ كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی و چەند كەسایەتییەكی تری سەر بە داعش و قاعیدە، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدەدا كراوە، واتە رۆڵی هەسەدە گەورە بووە و ئەوان تەنیا كارئاسانییان كردووە و لەوە زیاتر رۆڵیان نەبووە.”

