كارزان گلی – ههولێر
بڕیارە لە ١٢ی ئەم مانگەدا، جەهەپە كە گەورەترین ئۆپۆزسۆیۆنی توركیایە، لە دەرەوەی توركیا میتینگێكی گەورە ئەنجام بدات و لەوێ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، بەڵام پارتی دەسەڵات، كە ئاكەپەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەكاتەوە.
جەهەپە، لە ١٢ی ئەم مانگە لە برۆكسل میتینگێكی گەورە ئەنجام دەدات، لەو میتینگەدا داوا دەكات توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە گوتی: ”میللەت شەرعییەتی بەئێمە داوە بۆ پێنج ساڵ، بۆیە تا ئەو پێنج ساڵە بەكۆتا نەیەت توركیا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.“
جەهەپە، فشارێكی زۆری لەسەرە، بەربژێرەكەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، دەستگیر كراوە، جیا لەویش زیاتر لە ١٠ سەرۆك شارەوانییان قەیوم كراوە و بەشێكیشیان دەستگیر كراون. دەنگۆ هەیە، شارەوانیی ئەنكەرا قەیوم بكرێت و مەنسوور یاڤاش، بە تۆمەتی بەفیرۆدانی سامانی وڵات دەستگیر بكرێت، بۆیە جەهەپە دەیەوێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەمەش كورسی سەرۆكایەتیی لە ئەردۆغان وەربگرن.
دەزگاكانی راپرسی لە توركیا بڵاویان كردووەتەوە، دەنگی ئاكەپە كەمی كردووە، بەڵام جەهەپە لە هەڵكشانە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، لە پەرلەمان ئاكەپە و مەهەپە زۆرینە لەدەست دەدەن، هەروەها ئەردۆغانیش ناتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بباتەوە.
بەڵام ئەگەر كورد پشتگیریی لە ئەردۆغان بكات، ئەوكات هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەردا دێت، چونكە دەنگی كورد یەكلاكەرەوەیە و زیاترە لە شەش ملیۆن دەنگدەر.
دەم پارتی چی دەڵێت لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە
بەر لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، دەم پارتی هەمیشە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەكرد و دەیانگوت ئێمە ئامادەین، بەڵام ئاوازی دەم پارتی دوای پرۆسەی ئاشتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەوان چاوەڕێی فەرمانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە دەكەن.
لە مانگی ١١ی ئەمساڵ، دەم پارتی دەچێتە ناو كۆنگرەوە، لەوێ ناوی پارت و هەروەها هاوسەرۆكان و ئەندامانی سەركردایەتی گۆڕانیان بەسەردا دێت و هەموو ئەو گۆڕانكارییانەش لەژیر چاودێری و بڕیاری ئۆجەلان دەبێت، بۆیە لە كۆنگرەدا خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكلایی دەكەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، ئۆجەلان پێی باشە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، دەم پارتی پشتگیریی لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات، بەڵكوو روو لە دەسەڵات بكەن و پشتگیریی لە ئەردۆغان بكەن، چونكە ناكرێت لەناو پەرلەمانی توركیا دەست بخەنە ناو دەستی ئاكەپە و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دژایەتی بكەن و بە دكتاتۆر ناوی ببەن.
ئاكەپە و مەهەپە، هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەوێت، بەڵام لە مانگی شەشی ٢٠٢٨، واتە سێ مانگ بەر لە وادەی ئاسایی هەڵبژاردن، تا لەو رێگەیەوە بتوانن ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بۆی هەیە دوو خول ببێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئەردۆغان دوو خوولی تەواو كردووە، بۆ خوولی سێیەم، یان دەبێت دەستوور هەموار بكاتەوە، كە ئەمە ئەستەمە و دەنگی پێویستیان لەناو پەرلەمان نییە، یان چەند مانگێك بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پەرلەمان هەڵوەشێتەوە، ئەوكات ئەردۆغان بۆی هەیە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر.

