رۆژنامەی ھەولێر

لە ٧٠٪ی دەنگدەری دەم پارتی دەنگ بە هاوپەیمانیی كۆماری نادەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە تازەترین راپرسیدا لە توركیا، سەرەڕای پاڵپشتی عەبدوڵا ئۆجەلان لە هاوپەیمانیی كۆماری و بوونی پڕۆسەی ئاشتی، ٧٠٪ی دەنگدەری دەم پارتی، دەنگ بە هاوپەیمانیی كۆماری نادەن.

دەزگای راپرسی (بوپار) لە توركیا، لە مانگی ئەیلوولدا راپرسییەكی ئەنجامداوە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر ئۆجەلان و دەم پارتیش پاڵپشتی لە هاوپەیمانیی كۆماری بكەن، ٧٠٪ی دەنگدەری دەم پارتی دەنگ بەو هاوپەیمانییە نادەن.
دەنگۆی ئەوە هەیە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی لە توركیا، دەم پارتی بەهۆی بوونی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بدەن، هەروەها بچنە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام دەزگاكانی راپرسی، پێیانوایە لایەنگرانی دەم پارتی بەشێكی زۆری بە گوێی پارتەكەیان ناكەن.
لە راپرسییەكەدا هاتووە، ئەگەر بێت و ئۆجەلان داوا لە دەم پارتی بكات، پاڵپشتی لە هاوپەیمانیی (كۆماری) بكەن كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە دروست بووە، وەكوو دەنگدەر وەڵامت چی دەبێت؟ ئەنجامی راپرسییەكە بەو جۆرەیە:

٤٧٪ی دەڵێن پاڵپشتی ناكەم و دەنگ بەو هاوپەیمانییە نادەم.
٩.٨٪ دەڵێن ناچینە سەر سندوقی دەنگدان ئەو بڕیارێكی لەو شێوەیە بدرێت.
٣١.٢٪ی دەڵێن پاڵپشتی لە بڕیاری پارتەكەم دەكەم.
١١.٦٪ی دەڵێن هیچ شتێك ناڵێین و جارێ بڕیار نادەین.
بەگوێرەی ئەم ئەنجامە بێت، ٧٠٪ی دەنگدەری دەم پارتی، دەنگ بە هاوپەیمانیی كۆماری و ئەردۆغان نادەن.
بەڵام دەم پارتی و ئەو دەزگایانەی سەر بەو پارتەن دەڵێن، ئێمە چی بەدەنگدەرمان بڵێین بەگوێمان دەكەن، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٣، گوتمان دەنگ بە بەربژێری جەهەپە، كەمال كلیچدارئۆغڵو بدەن و بە گوێی ئێمەیان كرد.

دەم پارتی، لەبارەی ئەوەی پاڵپشتی لە هاوپەیمانیی كۆماری دەكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوو؟ بەشێكی زۆری سەركردەكانیان دەڵێن جارێ زووە قسە لەوبارەوە بكەین، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتییە لە توركیا.
دەزگای راپرسی ناوبراو، لە ٢٦ شاردا راپرسی لەگەڵ ٢ هەزار ٥١٢ كەسدا كردووە، پاشان ئەنجامەكەی بەوشێوەیە بووە كە لەسەرەوە باس كراوە.
هەر لە راپرسییەكەدا لە دەنگدەریان پرسیوە، ئەگەر ئەردۆغان دەستووری هەموار كردەوە و رێگەی بەخۆیدا بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئایە پاڵپشتی لەو هەنگاوە دەكەیت؟ ٧١.٢٪ی بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.

لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، كاتێك شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، ئۆجەلان پێیانی گوتبوو، سەلاحەدین دەمیرتاش هەڵەی كرد بە ئەردۆغانی گوت ناتكەین بە سەرۆك، چوونكە لە توركیا كێ دەبێتە سەرۆك گرنگ نییە، گرنگە ئەوەیە ئامانجی خۆمان بەدەست بهێنین. دوای ئەم گوتانە، دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە، ئۆجەلان پشتگیری لە ئەردۆغان دەكات لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا كە بڕیارە بەر لە ٢٠٢٨ ئەنجام بدرێت.
ئەوەی مایەی پرسیارە و چاوەڕواننەكراوە، هەر لەو راپرسییەدا لە دەنگدەریان پرسیوە، ئەگەر جەهەپە دەسەڵات بگرێتە دەست، ئایە دەتوانێت قەیرانی دارایی لە توركیا چارەسەر بكات؟ ٧٠٪ی بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە، واتە دەنگدەر ئۆپۆزسیۆنی توركیاشی قبوڵ نییە و ئومێدیان پێی نییە لە داهاتوو قەیرانی دارایی چارەسەر بكات.