كارزان گلی – ههولێر
پڕۆژە گەورەكەی ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی، راكێشانی هێڵی شەمەندەفەر بووە لە ئیستانبۆڵەوە بۆ مەكە و ناوی پڕۆژەكەش هێڵی ئاسنینی حیجاز بووە. عوسمانییەكان لە دروستكردنی ئەو پڕۆژە گەورەیە نزیكبوون، بەڵام نەیانتوانی بیهێننە دی، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دوای ١٠٠ ساڵ دەیەوێت هەمان پرۆژە دەستپێبكاتەوە.
ئەو پڕۆژەیە لە سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەم دەستیپێكرد، ئامانج لێی گەیشتنی موسڵمانان بووە بە ئاسانترین شێوە بۆ مەكە و مەدینە، ئەگەرچی پرۆژەكە لە ئیستانبۆڵەوە بۆ شام و مەدینە تەواو بوو، بەڵام بۆ مەكە شكستی هێنا. ئەو رێگە ئاسنینە تا ماوەیەكی زۆر مابوو، بەڵام ئێستا ئاسەوای نەماوە و بەكەڵكی ئەوە نایەت بەكاربهێنرێتەوە، دەبێت سەر لەنوێ دروست بكرێتەوە.
ئاژانسی (BBC) توركی لەوڕوەوە بەدواداچوونێكی وردی كردووە و بڵاوی كردوەتەوە، ئوردن و توركیا و سووریا رێككەوتن لەسەر دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لە ئیستانبۆڵەوە بۆ مەكە و مەدینە، بەڵام تاوەكوو ئێستا سعوودیا رەزامەندیی دەرنەبڕیوە.
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیا، لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ ئاماژەی دا، هەرسێ وڵات لەبارەی ئەو هێڵە ئاسنینە گەیشتوونەتە رێككەوتن و پڕۆتۆكۆڵێكیشیان ئیمزا كردوە، بەڵام روون نییە، سعودیاش دەبێتە لایەنێكی ئەو پڕۆژەیە یان نا.
ئورالئۆغڵو، لە كۆنگریەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، سەرەتا هێڵە ئاسنینەكە لە سووریاوە دروست دەكرێت، هەنگاوی یەكەم ٣٠ كیلۆمەترە و توركیا پاڵپشتی دەكات، هەروەها وڵاتی ئوردنیش لەڕووی چاككردنەوە و تەكنیكییەوە پاڵپشتی پرۆژەكە دەبێت. توركیا لەرێگەی مینای عەقابەوە دەیەوێت دەریای سوور بەهێز بكات و بەرێگەی وشكانی بگاتە ئوردن، ئەمەش دەبێت لەرێگەی سووریاوە بێت، توركیا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پلانەی جێبەجێ بكات، بەرنامەیەكی گەورەی داناوە.
خەونی عەبدولحەمید كە نێوەچڵ بەجێ مابوو
لە بیرەوەرییەكانی عەبدولحەمیدی دووەمدا هاتووە، ئەو پڕۆژەیە خەونی بەجێماوی ئەو بووە، كە لە ١٩٠٠ بە فەرمانی پاشا بڕیار دراوە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت و ناویشیان لێناوە (حاجیزی ئاسنین)، لەڕێورەسمێكی گەورەشدا بەردی بناغەی پڕۆژەكە دانرا و دەست بەكاركردن كرا.
پڕۆژەی هێلی ئاسنین، بەدرێژایی ١٤٠٠ كیلۆمەتر دروست دەكرا، لە ئیستانبۆڵەوە بۆ مەدەینە و لەوێشەوە بۆ مەككە. ئەگەر پڕۆژەكە تەواو بكرایە، لە ئیستانبۆڵەوە دەتوانرا بگەیتە مەكە و فەریزەی حەج جێبەجێ بكرێت. ئامانجی سەرەكی پرۆژەكەش ئەوە بووە، هاووڵاتیان بەئاسانی بتوانن بگەنە مەكە، هەروەها عوسمانییەكان ویستویانە، هەموو ئەو وڵاتە عەرەبیانەی داگیریان كردوە بەیەكتری و بە توركیای ببەستنەوە.
بەشی یەكەمی پڕۆژەكە بە ئامادەبوونی عەبدولحەمیدی دووەم، لە ١٩٠٨ تەواو بوو و لە رێوڕەسمێكی گەورەدا كرایەوە، بەڵام هێڵی شەمەندەفەر نەگەیشتە مەكە و لە مەدینە كۆتایی پێ هات، واتە هێڵەكە تا مەدەینە تەواو بوو.
لەبارەی ئەوەی بۆچی پڕۆژەكە نەگەیشتە مەكە و لە مەدینە مایەوە، نەجلا گولای مێژوونووسی توركیا، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت، لەلایەن قەبیلەی بەدەوییەكانەوە هێرش كرایە سەر ئەو پرۆژەیە و پێیان وابووە لە ئابوورییان دەدرێت، چونكە حاجیان كاتێك هاتوونەتە مەدینە، لەوێوە حوشتریان بەكرێ گرتوە و بە حوشتر چوونەتە مەكە، ئەگەر هێڵی شەمەندەفەر هەبوایە، كەس حوشتری ئەوانی بەكرێ نەدەگرت، بۆیە رێگەیان بەتەواوكردنی پرۆژەكە نەدا.
لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، ئیمپراتۆڕی عوسمانی لاواز بوو و بەریتانیا و فەڕەنسا توانیان بەشێكی زۆری ئەو خاكەی لەدەستی عوسمانی بوو داگیری بكەن، بۆیە پڕۆژەكەیان بەتەواوی لەناو برد. ئەو پرۆژە گەورەیەش بە وەرگرتنی قەرز بووە لە بانكی كشتوكاڵی، هەروەها هەموو ئەو كەسانەی سەر بە عوسمانی بوون و لە وڵاتانی رۆژئاوا دەژیان، پارەیان بۆ ئەو پڕۆژەیە نارد و پاشان لە رێگەی زیادكردنی باجەوە، توانرا پارەی ئەو پڕۆژەیە دابین بكرێت، ئەگەرچی خەونەكە نەهاتە دی، چونكە رێگەیان نەدا بگاتە مەكە و لە مەدینەشەوە پڕۆژەكە لەناو بردرا.
بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئاخۆ ئەردۆغان دەتوانێت دوای ١٠٠ ساڵ خەونی عەبدولحەمید بهێنێتە دی؟ چونكە سعوودیا پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەرنەبڕیوە و هەروەها نازانرێت ئاخۆ دیزانی پڕۆژە تازەكە چۆنە و ئاخۆ بەناو رۆژئاوای كوردستاندا تێپەڕ دەبێت یان نا؟

