كارزان گلی – ههولێر
سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە توركیا، دەنگۆی ئەوەی بڵاو كردەوە پلان هەیە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە ئەنكەرا نیشتەجێ بكرێت.
ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر لە توركیا، ئاشكرای دەكات، پلان هەیە كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) سەردانی ئیمرالی بكەن و لەگەڵ ئۆجەلان كۆ ببنەوە، پاشان ئۆجەلان دەهێنرێتە پەرلەمانی توركیا و پاشان لە ئەنكەرا نیشتەجێی دەكەن.
ئۆزداغ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەكرێت، ئۆجەلانیش سەرەتا لەگەڵ كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) كۆ دەبێتەوە و پاشان لە ئەنكەرا نیشتەجێی دەكەن. هەموو ئەو پەكەكەیانەی نەخۆشن ئازاد دەبن، چەكدارەكانیش لە شاخ دێنە خوارەوە و كاریان بۆ دەدۆزرێتەوە. دەستووری توركیاش، بە گوێرەی ئەوەی ئۆجەلان دەیەوێت هەموار دەكرێتەوە.”
ئۆزداغ، كەسایەتییەكی سیاسی دژە كوردە، ئەو هەموو هەوڵێك دەدات تا لە توركیا شتێك نەمێنێت بە ناوی پرسی كورد و نایشارێتەوە كار بۆ ئەوە دەكات، بۆیە دەڵێت: ”كاری پارتی زەفەر ئەوەیە، هەموو ئەو پلانانەی دایانناوە تێكی بدەین و قبوڵی ناكەین، ئێمە بەڵێنی مستەفا كەمال ئەتاتورك بە جوانی لەگوێ دەگرین.“
ئەم گوتانەی ئۆزداغ دوای ئەوە هات، ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی توركیا بڵاوی كردەوە، تا سەری ساڵ، هەشتهەزار چەكداری پەكەكە دەگەڕێنەوە بۆ توركیا و لێبوردنیان بۆ دەردەچێت، هەروەها بەرپرسە باڵاكانی پەكەكەش كە ژمارەیان هەزار كەس دەبێت، دەچنە یەكێك لە وڵاتە ئەورووپاییەكان و لەوێ نیشتەجێ دەبن، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ توركیا.

