كارزان گلی – ههولێر
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، تاوەكوو ئێستا گەرموگوڕ نەهاتووەتە پێشەوە بۆ ئەو پرۆسە ئاشتییەی لە نێوان حكوومەت و ئیمرالی دروست بووە، ئەوان بە گومانن لە پرۆسەكە و پێیان وایە دەسەڵات، بۆ پارێزگاریكردن لە خۆی ئەو پرسەی هێناوەتە بەرباس و نایانەوێت پرسی كورد چارەسەر بكرێت.
دوای ئەوەی، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، رێکەوتی ٢٧/٢/٢٠٢٥ داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە کردەوە هەنگاوی نا و گەیشتە ئەوەی لەناو پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنێكی بۆ دروست بكەن كە لە ٥١ پەرلەمانتاری پارتە سیاسییەكان پێك هاتووە. جەهەپە، لەو كۆمیسیۆنەدا ١٠ ئەندامی هەیە، بەڵام پارتی خاس، رەتی كردەوە بەشداری ئەو كۆمیسیۆنە بكات.
جەهەپە، لە رێگەی میدیاكانی خۆیانەوە، بە گرنگەوە باس لە پرۆسەی ئاشتی ناكەن، تەنانەت تانەی لێ دەدەن و دەڵێن، پرسی كورد بەو شێوەیە ناچێتە پێشەوە كە لەناو پەرلەمان قسەی لەسەر دەكرێت. هەروەها بە ڕوونی و وەكوو هەڕەشەیەك بۆ ئاكەپە و مەهەپە، دەڵێن بەهیچ شێوەیەك نابێت مادەكانی ١ تا ٣ی دەستووری توركیا دەستكاری بكرێت، چونكە لەو مادانەدا باس لەوە كراوە، تەنیا زمانی توركیا ناسێنراوە و هەروەها تەنیا نەتەوەی تورك ناسێنراوە و سیستەمی سیكۆلاریش وەكوو بنەمایەك بۆ كۆماری توركیا دانراوە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا لە ١ی ئەیلوول، پەیامێكی بڵاو كردەوە و لەوێدا گومان و ترسەكانی خۆی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەربڕیوە.
ئیمامئۆغڵو دەنووسێت: ”لە توركیا ئاشتیی سیاسی، لەلایەن دەسەڵاتەوە، لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاری دەهێنن، بۆیە گەیشتووەتە خاڵێكی زۆر خراپ لە مێژووی توركیادا. ئەو كۆمسیۆنەی لەناو پەرلەمان دروست بووە بۆ پرسی كورد كە ساڵانێكە هەیە، رەنگە هەنگاوی ئەرێنی هەبێت، بەڵام دەسەڵات لەگەڵ ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا نییە و ئیرادەی ئەوەی نییە ئاشتی سیاسییش بێنێتە بوون. ئەم پرسە بۆ پارێزگاریكردن لە كورسیەکەی خۆیان بەكار دەهێنن.“
پێشتر جەهەپە لەگەڵ ئەوەدا بوو، پرسی كورد لە توركیا لە رێگەی پەرلەمانەوە چارەسەر بكرێت، تەنانەت كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە دەیگوت، نەخشەڕێگەیان بۆ چارەسەری پرسی كورد هەیە، بەڵام دەبێت لەناو پەرلەمانەوە بێت. بەڵام لەم پرۆسەیەی ئاكەپە و مەهەپە دەستیان داوەتێ بەگومانە و ترسە گەورەكەشیان ئەوەیە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رێككەوتنێك لە نێوان كورد و ئاكەپە و مەهەپە دروست ببێت و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە بەربژێری هاوپەمانیی (كۆماری) بدەن، كە ئەردۆغانە.
وەكوو ئەوەی شرۆڤەكارانی سیاسی باسی دەكەن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، پلانی هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەم پارتی بكەوێتە رێككەوتن بەوەی دەنگی پێ بدەن، چونكە تاكە رێگە بۆ ئەردۆغان تا ببێتەوە بەبەربژێر و سەركۆماریی توركیا، دەنگی كوردە و بەتایبەت دەم پارتی، بۆیە پرۆسەی ئاشتیی هێناوەتە بەرباس و لیژنەی لەناو پەرلەمان بۆ دروست كردووە.
دەم پارتی و ئۆجەلان خۆیشی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەت جەهەپە، پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی نەكەن و رۆڵیان پێ نەدرێت، پرۆسەكە ناگاتە ئەنجام، تاوەكوو ئێستاش جەهەپە وەكوو پێویست نەهاتووەتە پێشەوە، بەڵكوو رەخنە لەو پرۆسەیە دەگرێت و تازەترین هەڵوێستیشیان لە رێگەی ئیمامئۆغڵووەوە بوو، كە بەئاشكرا دەڵێت، دەسەڵات بۆ پارێزگاری لە كورسیەکەی خۆیان دەستیان داوەتە پرسی چارەسەریی كورد.
ئیمامئۆغڵو دەڵێت ”ئاشتی خەیاڵێكی دوور نییە، بەڵكوو ئامانجێكە بە بوێری و بڕیاردان و ئیرادەی گەل راستییەكان دەبینن.“

