رۆژنامەی ھەولێر

ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەڵوێستی لەبارەی خوێندن بەزمانی كوردی لە توركیا راگەیاند

كارزان گلی – هه‌ولێر

نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەسەر لیستی ئاكەپە، لە ئامەدی باكووری كوردستان، شیعرێكی بەزمانی كوردی خوێندەوە، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و سیاسییەكانی توركیا قسەیان لەسەر كرد، یەكێك لەوانە مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ بوو.

بەشێك لە سیاسییەكان هۆشداریان دایە پەرلەمانی توركیا، بەوەی بە هیچ شێوەیەك نابێت رێگە بدرێت كورد بەزمانی دایك بخوێنێت، بەڵام دەم پارتی و ئەوانەی بڕوایان بەمافی گەلان هەیە، پشتگیریی لە خوێندن بەزمانی كوردی دەكەن.
كورتوڵمووش، لە كاتی سەردانیكردنی بۆ ئامەد و چوونی بۆ زانكۆی دیجلە، لەوێ شیعرێكی بەزمانی كوردی خوێندەوە، پاشان ئەو شیعرەی لە پەیجی فەرمی پەرلەمانی توركیا دانا، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوادا هات.
ئەگەرچی مەهەپە پشتگیریی لە پرسی چارەسەری كورد دەكات و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی ئەو پارتە بە ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارەی توركیا دادەنرێت، بەڵام بەهۆی خوێندنەوەی ئەو شیعرە لەلایەن كورتوڵمووشەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنەكەی رەخنەی لێی گرت، ئەمەش دەم پارتی نیگەران كرد و گوتیان بۆچی رەخنە دەگرن، كورد دەبێت بەزمانی دایك بخوێنێت و خوێندن بەزمانی كوردی مافێكی شەرعی نەتەوەی كوردە لە توركیا.
مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا لەسەر لیستی جەهەپە، لە هەژماری خۆی لە (X) بەشداری ئەو گفتوگۆیەی كرد و دەڵێت، ئەگەر دەتانەوێت بزانن خوێندن بەزمانی دایك چۆنە، پێویستە بچن وتارەكەی (گووربوز ئێڤرەن) بخوێننەوە لەوبارەیەوە بڵاوی كردووەتەوە.
گووربوز، لە ئاژانسی (ئیندیپێنت)ی توركی، لەبارەی خوێندن بەزمانی دایك وتارێكی نووسیوە و دەڵێت پێویستە نموونە بەوڵاتانی ئەورووپا بهێنینەوە، بزانین ئەوان رێگە دەدەن نەتەوەكانی تر بەزمانی دایك بخوێنن.
ئەو لەوتارەكەیدا ئاماژەی بە چەند وڵاتێك داوە لەوانە (ئەڵمانیا، نەرویژ، پۆڵۆنیا، ئیتاڵیا و فەڕەنسا)، كە رێگە نادەن بەهیچ شێوەیەك لە زمانی خۆیان زیاتر هیچ زمانێكی تر لە قوتابخانەكاندا بخوێندرێت.
ئەو نووسەرە باسی ئەوەی نەكردووە، لەو وڵاتانە راستە نەتەوەی جیاوازی لێیە، بەڵام نەتەوەكان ژمارەیان زۆر كەمە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، خەڵكی دانیماركی لێیە، بەڵام رێژەكەیان ناگاتە ١٪، بەڵام لە توركیا رێژەی كورد ٢٥٪ە و بە ٢٥ ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت.
مەنسوور یاڤاش، كەسایەتییەكی سیاسی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ئەگەر بێتو بەفەرمی رێگە لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بگیرێت بۆ بەربژێربوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئەوكات مەنسوور یاڤاش، بەهێزترین بەربژێری جەهەپەیە.
بەڵام وەكوو ئەوەی دەزگاكانی راپرسی باسی دەكەن، ئەگەر یاڤاش ببێتە بەربژێر، كورد دەنگی پێنادات، چوونكە یاڤاش كەسێكی نەژادپەرستە و بەهەموو شێوەیەك كورد رەتدەكاتەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکكۆماری توركیایە، چوونكە دەنگدەری كورد بۆ هەڵبژاردنەكانی توركیا یەكلاكەرەوەیە و پاڵپشتی لە هەر بەربژێرێك بكات، ئەو بەربژێرە شانسی بردنەوەی زیاترە.
پێشتریش یاڤاش، سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كرد و وەكوو پارچە پەڕۆیەك ناوی هێنا، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە لە وتارێكدا داوای لێبوردنی لە كورد كرد و ئاماژەیدا، ئەگەر لەو هەڵوێستەی یاڤاش نیگەران بوون، ببوورن مەبەستی خراپی نەبووە.