رۆژنامەی ھەولێر

ئۆجەلان داوا لە هەسەدە دەكات چەك دابنێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە تازەترین وتاریدا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كرد، پەیامێك بۆ هەسەدە بنێرێت و داوایان لێ بكات چەك دابنێن، چونكە پرسی ئاشتی بە چەكەوە ناگاتە ئەنجام. ئایا ئۆجەلان، لەسەر داوای باخچەلی داوا لە هەسەدە دەكات چەك دابنێت؟

چەند مانگێك لەمەوبەر، محەمەد ئۆجەلان، برای ئۆجەلان بە سەردان چووە ئیمرالی و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بۆچوونی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای كوردستان گوتی: ”ئۆجەلان لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە گوتی، نابێت چەك دابنێن و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان جیاوازە لە باكووری كوردستان.“
توركیا، هەسەدەی پێ گروپێكی تیرۆریستە، داوایشی لە وڵاتانی ناتۆ و ئەورووپا كردووە هەسەدە بخەنە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام هیچ وڵاتێك بە گوێی توركیای نەكردووە و بەپێچەوانەوە دەڵێن هەسەدە هێزێكی شەرعیی سووریایە و ئەندامی هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییەکەی دژی داعشە و خەبات و تێكۆشانی لەوڕووەوە زۆر كردووە.
ئۆجەلان، چەندین پەیامی بەفەرمی لە رێگەی شاندی ئیمرالییەوە ناردووە و پەیامەكەشیان بۆ رای گشتی توركیا و كورد بڵاو كردووەتەوە، بۆ نموونە پەیامی بۆ پەكەكە نارد و داوای لێ كردن چەك دابنێن، هەروەها پەیامی بۆ كوردانی ئێزدی و كەمپی مەخموور و ئافرەتان نارد، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بە فەرمی پەیامی بۆ رۆژئاوای كوردستان نەناردووە، بۆیە گوتەكەی محەمەدی برای لە لای دەوڵەتی توركیاوە بەهەند وەرنەگیرا، ئەوان دەڵێن ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا لە ٢٦ی٢ی٢٠٢٥، بەڕوونی داوای لە پەكەكە و هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە كردووە چەك دابنێن، كە هەسەدەش دەگرێتەوە.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێی مشتومڕی شرۆڤەكارانی سیاسی، هەسەدە بەهیچ شێوەیەك ناڵێت ئێمە لەژێر كاریگەریی پەكەكە و ئۆجەلانداین، تەنانەت ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپاش لەو ڕوانگەیەوەیە هەسەدەیان پێ تیرۆریست نییە و دەڵێن جیایە لە پەكەكە، بۆیە پەیامی ئۆجەلان بە هیچ شێوەیەك بەسەر خۆیاندا جێبەجێ ناكەن، لە بەرامبەردا توركیا دەڵێت، هەسەدە تیرۆریستە و لەگەڵ پەكەكەدا جیاوازی نییە.
وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئۆجەلان داوا لە هەسەدە ناكات چەك دابنێت، ئەمەش دوای ئەو دوو كۆمەڵكووژییە بوو كە حكوومەتی سووریا دژی عەلەوییەكان و دوورزییەكان ئەنجامیدا، كورد بەگومانن لە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سووریا.
محەممەد ئێفا، لێكۆڵەری سیاسی پێیوایە، بارودۆخی سووریا جیاوازە و هەسەدە توانیویەتی شەرعییەتی نێودەوڵەتی هەبێت، چونكە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە مەسیحی و دوورزی و عەلەوی بوونیان هەیە و بەهیچ شێوەیەك پەلامار نەدراون و كۆمەڵكووژ نەكراون، بەڵام رژێمی شەرع، سەلماندی پێكهاتەكانی تری سووریای قبوڵ نییە و رەتیان دەكاتەوە، بۆیە توركیا هەڵە دەكات بیەوێت هەسەدە لەناو ببات.
باخچەلی بەفەرمی داوای لە ئۆجەلان كردووە پەیام بۆ هەسەدە بنێرێت و چەك دابنێن، بەڵام بەرپرسانی دەم پارتی وەڵامیان داوەتەوە، كە بارودۆخی سووریا جیاوازە و ناكرێت ئەو داوایە لە هەسەدە بكرێت، تەنانەت بەشێكیان دەڵێن، بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری كورد لەنگەری نەیەتە پێش، نابێت كێشە بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست بكرێت.
چاوەكان لەسەر ئیمرالین، ئاخۆ رێبەری پەكەكە بڕیارە قورسەكە دەدات بۆ چەكدانانی هەسەدە، یان داواكەی باخچەلی پشتگوێ دەخات. ئەگەر ئۆجەلان هیچ پەیامێكی بۆ هەسەدە نەبوو، بەو مانایە دێت نایەوێت چەك دابنێن و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێن لە خەبات بەردەوام بن. لە چەند رۆژی داهاتوو بۆچوونی ئۆجەلان روون دەبێتەوە، بەتایبەت شاندی ئیمرالی بەنیازن جارێكی تر بچنەوە لای ئۆجەلان و رەنگە لە رێگەی ئەوانەوە بۆچوونی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای كوردستان روون ببێتەوە و بە فەرمی بڵاو بكرێتەوە.