رۆژنامەی ھەولێر

ترەمپ هەسەدە رادەستی شەرع دەكات؟

كارزان گلی – هەولێر

سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا بۆ كۆشكەسپی و پێشوازیکرانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئەو پرسیارەی وروژاندوە، ئایا ترەمپ هەسەدە رادەستی شەرع دەكات و پشتی تێدەكات؟

سەردانەكەی شەرع بۆ كۆشكەسپی و ئەو پێشوازییە گەورەیەی لێی كرا، مێژووییە و لە میدیاكانی جیهاندا دەنگی دایەوە، چونكە ئەمریکا پێشتر شەرعی پێ تیرۆریست بوو؛ تەنانەت زیاتر لە ١٠ملیۆن دۆلاریان دانابوو بۆ هەر كەسێك شوێنی شەرع ئاشكرا بكات، بەڵام ئەمجارەیان وەكوو سەرۆك و شۆڕشگێر پێشوازیی لێ كرا و ناوی هێنرا، ئەمەش هەسەدە و كوردی نیگەران كردووە، ترسیان هەیە بفرۆشرێن.
بەگوێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆری شرۆڤەكارانی سیاسی، دوو ئەگەر هەیە دەربارەی هەسەدە و ئایندەی ئەو هێزە لە سووریا.
یەكەم: رەنگە ترەمپ داوای لە شەرع كردبێت، مافی كورد بدات و پێویستە هەسەدە بچێتەوە سەر سوپای بەرگریی سووریا، بەو مەرجەی ناوچەی رۆژئاوای كوردستان خۆیان بەڕێوەی ببەن، واتە هەسەدە رادەستی سووریا ناكرێت و دەبیێت سووریا دانی پێدا بنێت. پێشتریش مەزلووم عەبدی گوتبووی، هەسەدە وەكوو هێز دەمێنێتەوە و رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەبات، بەڵام وەكوو میلاك دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا.
دووەم: رەنگە ترەمپ بڵێ با هەسەدە بەتەواوی خۆی رادەست بكات و پێویست ناكات رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە ببەن، واتە خۆڕادەستكردن.
بەڵام ئەگەری دووەم زۆر لاوازە و ئەگەر ترەمپ هەنگاوی لەو شێوەیە بهاوێت متمانە لەلای دۆستانی لە جیهان لەدەست دەدات، چونكە تاوەكوو ئێستاش رەخنە لە ترەمپ دەگیرێت بەوەی لە عەفرین رێگەی دا توركیا هێرش بكاتە سەر هەسەدە و ئەو شارە داگیر بكات.
وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییەی بۆ لێدان لە داعش دروست بوو، دژی ئەوەن هەسەدە چەك بكرێت و پشتی تێبكەن، ئەوان پێیان وایە مەترسییەكە زۆر گەورە دەبێت.
ئەڵمانیا و فەرەنسا، بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەن سووریا هێرش بكاتە سەر هەسەدە، چونكە شەڕێكی گەورەی ناوخۆیی هەڵبگیرسێت و، دەیان‌هەزاران کەسی دی ئاوارە ببن و ئەو ئاوارانەش روو لە ئەورووپا بكەن، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن بە رێگەی دیالۆگ ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێت.

توركیا و رۆڵی لە ئایندەی سووریادا
توركیا خۆی یەكلایی كردوەتەوە، كە هەسەدەی پێ تیرۆریستە و دەڵێت دەبێت بچنەوە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، هەروەها ژێرخانی سەربازیی سووریاش هەر توركیا دروستی دەكات، بەڵام تا چەند لەوەیاندا سەركەوتوو دەبێت، لە ئایندە روون دەبێتەوە.
میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە، توركیا پاڵپشتی لە سووریا دەكات بۆ لێدان لە هەسەدە. باسیان لەوەش كردووە، پێویستە تا سەری ساڵ هەسەدە خۆی رادەست بكات و شتێك نەمێنێت بە ناوی هەسەدە، ئەگەر ئەوە روو نەدات هێرش بۆ سەر هەسەدە دەستپێدەكات.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەربێتو توركیا پشتی سووریا بگرێت بۆ لێدان لە هەسەدە، پرسی چارەسەری لە توركیا كۆتایی پێ دێت، واتە ئەو هەوڵەی لەناو پەرلەمانی توركیا و لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان و حكوومەتی توركیاوە بۆ پرسی ئاشتی دەستپێكردووە، كۆتاییی پێ دێت و شەڕ هەڵدەگیرسێتەوە.
توركیا باش دەزانێت پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، گرێ دراوە بە پرسی كوردەوە لە رۆژئاوای كوردستان، واتە چەندە لەگەڵ رۆژئاوا نەرم بێت و دانوستان بكات، ئەوەندەش دانوستان لە باكووری كوردستان ئاسان دەبێت و پرسی چارەسەری ئەنجامی دەبێت.
ئەمریكا تاوەكوو ئێستا سیاسەتێكی روونی نییە بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەئاشكرا دژی هەسەدە نەوەستاوەتەوە، بەپێچەوانەوە تا دێت ئەو هێزە پڕ چەك دەكات، بەڵام خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە بەوەی دەبێت هەسەدە وەكوو هێز بمێنێت و رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە ببات، تەنیا لەژێر پەردە و كۆبوونەوە نهێنییەكاندا لەو ڕووەوە گفتوگۆ كراوە، بەڵام ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاو نەكراوەتەوە، ئەمەش گومانی لای كورد دروست كردووە.
هەسەدە بەهێزترین هێزی سووریایە، ژمارەیان زیاترە لە ١٠٠هەزار چەكدار و بە شێوەیەكی ئەكادیمی راهێنراون بۆ جەنگ و شەڕ دژی گروپە تیرۆریستییەکەی داعش، رۆڵێكی گەورەیان هەبوو و توانییان لە سووریا داعش تێك بشكێنن و لەناوی ببەن، بۆیە بەگوێرەی هەموو پێشبینییەكان ئایندەی سووریا بەبێ هەسەدە هیچ ئەنجامێكی نابێت و پەلاماردانی ئەو هێزە، سووریا دەباتەوە بۆ ٢٠١١ و رەنگە شەڕێكی گەورە بەرپا ببێت و ئەحمەد شەرع، لە بری ئەوەی سووریا ئاوەدان بكاتەوە و ئارامی بۆ وڵات بهێنێت، بە پەلاماردانی هەسەدە، ریسەكەی لێ دەبێتەوە بە خوری.