رۆژنامەی ھەولێر

ئەردۆغان: پێویستە هەسەدە بچێتە ناو سوپای سووریاوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئیسلامی لە قەتەر، لەناو فڕۆكەدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی ئاییندەی هەسەدە لە سووریا گوتی: ”پێویستە هەسەدە بچێتە ناو سوپای سووریا.“

ئەردۆغان، لەبارەی هەسەدەوە دەڵێت: ”وەكوو توركیا ئارەزووی ئەوە دەكەین، برایەتی و یەكێتی لە سووریا بێتە بوون و ئاشتیەکی بەردەوام هەبێت؛ جا ئێمە لەگەڵ گەلی سووریا دەبین و جێیان ناهێڵین. کە لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا كۆ بووینەوە و، هەرباسی ئەو یەكێتی و برایەتییە كرا، بۆیە لەبارەی هەسەدەوە پەیامی ئێمە روون و دیارە، دەبێت بچنەوە ناو سوپای سووریا، ئەمەش دەبێتە خاڵێكی گرنگ بۆ یەكپارچەیی خاكی سووریا.“
ئەردۆغان، لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی دا، جاروبار ئیسرائیل دەیەوێت بارودۆخی سووریا تێك بدات و ئاژاوە دەنێتەوە و لایەنەكان دەورووژێنێت، بەڵام هەر نەیتوانیوە یەكپارچەیی خاكی سووریا تێك بدات؛ ئێمەی توركیا پشتی سووریا دەگرین.
گوتیشی: ”ئێمە وەكوو توركیا لەگەڵ هەموو گەلی سووریاداین بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بۆیە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگرییەوە كاری باش كراوە و دڵنیام سووریا دەیباتەوە و توركیاش سوود لەو سەركەوتنە وەردەگرێت.“
بەڵام چەند شرۆڤەكارێكی سیاسی پێیان وایە، توركیا نایەوێت لە سووریای تازەدا كورد هیچ رۆڵێكی هەبێت و دەیانەوێت بێهێز بن و هەروەها شتێك نەمێنێت بە ناوی رۆژئاوای كوردستان و هەموو وڵاتی سووریا لەلایەن سوپای سووریاوە بەڕێوە ببرێت.
چەند میدیایەكی توركیا و سەر بە ئاكەپە باس لەوە دەكەن، ئەگەر بێت و هەسەدە نەچێتە ناو سوپای سووریا و نەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری، حكوومەتی كاتی سووریا خۆی ئامادە دەكات تا هێرشێكی بەرفراوان بكاتە سەر هەسەدە و رۆژئاوای كوردستان.
رۆژنامەی (یەنی شەفەق)، كە سەر بە ئاكەپەیە، باس لەوە دەكات هەسەدە بەهەموو شێوەیەك رەتی كردووەتەوە، رێككەوتنی ١٠ی٣ی ٢٠٢٥ لەگەڵ ئەحمەد شەرع جێبەجێ بكات، ئەمەش گرژییەكان زیاتر دەكات.
رۆژنامەكە دەڵێت: ”دوای ئەو هێرشەی لەلایەن ئیسرائیلەوە كرایە سەر دۆحەی پایتەختی قەتەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی لێ بێدەنگ کرد و هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو، ئەمەش بوێری داوەتە هەسەدە، كە سووریا پشتگوێ بخات.“
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، لە بودجەی بەرگری ٢٠٢٦دا، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هەسەدە داناوە، ئەمەش لە میدیاكانی توركیا دەنگی دایەوە و باسیان لەوە كرد، ئەمریكا پشت لە هەسەدە ناكات، بۆیە دەبێت توركیا رێگەی تر بدۆزێتەوە بۆ لەناوبردنی هەسەدە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان لە بەرنامەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی نەتەوە یەكگرتوەكاندا، لەگەڵ ترەمپ كۆ ببێتەوە و باس لە ئاییندەی هەسەدە بكەن و داوای لێ دەكات پشت لە هەسەدە بكات و هەروەها فشار بكاتە سەر هەسەدە تا بچێتە ناو سوپای سووریا.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە، داوا دەكات لە سووریای تازەدا سیستەمی لامەركەزی جێبەجێ بكرێت، واتە رۆژئاوای كوردستان لامەركەزی بێت، بەمەش سووریا لەدابەشبوون دەپارێزن و لامەركەزی باشترین سیستەمە بۆ سووریای تازە.