محەمەد لادێ
وڵاتی چین بەرزترین پردی جیهانی دروست کرد و جارێکی دیکە ڕیکۆردی بەرزترین پردەکانی جیهانی شکاند.
ڕۆژی یەکشەممە بەرزترین پردی جیهان لە وڵاتی چین کرایەوە، پردی دۆڵە گەورەکەی هواجیانگ، لە شاری گۆیژۆ لە باشووری ڕۆژئاوای چین ئێستاکە بەرزترین و سەرسوڕهێنەرترین پردە لە جیهاندا. پردەکە ٢٨٩٠ مەتر درێژە، ماوەی گەشتکردن بەنێو دۆڵێکی قووڵدا لە دوو کاتژمێرەوە بۆ دوو خولەک کەم دەکاتەوە و بەشی هەڵواسراوی پردەکە ١٤٢٠ مەترە و بەرزی پردەکە ٦٢٥ مەترە کە لەسەر ڕوباری بیپان لە ناوچەیەکی شاخاوی پاەێزگای گویژۆ دروستکراوە. پرۆسەی دروستکردنی پردەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە دەستی پێ کرد و تەواوبوونەکەی نزیکەی ٣ ساڵی خایاندووە.
ئاژانسی هەواڵی شینهوای چینی بڵاوی کردەوە، پردی دۆڵی هواجیانگ، بەرزییەکەی نزیکەی ٩ هێندەی پردی گۆڵدن گەیتی سان فرانسیسکۆیە. هاوکات وەک ئەوەى لەبارەى پردەکەوە ئاشکراکراوە، کێشى پردەکە ٢٢هەزار تۆن زیاترە کە ئەوەش سێ ئەوەندەى تاوەرى ئیفل قورسە، ئەوە جگە لەوەى بەرزییەکەشى نزیکەى دوو هێندەى تاوەرى ئیفڵە.
ئەڵبەت وڵاتی چین لە ڕووی پردە بەرز و هەڵواسراو و سەرسوڕهێنەرەکانەوە پێشەنگی جیهانە و پلەی یەکەمی گرتووە، چونکە پێشتریش بەرزترین پردی جیهان هەر لە وڵاتی چین بووە لە نێو بەرزترین پردەکان پلەی یەکەم تا شانزەیەم لە جیهاندا هەر لە وڵاتی چینە. ئەم پارێزگایەش کە ئێستا ئەم پردە بەرزەی لێ دروستکراوە (پارێزگای گۆیژۆ) بەوە ناسراوە، زۆرترین پردی هەڵواسراوی لێیە کە ژمارەیان نزیکەی ٣٠هەزار پردە و لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەدا دروست کراون، هەربۆیەش نیوەی ١٠٠ پردە هەرە بەرزەکەی جیهان دەکەونە ئەم پارێزگایەوە، لەنێویشیاندا سێ پردی هەرە بەرزی جیهانی تێدایە.

