كارزان گلی – ههولێر
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، دووچاری فشارێكی گەورە بووەتەوە لە توركیا، فشارەكەش لە رێگەی دادگاوەیە، واتە لە رێگەی دادگاوە ئەو پارتە سەرەتا پەرتەوازە دەكەن و پاشان بەرەو بچووكبوونەوەی دەبەن. سەرەتاش لە قەیوومكردنی شارەوانییەكانی جەهەپەوە دەستیان پێ كرد، ئێستاش ئەگەر زۆرە كۆنگرەکەی ساڵی ٢٠٢٣ـی جەهەپە، هەڵوەشێننەوە، بەمەش ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی پارت نامێنێت و كەمال كلیچدارئۆغڵو دەبێتەوە بە سەرۆكی پارت.
بەر لەوەی شارەوانییەكانی جەهەپە قەیوم بكرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماریی توركیا گوتی: ”ئەوەی لە شارەوانییەكانی جەهەپە رووی داوە، مایەی شەرمەزارییە و ئێمە دەستوەستان نابین و رێگەی یاسایی دەگرینە بەر.“
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت، كە گەورەترین ناوچەی ئیستانبۆڵە قەیوم كرا و پاشان ئۆزەریش خرایە زیندانەوە، بە تۆمەتی ئەوەی بەنهێنی كاری بۆ پەكەكە كردووە و هەروەها گەندەڵیشی لە شارەوانییەكەیدا كردووە، پاشان ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بەهەمان تۆمەت دەستگیر كرا و بەدوای ئەویشدا زیاتر لە چوار شارەوانی تری جەهەپە قەیوم كرا.
لە كۆنگرەکەی ٢٠٢٣، كەمال كلیچدارئۆغڵو، وەكوو سەرۆك هەڵنەبژێردرایەوە، لە شوێنی ئەو ئۆزگوور ئۆزەل بووە سەرۆك، ئەوكات ئیمامئۆغڵو رۆڵی گەورەی هەبوو تا كلیچدارئۆغڵو لا بدات و ئۆزەل بخاتە شوێنی، بەڵام كلیچدارئۆغڵو و بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی، رەخنەیان لە ئەنجامی كۆنگرە گرت و گوتیان ساختەكاری كراوە، لێرەوە بوو كە جەهەپە بووە دوو كەرتەوە و بەشێكیان چوونە پاڵ كلیچدارئۆغڵو، بەڵام بنكەی جەماوەری جەهەپە، لەگەڵ ئیمامئۆغڵو و ئۆزەلدا بوون، بۆیە لە یەكەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردندا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، جەهەپە گەورەترین سەركەوتنی تۆمار كرد و لە كۆی ١٥ گەورە شارەوانی، سێانزە (سێزدە)یانی بردەوە، هەروەها بۆ یەكەم جار بوو دوای ٤٠ ساڵ، لە توركیا ببێتە پارتی یەكەم و ٣٧٪ـی دەنگەكانی بەدەست هێنا.
دوای ٢ ساڵ لە كۆنگرە، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، دادگای باڵای توركیا، ئەنجامی كۆنگرەی لقی جەهەپەی لە ئیستانبۆڵ هەڵوەشاندەوە، ئەویش دوای ئەوەی گورسول تەكین، داوای یاسایی تۆمار كردبوو، كە لە كلیچدارئۆغڵو نزیكە و بەڵگەی پێشكەش كردبوو بەوەی ساختەكاری كراوە و پارە دابەش كراوە. ئەمە جەهەپەی نیگەران كرد، بۆیە زیاتر لە ١٠٠هەزار لایەنگری جەهەپە چوونە بەردەم لقی جەهەپە لە ئیستانبۆڵ و گوتیان نایەڵێن تەكین بێتە ژوورەوە و وەكوو سەرۆكی لق دەستبەكار بێت، چونكە ئۆزگوور چەلیك، كە لە ئیمامئووغڵووەوە نزیكە، لە كۆنگرەدا دەنگی پێویستی هێناوە و بەلادانی كودەتای بەسەردا دەكەن. گرژییەكی زۆر هەڵگیرسا و، بە هەزاران پۆلیس رژانە سەر شەقام و رێگەیان لە خۆپیشاندان گرت، بەڵام خەڵكەكە هەر هاتنە سەر شەقام و بڕیاری دادگایان پڕۆتستۆ كرد بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی كۆنگرەی لقی جەهەپە لە ٢٠٢٣.
چەند پەرلەمانتارێكی نزیك لە كلیچدارئۆغڵو، دوای كۆنگرەی گشتی جەهەپە لە ٢٠٢٣، بەهەمان شێوە داوای یاسایییان تۆمار كرد و گوتیان ساختەكاری كراوە، بڕیارە لە ١٥ی ئەیلوول، دادگای بڕیاری كۆتایی بدات، ئەگەرەكان بۆ ئەوەن بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی گشتی جەهەپە بدات، ئەگەر ئەوە روو بدات، كەمال كلیچدارئۆغڵو، دەبێتەوە بە سەرۆك تا كۆنگرەیەكی تر ئەنجام دەدەن.
كلیچدارئۆغڵو، قبوڵكراو نییە لای جەماوەری جەهەپە، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، هەڕەشە دەكات و دەڵێت ئەگەر كۆنگرە هەڵوەشێننەوە، شەقام دەجولێنن و نایەڵن كلیچدارئۆغڵو لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی دابنیشێت، جیا لەوەش بڕیاریاندا لە ٢١ی ئەیلوول كۆنگرەی ٣٩ ببەستن، بۆیە ئۆزەل گوتی ”ئەوەی وەكوو قەیوم ببێتە سەرۆكی جەهەپە، تەنیا شەش رۆژ سەرۆكە و پاشان كۆنگرە دەبەستین.“
جەهەپە، فشارێكی زۆری لەسەرە، بەتایبەت فشارەكان یاسایین و لە رێگەی دادگاوە دەكرێت، ئەگەر نەتوانن بەسەریدا زاڵ بن، پارتەكە پەرت دەبێت و سەركردەكانیان دەبنە دوو بەرە و دوور نییە ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل، لە ئەگەری دوورخستنەوەیان، پارتێكی تر دامەزرێنن.

