كارزان گلی – ههولێر
لە پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە و هەروەها ئەو كۆمیسیۆنەی لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ ئەو مەبەستە دروست بووە، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، فەرامۆش كراوە و بەهەموو شێوەیەك دەیانەوێت خۆری لە سیاسەتدا ئاوا بكەن، ئەوەیشی رۆڵی سەرەكی دەبینێت بۆ فەرامۆشكردنی دەمیرتاش، خودی عەبدوڵا ئۆجەلانە.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، لەسەر زاری ئەندامێكی شاندی ئیمیڕاڵی بڵاوكرایەوە، ئۆجەلان زۆر لە دەمیرتاش توڕەیە و گوتویەتی وەكوو پێویست نەیتوانیوە سیاسەت بكات، چونكە دژایەتی رەجەب تەییب ئەردۆغانی كردووە و ئەو گوتەیەی زۆر هەڵە بووە كاتێك بە ئەردۆغانی گوت: ”ناتكەین بە سەرۆك“، ئۆجەلان گوتویەتی كێ دەبێتە سەرۆك كێشەی من نییە، ئەوەی گرنگە ئەو ئامانجەیە كە سیاسەتی بۆ دەكەم، بۆیە دەمیرتاش هەڵەی كردووە.
با بگەڕێینەوە بۆ ٢٠١٩ و هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، لە گەڕی یەكەمدا توانی بە جیاوازی ٨ هەزار دەنگ بەپێش بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە بكەوێت، بەڵام لەسەر داوای ئاكەپە، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە. ئۆجەلان، لە رێگەی محەممەدی برایەوە پەیامێكی بۆ كوردانی ئیستانبۆڵ بڵاكردەوە و گوتی ”بێلایەن بن“، ئەمە راستەوخۆ پشتگیریكردن بوو لە بیناڵی یڵدرم، چونكە ئەگەر كورد دەنگی بە ئیمامئۆغڵو نەدایە، ئەنجام لە بەرژەوەندی یڵدرم دەبوو. دەمیرتاش، پێچەوانەی ئۆجەلان لێداوانیدا و داوای لە كوردانی ئیستانبۆڵ كرد دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن و هەرواش بوو، واتە دەنگدەری كورد بەگوێی دەمیرتاشی كرد، ئەمەش ئۆجەلان و پەكەكەی زۆر نیگەران كرد.
لە ستراتیژییەتی پەكەكەدا جێگیر كراوە، سەرۆك چی بڵێت تەواوە و دەبێت هەموو بەدوای بكەون، بەڵام دەمیرتاش دوای نەكەوت و پێچەوانەی ئەو سیاسەتی كرد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، ئەمەش قبوڵكراو نییە.
چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، دەمیرتاش لە زیندانەوە دیمانەیەكی بۆ یەكێك لە میدیاكانی جیهانی كرد و لێیان پرسی لەی پەشیمانیت؟ لەوەرامدا گوتی: ”پەشیمانم لەوەی لە میتینكێكدا گوتبووم، پەیكەر بۆ ئۆجەلان دروست دەكەین.“
ئەم گوتەیەی دەمیرتاش، لەلای پەكەكە وەكوو كوفرێكی گەورە لێكدرایەوە، بۆیە لە میدیاكانی خۆیانەوە هێرشی زۆر توندیان كردە سەری و وەكوو خاین و پیاوی ئەردۆغان ناویان هێنا و لەوكاتەوەش خۆری دەمیرتاش، لەلای پەكەكە ئاوا بوو. بەڵام دەبێت باس لەوەش بكەین، ئەردۆغان لە وتارێكدا لەبارەی دەمیرتاشەوە گوتی: ”دەمیرتاش باجی ئۆجەلان دەدات لە زیندانە“، ئەمە بەڕوونی پێمانی گوت، ئۆجەلان دەستێكی باڵای هەیە لەوەی دەمیرتاش لە زینداندا بمێنێتەوە و ناكۆكی نێوانیان ئیدی ناشاردرێتەوە و تەنانەت ئەردۆغان بەدەنگی بەرز باسی دەكات.
بڕیارە دەم پارتی بچێتە ناو كۆنگرەوە، ئۆجەلان رۆڵێكی گەورەی دەبێت لەو كۆنگرەیە و بۆ خۆی هاوسەرۆك و ئەو كەسانە دەستنیشان دەكات كە دەبنە ئەندامی سەركردایەتی، هەر بۆ خۆشی پەیڕەو و پروگرانی دەم پارتی دەنووسێتەوە، لەوێدا دەمیرتاش هیچ رۆڵێكی نابێت و بەئەنقەست كۆتایی بەژیانی سیاسی دەهێنن، هۆكارەكەشی هەڵبژاردنی ٢٠١٩ و ئەو گوتەیەیە كە پەشیمانی دەربڕیبوو گوتبووی ”پەیكەر بۆ ئۆجەلان دروست دەكەم.“
ئەوەی گرنگە، ئایە دەمیرتاش چۆك دادەدات بۆ ئۆجەلان و ئیدی لەماڵی خۆی دادەنیشێت و كاردانەوەی نابێت؟ یاخود پارتێكی تر دروست دەكات و ركابەری دەم پارتی دەكات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوكات دەدرێتەوە، كە دەمیرتاش ئازاد بكرێت، ئێستا هەر شتێك لەبارەی دەمیرتاشەوە بوترێت دروست نییە.

