كارزان گلی – ههولێر
گەشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ وڵاتانی كەنداو، كڕینی چەند فڕۆكەیەكی جەنگیی یۆرۆفایتەری لێ دەكەوێتەوە، ئاژانسی رۆیتەرزیش زانیاری تازەی لەو ڕووەوە بڵاوكردەوە و دەڵێت تەنیا ماوە رێككەوتنەكە ئیمزا بكرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆیتەرز، توركیا فڕۆكەی جەنگیی یۆرۆفایتەر (Eurofighter)ـی نیمداشت (دەستی دوو)ـی قەتەر و عومان دەكڕێتەوە، بۆ ئەمەشیان پێویست دەكات، رەزامەندیی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیای بۆ وەربگیرێت.
توركیا ٢٨ فڕۆكەی (Eurofighter) دەكڕێت، لە مانگی تەمووزیشەوە گفتوگۆی لەو ڕووەوە كردووە و ئەو وڵاتانەی رازی كردووە. هەروەها لەبارەی نرخی ئەو فڕۆكەیە و چۆنیەتیی كڕینی، لەگەڵ وڵاتانی كەنداو قسە دەكات.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە ئەنكەرا پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا و ئەڵمانیا دەكات بۆ ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە، بەڵام توركیا هیچ زانیارییەكی بڵاو نەكردووەتەوە.
ئەو سێ وڵاتە، فرۆشتنی قەدەغەكردنی چەك بۆ توركیایان هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە فرۆشتنی فڕۆكەی یۆرۆفایتەر بە توركیا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزیری بەرگری توركیا و بەریتانیا، رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد كە تایبەت بوو بە كەرتی سەربازی و رەنگە كڕینی یۆرۆفایتەریش یەكێك بێت لەو رێككەوتنە.
میدیاكانی ئەڵمانیا، زۆر رەخنەیان لە حكوومەتی وڵاتەكەیان گرتووە، بەوەی پێویست ناكات رێگە بدەن توركیا ببێتە خاوەنی ئەو فڕۆکەیە و هەروەها رێکەوتی ٢٣ی تەمووز، حكوومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی بڕیاری دا دەست بکاتەوە بە فرۆشتنی فڕۆكە بە توركیا.
ئاسمانی توركیا لە ڕووی سەربازییەوە لاواز بووە
دوای ئەوەی ئەمریكا، توركیای لە پرۆگرامی فڕۆكەی جەنگیی (F35) دەركرد، هێزی ئاسمانیی توركیا لاواز بوو، چونكە جیا لەوەی لەو پرۆگرامە دەركرا، ئەمریكا تاوەكوو ئێستا رەزامەند نەبووە، فڕۆكەی جەنگیی (F16) بۆ نوێ بكاتەوە كە بەشێكی زۆری ئەو فڕۆکەیە لەكاركەوتووە و پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە و تەنیا ئەمریكا دەتوانێت كاری تێدا بكات.
ئەردۆغان، لە كاتی چوونی بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆك ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، داوای لێكرد توركیا بخەنەوە ناو پڕۆگرانی فڕۆکەی جەنگیی (F35)، ئەگەرچی ترەمپ رەزامەندی نیشان دا، بەڵام پێویست دەكات، ئەنجوومەنی پیران بە كۆی دەنگ ئەو بڕیارە بدات.
ساڵی ٢٠١٧، توركیا سیستەمی بەرگریی (S400)ـی لە رووسیا كڕی، ئەمەش ئەمریكا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی نیگەران كرد و وەكوو سزایەك بۆ توركیا، بڕیاریان دا توركیا لە پرۆگرامی فڕۆکەی (F35) دەربكەن و ئەمەش زیانێكی گەورە بوو بۆ توركیا.
تایبەتمەندییەكانی یۆرۆفایتەر
_ یەك یان دوو فڕۆكەوانی پێویستە؛
_ فڕۆكەكە ١٥.٩٦ مەتر درێژە؛
_ باڵەكانی ١٠.٩٥ مەتر پانە؛
_ تا ٥.٢٨ كیلۆمەتر بەرز دەبێتەوە؛
_ بە سەعاتێک ٢١٢٥ كیلۆمەتر دەبڕێت.

