رۆژنامەی ھەولێر

رۆژئاوای كوردستان گرێكوێرەی پرسی چارەسەری كورد لە توركیا

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لە ٢٠١٣، كاتێك پرسی چارەسەری كوردی هاتە بەرباس و بە گڕووتینێكی گەورە قسەی لەسەر كرا، یەكێك لە هۆكارەكانی تێكچوونی ئەو پرسە و خستنە ناو سەلاجەوە، پرسی كورد بوو لە رۆژئاوای كوردستان، ئەوكات توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە بوو و هەڕەشەی هێرشكردنی دەكرد، بۆیە پرسەكە هەڵگیرا، ترس هەیە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.

توركیا پێیوایە هەسەدە، درێژكراوەی پەكەكەیە لە سووریا، بۆیە بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە و خستویەتییە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا ناكات.
راستە لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنێك دروست بووە لە ٥١ ئەندام و تاوەكوو ئێستا ١٢ كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك، تەنانەت ئاكەپە و دەم پارتی، دانی پیدا دەنێن، پڕۆسەكە سستی پێوە دیارە.
توركیا هانی حكوومەتی راگوزەری سووریا دەدات، تا فشار بخاتە سەر هەسەدە بۆ ئەوەی بچنە ناو سوپای سووریا، واتە بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری. ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا، بەڕوونی گوتی ”ئەگەر تا كۆتایی ساڵ، هەسەدە رێككەوتنی ١٠ی ٣ جێبەجێ نەكات، ئەگەر زۆرە توركیا هیرشی بكاتە سەر.“
رێككەوتنی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥، لە نێوان مەزڵووم عەبدی، سەرۆكی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا ئیمزا كرا و لە هەشت مادە پێكهاتبوو، یەكیك لە ماددەكان ئەوەبوو، هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا.
ئاوازی هەسەدە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەمەش دوای ئەو دوو كۆمەڵكووژییەی سوپای سووریا لە رەققە و سوەیدا ئەنجامیدا دژی عەلەوییەكان و دوورزییەكان.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای هەسەدە ئاماژەی دا، حكوومەتی سووریا دەریخست بەیەك چاو سەیری پێكهاتەكان ناكات، بۆیە لەم كاتەدا هەسەدە چەك دابنێت مەحاڵە.
توركیا لەرێگەی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، پەیامی بۆ هەسەدە ناردووە و دەڵێن، پەیامەكەی ٢٧ی ٢ی عەبدوڵا ئۆجەلان روونە، داوا لە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانە دەكات كە سەر بە پەكەكەن چەك دابنێن، ئەمە هەسەدەش دەگرێتەوە، بۆیە دەبێت چەك دابنێن.
محەممەد جۆلانی برای ئۆجەلان، دوای گەڕانەوەی لە ئیمیڕاڵی و بینینی ئۆجەلان گوتی: ”ئۆجەلان گوتویەتی لەم قوناغەدا نابێت هەسەدە چەك دابنێت.“
داواكاری هەسەدە گۆڕاوە و داوا دەكەن، سووریا ببێتە لامەركەزی و رۆژئاوای كوردستان ببێتە فیدڕاڵی، هەروەها هێزی هەسەدە ناوچەی رۆژئاوای كوردستان بپارێزن، بەڵام ئاساییە سەر بە وەزارەتی بەرگری سووریا بن. بەڵام شەرع رەتی دەكاتەوە و لە وتارێكدا لە كۆوبونەوەی لووتكەی نەتەوەیەكگرتوەكان هێرشی كردە سەر هەسەدە و گوتی مانەوەی هەسەدە، مەترسییە بۆ سەر توركیا و سووریا و عێراق و داوای كرد بێنە ناو سوپای سووریا.
بەگوێرەی شڕۆڤەی بەشێك لە سیاسییەكانی توركیا، ناكرێت لە رۆژئاوای كوردستان چەك دژی هەسەدە هەڵگریت و بیانكووژیت، كەچی لە توركیا دەست بخەیتە ناو دەستی كورد، ئەمە سیاسەتێكی خراپە و قبوڵكراو نییە، دەبێت توركیا ستراتیژییەتی خۆی بەرامبەر بە هەسەدە بگۆڕێت.
ئەگەر بێت و لەبارەی ئاییندەی هەسەدە لە سووریا نەگەنە رێككەوتن و شەر بەرپا ببێت، سیناریۆی ٢٠١٥ دووبارە دەبێتەوە و كاریگەری لەسەر پرسی چارەسەری دەبێت، بەڵام نازانرێت پرسی چارەسەری ئەمجارە دەخرێتە ناو سەلاجەوە و هەركاتێك بیانەوێت دەریدەكەن، یان كۆتایی پێدەهێنن.