هەوڵەكان بۆ ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە چر بووەتەوە، ئەگەر هەیە بڕیار لە ئازادبوونی بدرێت.
كارزان گلی – ههولێر
دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێ جار داوای لە توركیا كرد دەمیرتاش ئازاد بكات و توركیا رەتی كردەوە، فشارەكان بۆ سەر توركیا زیادی كردووە، بەتایبەت لەلایەن دەم پارتی و چەند رێكخراوێكی جیهانی.
دەم پارتی، پرسی چارەسەری كوردی لە توركیا بە هەلێكی باش زانیوە، تا لەو رێگەیەوە باس لە ئازادبوونی دەمیرتاش بكات و چەند جارێك بە فەرمی داوایان كردووە، دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، ئازاد بكرێن، چونكە ناكرێت پرسی چارەسەری لە گۆڕێ بێت، كەچی دەمیرتاش و فیگەن لە زیندان بن، ئەمە كاریگەریی خراپی لەسەر ئەنجامی پرسەكە دەبێت.
چەند میدیایەكی توركیا باس لەوە دەكەن، لە دوا سەردانیاندا بۆ لای رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، شاندی ئیمرالی كە لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار پێك هاتوون، داوایان لە ئەردۆغان كردووە دەمیرتاش ئازاد بكات، بەڵام وەڵامی ئەردۆغان نەزانراوە.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، فشارەكان بۆ ئازادبوونی دەمیرتاش زۆر زیادی كردووە و داوا دەكرێت بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكەن و دەمیرتاش و یوكسەكداغ ئازاد بكرێن، چونكە ئەم هەنگاوەی توركیا پرسی چارەسەری كورد لە توركیا خێراتر دەكات و ئومێدێكی زۆریش بۆ باكوورییەكان دەگەڕێتەوە، بەوەی ئەمجارەیان حكوومەت راستگۆیە لەبارەی چارەسەری پرسی كورد و هەڵناخەڵەتێنرێن.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، زیاتر لە ٢٥ كەسایەتی سیاسی و نووسەری توركیا، لە رێگەی نامەیەكەوە داوایان لە حكوومەتی توركیا كرد، عوسمان كاڤالا، چالاكوانی توركیا ئازاد بكات، كە زیاتر لە هەشت ساڵە زیندانی كراوە، بەڵام ناوی دەمیرتاش نەهاتووە، ئەمەش نیگەرانی لێكەوتەوە و داوایان كرد، چۆن داوا دەكەن كاڤالا ئازاد بێت، دەمیرتاشیش پێویستە ئازاد بێت و بۆ هەردووكیان لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە داوا لە توركیا كراوە ئازادیان بكەن.
سەلاحەدین دەمیرتاش، لە تازەترین وتاریدا داوا دەكات پرسی چارەسەری كورد بایەخی زیاتری پێبدرێت و هەروەها كار بكرێت بۆ ئەوەی خۆشەویستیی لە نێوان كورد و توركدا دروست ببێت، واتە تا كۆمەڵگەی تورك و كورد یەكتری قبوڵ نەكەن، دەركردنی یاسا هیچ سوودێكی نابێت.
هەروەها داوا دەكات، زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێن و هەموو ئەو شارەوانییانەی لەلایەن حكوومەتەوە قەیوم كراوە، بگێردرێنەوە، ئەم هەنگاوانە گرنگییەكی زۆری بۆ ئەنجامی پرسی چارەسەری دەبێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش، لە ٣ی ١١ی ٢٠١٦، بە تۆمەتی ئەوەی بانگەشەی بۆ تیرۆر كردووە، هەروەها خەڵكی هان داوە بۆ ئاژاوە و دابەشبوونی توركیا، زیندانی كرا و پاشان بڕیاری زیاتر لە ٤٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە و پێویست دەكات بڕیارەكانی وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، سێ جار داوای لە توركیا كرد دەمیرتاش ئازاد بكات، چونكە هەموو ئەو بەڵگانەی خراوەتە روو بۆ سزادانی بەڵگەی پێویست نین و شایانی ئەوە نین بەو بەڵگانە زیندانی بكرێت.

