ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، سێ دیپلۆماتکاری قەتەری لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە شاری شەرم شێخی میسر گیانیان لەدەست داوە و دووانی دیکەش بریندار بوون. شاندەکە بۆ بەشداریکردن لە ئامادەکارییەکانی لووتکەی ئاشتیی غەززە، بەرەو شارەکە دەڕۆیشتن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بەرەبەیانی یەکشەممە، لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، سێ دیپلۆماتکاری قەتەری لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە شاری شەرم شێخی میسر گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، دوو دیپلۆماتکاری دیکەش لە هەمان ڕووداودا بریندار بوون.
شاری شەرم شێخ خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی دووشەممە، بۆ دانانی دوا وادەکان لەسەر ڕێککەوتنێک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
سەرچاوە قەتەرییەکان ناسنامەی ئەو سێ کەسەیان ئاشکرا کردووە کە گیانیان لەدەستداوە، ئەوانیش: (عەبدوڵڵا بن غانم خیارین، حەسەن جابر جابر و سعود بن سامر ئال سانی). هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە، بریندارەکان (محەمەد بوعەینین و عەبدوڵڵا عیسا ڕەبیعە کواری) لەژێر چاودێریی چڕدان و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەرم شێخ.
ڕووداوەکە لەسەر ڕێگەی نێودەوڵەتیی باشووری سینا، 50 کیلۆمەتر پێش گەیشتن بە شارە گەشتیارییەکە ڕوویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلی شاندەکە وەرگەڕاوە.

