كارزان گلی – ههولێر
خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نەتەوەیی لیبیای و بەشێكی زۆری خاكی لیبیای لەژێر دەستدایە، لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی ئەنكەرا دەكات و لە لایەن هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا پێشوازی لێدەكرێت.
دوای رووخانی رژێمی موعەمەر قەزافی، حەفتەر بە هێزێكی زۆرەوە رووبەڕووی حكوومەتی تازە بوەوە و توانی بەشێكی زۆری خاكی لیبیا بخاتە ژێر ركێفی خۆی. توركیا دژایەتی خۆی بۆ حەفتەر راگەیاند و لەڕووی سەربازییەوە پشتگیریی لە حكوومەتی ناوەندی لیبیا كرد، بەڵام نەیانتوانی حەفتەر لەناو ببەن، بۆیە دەیانەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ببەستن و چەند رێككەوتنێكی ئابووریشی لەگەڵدا ئیمزا بكەن.
ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا رایگەیاند، بینینی حەفتەر پارچەیەكە لەو پەیوەندییە دیبلۆماسییەی كە توركیا بەنیازە لەگەڵ لیبیا ئەنجامی بدات. هەروەها كاڵن پشتڕاستی كردەوە حەفتەریان داوەتی ئەنكەرا كردووە و لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە باشتركردنی پەیوەندییەكانیان دەكەن و هەروەها رێككەوتنی توركیا و لیبیاش لەبارەی دەریای سپی ناوەڕاست زیندوو دەكەنەوە.
دەزگای لێكۆڵینەوەی (TRT) بەشی ئینگلیزی، لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەبارەی پەیوەندی نێوان توركیا و حەفتەر كردووە و ئاشكرای دەكات، ئیبراهیم كاڵن چووەتە لیبیا و لە شاری بەنغازی چاوی بە حەفتەر كەوتووە، كە فەرماندەی سوپای نەتەوەیی لیبیایە و بەشێكی زۆری خاكی لیبیای لەژێر دەستدایە.
كاڵن لەو كۆبوونەوەیەدا باسی لە گرنگی پەیوەندی نێوان توركیا و لیبیا كردووە و گوتویەتی هەموو ئەكتەرە گرنگەكان بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی بتوانن لەرێگەی كەناڵی دیبلۆماسییەوە پەیوەندییان لەگەڵ حەفتەر بەهێز بكەن.
ئەم چاوپێكەوتنەی كاڵن و حەفتەر، دوای كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان توركیا و ئیتاڵیا و لیبیا روویدا، هەرسێ وڵات لەبارەی وزە و كۆچبەران چەندین پێشنیار و رێككەوتنیان ئیمزا كرد. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن ئەو رێككەوتنانە بكەنە كردار، دەبێت لەڕووی ئاساییشەوە لیبیا بەرقەرار بێت و حەفتەریش بەهۆی ئەوەی خاكێكی زۆری لیبیای لەژێر دەستە، بۆیە دەبێت پەیوەندیی لەگەڵ ئاسایی بكەنەوە و بەفەرمی بیناسێنن.
لە ٢٠١٩، لیبیا و توركیا رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، كە بتوانن لە دەریای سپی ناوەڕاست هایدرۆكاربۆن دەربكەن، چوونكە دەریای سپی ناوەڕاست لە لیبیا بەكاربۆهیدرات دەوڵەمەندە، بەڵام حەفتەر نەیهێشت رێككەوتنەكە بچێتە واری جێبەجێكردن و هەڕەشەی كرد كە بەهێز رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی توركیا و حەفتەر، ئەو رێككەوتنە زیندوو دەكرێتەوە و هۆكارە سەرەكییەكەش بۆ توركیا هەر ئەو رێككەوتنەیە.
ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاوی كردووەتەوە، توركیا لە یەك كاتدا پەیوەندیی لەگەڵ تەڕابلووس و
بەنغازیدا دەبەستێت و لەگەڵ هەردوولا پەیوەندییەكانی ئاسایی دەكاتەوە، چوونكە تەنیا بەو رێگەیە دەتوانێت ئاساییشی لیبیا بەرقەرار بێت و هەروەها رێككەوتنە ئابوورییەكانی بكاتە كردار و سوود لە دەریای سپی ناوەڕاست ببینن، جیا لەوەش توركیا دەیەوێت لە لیبیاشدا بوونی هەبێت لەڕووی ئابووریی و سەربازیدا.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، لە چی كاتێكدا حەفتەر دێتە ئەنكەرا، بەڵام میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە دەڵێن سەردانەكە لەنزیكترین كاتدا روو دەدات.

